به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) له ئه‌نجامی دوایین چالاكییه‌كانی گه‌ریلا له باشوور و باكووری كوردستان لایه‌نی كه‌م ١٦ سه‌رباز كوژراون.
ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی هه‌په‌گه:
له چه‌لێ ٨ سه‌رباز كوژران
«چالاكییه‌كانی هێزه‌كانمان له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی شۆڕشگێڕیی شه‌هید پیرۆز و شه‌هید ئاگری دژ به سوپای توركی داگیركه‌ر به‌رده‌وامن. زانیاریی ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كان وه‌هان:
١٠ی تشرینی یه‌كه‌م\١٨ی ڕه‌زبه‌ر هێزه‌كانمان له دژی سه‌ربازانی سه‌ربازگه‌ی گۆمێی سه‌ر به ناوچه‌ی چه‌لێی جۆله‌مێرگ چالاكییه‌كیان كرد. له ٢ قۆڵه‌وه له ڕه‌بایه، سه‌نگه‌ر و ئۆتۆمبێله زرێپۆشه‌كانی سه‌ربازگه‌كه درا و چه‌ندین سه‌نگه‌ر ڕووخێنران. هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئامارۆك و ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆشی جۆری كیرپی تێك‌شكێنران. له چالاكییه‌كه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی ڕوون بوویه‌وه ٨ سه‌رباز كوژران. سوپای تورك دوای چالاكییه‌كه به ئۆبوس، هاوه‌ن و كۆپته‌ر هێرشیان كرده سه‌ر ناوچه‌كه.
له بارزان ٢ سه‌رباز كوژران
١١ی تشرینی یه‌كه‌م\١٩ی ڕه‌زبه‌ر كاتژمێر ١٥ هێزه‌كانی یه‌ژا ستار له دژی سه‌ربازانی توركی داگیركه‌ر كه له گردی خوه‌دێی سه‌ر به ناوچه‌ی بارزان له باشووری كوردستان جێگیر بووبوون، چالاكییه‌كیان كرد. له‌م چالاكییه‌دا ٢ سه‌رباز كوژران.
هه‌مان ڕۆژ هێزه‌كانمان ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ١٩:٣٠ له دژی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له گردی لێلیكان-ی سیده‌كان له باشووری كوردستان جێگیر بوون، چالاكییه‌كیان كرد. له‌م چالاكییه‌دا سه‌نگه‌ره‌كانی گرده‌كه كرانه ئامانج و ده‌رباره‌ی ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كانی سوپای تورك زانیاریی ڕوون به‌ده‌ست نه‌خرا.
له ناوچه‌ی هه‌ره‌كۆل ٦ سه‌رباز كوژران
هێزه‌كانمان له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی شۆڕشگێڕیی شه‌هید ده‌لال ئامه‌د و شه‌هیدانی به‌ستادا، ڕۆژی ٩ی تشرینی یه‌كه‌م\١٧ی ڕه‌زبه‌ر كاتژمێر ١٠ له دژی سه‌ربازانی سه‌ر گردی شه‌هید سۆرخوین-ی ناوچه‌ی هه‌ره‌كۆلی سه‌ر به شاری سێرت چالاكییه‌كیان كرد. له‌م چالاكییه‌دا به‌تووندی له سه‌ربازانی سوپای توركیا درا، ٤ سه‌رباز كوژران و ٣ی دیكه‌ش بریندار بوون.
هێزه‌كانمان له چوارچێوه‌ی هه‌مان هه‌ڵمه‌تدا، ڕۆژی ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م\١٨ی ڕه‌زبه‌ر بۆ جاری دووه‌م سه‌ربازانی سه‌ر گردی شه‌هید سۆرخوین-ی سه‌ر به ناوچه‌ی هه‌ره‌كۆل-یان كرده ئامانج. به‌تووندی لێیان دان و فه‌رمانده‌یه‌ك و سه‌ربازێك كوژران.
چالاكیی گه‌ریلاكانی یه‌ژا ستار له قلا‌بان
١٠ی تشرینی یه‌كه‌م\١٨ی ڕه‌زبه‌ر هێزه‌كانی یه‌ژا ستار (یه‌كینه‌كانی ژنی ئازاد) كاتژمێر ١٠:٤٠ له دژی سه‌ربازگه‌ی یه‌كمال-ی سه‌ر به ناوچه‌ی قلابانی پارێزگه‌ی شرنا‌خ چالاكییه‌كیان كرد. له‌م چالاكییه‌دا له بینا و سه‌نگه‌ره‌كانی سه‌ربازگه‌كه درا، ده‌رباره‌ی ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كانی سه‌ربازان زانیاری ڕوون به‌ده‌ست نه‌خرا.
هێرشی ئاسمانی
١١ی تشرینی یه‌كه‌م\١٩ی ڕه‌زبه‌ر ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٢٠:٢٠ فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر بۆمبارانی ده‌ڤه‌ری گوندی فله‌ها-ی سه‌ر به ناوچه‌ی زاپیان كرد له هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا.
ئه‌ندامێكی ژیته‌م سزا درا
نیوه‌ڕۆی ٢٦ی ئه‌یلوول\٤ی ڕه‌زبه‌ر له ده‌ڤه‌ری گردی چۆلیا-ی سه‌ر به چیای جوودیی شرنا‌خ كه‌سێك به ناوی ئایهان عومه‌ر كه ئه‌ندامی ژیته‌م بوو، له لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه سزا درا. ئه‌و كه‌سه له ده‌ڤه‌ره‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی گه‌ریلاكانمان كاری سیخووڕی و پشكنینی ده‌كرد و ڕۆڵی هه‌بووه له شه‌هیدبوونی هاوڕێیانی ئێمه‌دا.»
s.m