هاوڵاتیانی كه‌ركووك ناڕازین لە دانانی دوو خاڵی گومرگی لە شارەکە
هاوڵاتیانی کەرکووک نیگەرانن لە دانانی دوو خاڵی گومرگی لە نێوان کەرکووک و هەرێمی كوردستان، ئەم خاڵە گومرگیانە بە هۆکار دەزانن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و کاڵاکان لە بازاڕەکان.
هاوڵاتیانی کەرکووک نیگەرانن لە دانانی دوو خاڵی گومرگی لە نێوان کەرکووک و هەرێمی كوردستان، ئەم خاڵە گومرگیانە بە هۆکار دەزانن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و کاڵاکان لە بازاڕەکان.
لە دوای دانانی دوو خاڵی گومرگی لە نێوان شاری کەرکووک و هەرێمی کوردستان، نرخی شمەک و کاڵاکان بە شێوەیەکی زۆر بەرز بووه‌ته‌وه. ئەمەش وایکردوە هەموو کەس توانای دابینكردنی پێداویستی ڕۆژانه‌ی ژیانی نەبێت.
محه‌مه‌د نوورەدین - هاوڵاتیی شاری کرکووک بە ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی گوت: «دانانی ئەم جۆرە گومرگانە کاریگەری نه‌رێنیی زۆری لەسەر خەڵک هەبووە، نرخی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان ئێستا دوو ئەوەندەی جارانه، خه‌ڵكی هه‌ژار ناتوانێت به‌م شێوه‌یه پێداویستییه‌كانی بكڕێت.»
ئه‌و هاوڵاتییه ده‌شڵێت، «یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان (یه‌نه‌كه) بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستا، چونکە ئەو دەسەڵاتداری یەکەمە لە کەرکووك و نیوەی کورسییەکانی ئەم شارەی به‌ده‌ستهێناوه. نازانم کەی لەسەر ئەم پرسە دێتە دەنگ و هەڵوێستی ده‌بێت.»
هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ی شاره‌كه به ناوی محەمەد عه‌بدولمه‌جید گوتی: «من وەکو هاوڵاتییه‌كی شاری کەرکووك نیگەرانم لەو نرخە زۆرەی خراوه‌ته سەر شمەك و کاڵاکان، وای لێهاتووە کە خه‌ڵك نەتوانێت هەموو پێداویستی ماڵ دابین بکات، بەرزبوونەوەی نرخی شمەک بە پلەی یەکەم کاریگەری لە چینی هەژار کردووە و بە پلەی دووه‌میش کاریگەری لە چینی مامناوه‌ند کردووە.»
یوسف شێرزاد كه دانیشتووی كه‌ركووكه له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: «دانانی ئەم گومرگە کاریگەرییه‌کی زۆری لەسەر ئێمەی هاوڵاتی دروستكردووه. نرخی شمه‌كه‌كان لە کەرکووك بە شێوەیەکی زۆر زیادی کردووە. ماقول نییە بارهەلگرێك دێت، حەوت هەزار دۆلار باج و گومرگیه‌تی. ئه‌مه کاریگه‌رییه‌كی زۆری لە سەر بازار دروست کردووە.»
s.m