هاووڵاتیانی چەمچەمال و تەقتەق بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا گردبوونەوە

هاوشێوەی زۆرینەی شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان،هاووڵاتیانی شارۆچکەی چەمچەمال و شارەدێی تەقتەق بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان، گردبوونەوە و چالاکی-یان ئەنجامدا.

چالاکی و خۆپێشاندانی جەماوەری ئەمرۆ لە ڕۆژی جیهانی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان  لە باشوری کوردستان بەرێوە چوون، لە چوارچیوەی ئەو چالاکیانە ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی گشتی شارۆچکەی چەمچەمال، گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، وە لەهەمان کاتدا تەنیشت مۆنۆمێنتی شەهیدان لە شارەدێی تەقتەق چالاکی گردبوونەوە بۆ هەمان مەبەست ئەنجامدرا.

هاووڵاتیانی چەمچەمال و تەقتەق پشتگیری خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بە دروشمەکانی (بژی بەرخودانی ڕۆژئاوا)، (بژی یەکریزی گەلی کورد)و(سەرشۆری بۆ ئەردۆغان)

(بژی تێكۆشانی ژنانی ئازادیخواز)و(بژی یەكێتی نەتەوەیی) .

لە گردبوونەوەکەدا لەلایەن هێرۆ شەریف عزیز ئەندامی ریکخراوی ژنانی ئازادی خوازی کوردستان و یەکێک لە ڕێکخەرانی چالاکییەکە بەیاننامەی هاووڵاتیانی بەشداربووی گردبوونەوەکە خوێندرایەوە لەژێر دروشمی شۆرشی رۆژئاوا شۆرشی ژنە، ژنانیش لە پشتیوانیدا پێشەنگن و تێیدا هاتبوو: " پیرۆزبایی تەواوی سەركەوتنەكانی گەلەكەمان دەكەین لە رۆژئاوای كوردوستان. زۆر بەتوندی ئیدانەی تەواوی هێرشەكانی حكومەتی توركیای فاشیست دەكەین بۆ سەر تەواوی كوردستان، بەتایبەت هێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان. بەبۆنەی رۆژی پشتیوانی جیهانی بۆ رۆژئاوای كوردستان پیرۆزبایی لە هەڵوێستی دیموكراتی و نیشتیمانپەروەرانەی تەواوی كوردستانییان لە هەموو لایەكی جیهان دەكەین، بەتایبەتی هەڵوێستی رادیكاڵ و بوێرانەی جەماوەری باشووری كوردستان دژ بەداگیركەری توركیا."

هەروەها هێرۆ شەریف عەزیز ووتی: "بێ گوومان ئەم بەرخودانییە لە پێشەنگایەتی ژناندا بەڕێوەدەچێت. بەشداریكردنی ژنان لە هەموو سەنگەرەكانی تێكۆشاندا بەواتای هەڵوەشانەوەی تەواوی زهنیەتە پیاوسالار و داگیركار و فاشیزم و نەتەوەپەرستەكانە. واتا ئەوەی بەتوندی زەربەی لە داگیركاری داوە بەشداری كارایانەی ژنانە، هەر بۆیە هێرشی دڕندانەی سوپای داگیركەرانەی توركیا لە بەرامبەر شەرڤانی ژن زۆر هۆڤانەیە."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "نهێنی سەركەوتنەكانی رۆژئاوای كوردستان سەركەوتنی تێكۆشانی ژنانە لە هەموو سەنگەرەكاندا. وەك جەماوەری باشووری كوردستان لە رۆژانی رابردوودا لە پێشەنگایەتی ژناندا پشگیرییەكی زۆر بێ وێنەی پێشخست لە بەشداریكردنی بەرخودانییەكان و پێشوازی دایكانی شەهید لە باشووری كوردستاندا، ستایشی رێز لێنانە لە هەڵوێستی نیشتیمانپەروەری و بوێریدا. دیسان بەشداری ئاكتیڤانەی گەلەكەمان لە هاوكاری كۆكردنەوە و بایكۆتكردنی كاڵای توركی هەڵوێستێكی تری شكۆداری جەماوەری باشووری كوردستانە. ئێمە وەك رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان پێمان وایە دەبێت ئێمەی ژنان ئاكتیڤتر و كاراتربین، چونكە خاوەندارێتی لە شۆرشی رۆژئاوا خاوەندارێتی كردنە لە دەستكەوتی ئازادی ژنان."

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتبوو: "زۆر بە گرنگی دەزانین كە لەم كاتەدا تەواوی فشارەكانمان بۆ دەركردنی بنكە و بارەگا سەربازی و سیخورییەكانی حكومەتی توركیا بێـت لە باشووری كوردستان. داوا لە هەموو هێزی نێودەوڵەتی بكەین كە هێڵی ئاسمانی دژەفرین لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان دروست بكرێت دژ بەفڕینی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا، وە پێویستە بەزووترین كات كۆتایی بەداگیركاری سەربازی و ئابووری و كلتووری داگیركەری توركیا لەسەر باشووری كوردستان و هەموو كوردستان بهێنرێت."

ک-ش