هاوكارییەكانی کەرکوک بەرێکەوتن بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان

هاوكارییەكانی شاری کەركوك بۆ ڕۆژئاوا ڕادەستی مانگی سوری كوردی دەکرێت بە مەبەستی گەیاندنی بۆ رۆژئاوای کوردستان

ئەمرۆ ئەنجومەنی كامپینی 'لە کەرکوکەوە بۆ رۆژئاوا' بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، هاوكارییەكانی هاوڵاتیانی کەرکوکیان ڕادەستی مانگی سوری كوردی کرد.

ئەمڕۆ لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک ئەنجومەنی كامپینی 'لە کەرکوکەوە بۆ رۆژئاوا' لە ژێر دروشمی "كەركوك بۆ ڕۆژئاوا لەسەر پێیە" کۆنگرەیەکی رۆژنامەونیان بەست دەربارەی ئاماری كۆتایی كۆكردنەوەی هاوكارییەكانی کامپینەکە.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ڕێباز سەباح، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کامپینەکە دەربارەی کامپینەکە ڕایگەیاند: "لە ڕوانگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خوشك براكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان،ئێمە وەکو كۆمەڵێك گەنجی شاری کەرکوک هەستاین بە كردنەوەی كامپینێك بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای ووڵات، کە كەمپەینەكە چەندین ڕێكخراو و گروپ و تیپی هونەری مامۆستای ئاینی لەخۆ گرتبوو، ١٠ ڕۆژ بەردەوام بوو."

هەروەها دەربارەی ئاماری کۆتایی کامپینەکە رێباز سەباح ڕایگەیاند: "كامپینی 'لە كەركوكەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان' ئەمڕۆ هاوكارییەكانی دەگەینێتە  دەست مانگی سوری كوردی لە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی لە ڕێگای مانگی سوری کوردیەوە هاوكارییەكان بگاتە ڕۆژئاوا،

لە كەمپینەکەدا توانیمان زیاتر لە حەوت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەوەرە پێداویستی گرنگ كۆبكەینەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی كەمپینەكەدا كە بریتیبوون لە جل و

بەرگ و خۆراك و سۆپا و جێگاوبان و كۆمەڵێك ئامێری پزیشكی و بڕێكی زۆر لە دەرمان و چارەسەری پزیشكی."

هەروەها دەربارەی بری پارەی کۆکراوە بۆ رۆژئاوای کوردستان لە ماوەی ١٠ رۆژی کامپینەکە رێباز سەباح ڕایگەیاند: " بڕی پارەی کۆکراوە لە کەمپەینەکەدا بریتیبوو لە ١٧ملیۆن و ٣٦١ هەزار دینار كۆكراوەتەوە و خۆشبەختانە خەڵكی شاری كەركوك بە پەرۆشەوە هاوكار بوون لە پێدانی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان."