ڕێكخستنی پارێزگه‌ی ئامه‌دی هه‌ده‌په ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانی ساز كرد. له كۆنفڕانسه ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا كه هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د فیلیز بوولووت ته‌كین و هاوسه‌رۆكانی ده‌به‌په (پارتی هه‌رێمه‌دیموكراتییه‌كان)ی ئامه‌د ئیبراهیم چیچه‌ك و ناشیده تۆپراك ئاماده بوون، گۆشه‌گیریی تووندی سه‌ر ئۆجالان ئیدانه كرا و سڵاو له چالاكییه‌كه‌ی په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په له‌یلا گیوڤه‌ن كرا كه دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان، له زیندان مانی له خواردن گرتووه.
فیلیز بوولووت ته‌كین هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د ڕایگه‌یاند: «گۆشه‌گیركردنی به‌ڕێز ئۆجالان پارچه‌یه‌كه له‌م شه‌ڕه‌ی سه‌رمایه‌داری كه به‌رده‌وام ئه‌نجامی ده‌دات. لێره‌وه سڵاو له چالاكییه‌كه‌ی له‌یلا گیوڤه‌ن ده‌كه‌م كه له زیندان مانگرتنی به‌رده‌وامی له خواردن ده‌ستپێكردووه.»
ناوبراو ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی شاره‌وانییه‌كان گوتی: «ئێمه له پڕۆسه‌یه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردندا له‌گه‌ڵتانین. بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی قه‌یوومه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه شاره‌وانییه‌كانمان به‌ده‌ستبێنینه‌وه كه به‌بێ حه‌ق و حقووق ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، ده‌ستمان به پڕۆسه‌یه‌ك كردووه و ئێمه له ئه‌مڕۆ به‌دواوه ناوی به‌ركاندیده‌كان تۆمار ده‌كه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا به‌به‌شداریی هه‌موو پێكهاته‌كان كۆردیناسیۆنی هه‌ڵبژاردنی شاره‌كانمان دروست كردووه. ده‌مه‌وێت بڵێم كه له كاتی هه‌ڵبژاردندا له بابه‌تی پێویستییه‌كانی وه‌ك زانیاری و كاریگه‌ری، كۆمسیۆنی ته‌كنیكی، كۆمسیۆنی حقووقی و كۆمسیۆنه‌كانی دیكه دامه‌زرێنراون.»
«خۆمان بۆ پیرۆزبایی گه‌وره ئاماده ده‌كه‌ین»
هه‌ر له كۆنفڕانسه ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئیبراهیم چیچه‌ك هاوسه‌رۆكی ده‌به‌په‌ی ئامه‌د گوتی: «ئه‌م گۆشه‌گیری و ڕه‌فتارانه چه‌ندین ساڵه له دژی به‌ڕێز ئۆجالان درێژه‌یان هه‌یه. ئێمه جارێكی دیكه ده‌مانه‌وێت بڵێین كه ئه‌م كارانه هیچ سوودیان بۆ گه‌لان نییه. واز له گۆشه‌گیركردنی به‌ڕێز ئۆجالان بێنن، ئه‌و ڕێبه‌رێكی گه‌لانه.»
چیچه‌ك چالاكییه‌كه‌ی له‌یلا گیوڤه‌نی به گرینگ و واتادار دانا و ڕایگه‌یاند، له به‌رانبه‌ر هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی سته‌م و سه‌پاندنی قه‌یوومه‌كان تێده‌كۆشین. گوتیشی، له ئه‌مڕۆ به‌دواوه واته له‌نێوان ٢٠ی تشرینی دووه‌م و ٥ی كانوونی یه‌كه‌م چاوه‌ڕوانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین كه خۆیان له لای هه‌ده‌په تۆمار بكه‌ن بۆ كاندیدبوون له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان.
s.m