هه‌په‌گه له شرنه‌خ، ئامه‌د و به‌دلیس گورزی له دوژمن دا
هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، یه‌كینه‌كانی گه‌ریلا له شرنه‌خ، ئامه‌د و به‌دلیس دژی هێزه‌كانی سوپای تورك زنجیره‌یه‌ك چالاكییان كردووه. له‌و چالاكییانه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز كوژراون.
هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، یه‌كینه‌كانی گه‌ریلا له شرنه‌خ، ئامه‌د و به‌دلیس دژی هێزه‌كانی سوپای تورك زنجیره‌یه‌ك چالاكییان كردووه. له‌و چالاكییانه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز كوژراون.
ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) ڕایگه‌یاند، له ئه‌نجامی چالاكیی نیشانه‌شكێنی له چیای گابار سه‌ربازێك كوژراوه. هه‌روه‌ها له شه‌ڕی ناوچه‌ی چراڤێ ٤ سه‌رباز و ٢ كۆنترا (ئه‌ندامی هێزی دژه‌گه‌ریلا) كوژراون. هه‌په‌گه ڕاشیگه‌یاند، له شه‌ڕدا ٣ گه‌ریلا شه‌هید بوون.
هه‌په‌گه ئاماژه‌ی به چالاكیی هێزه‌كانی گه‌ریلا له ناوچه‌ی لجه‌ی ئامه‌د و ناوچه‌ی تاتوان-ی به‌دلیس كردووه و ده‌رباره‌ی هێرشه ئاسمانییه‌كانی سوپای توركیاش بۆ سه‌ر هه‌رێمی خواكورك و زاپ زانیاری داوه.
ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه:
چالاكیی نیشانه‌شكێنی له گابار
به‌یانیی ڕۆژی ٣٠ی ئایار\٩ی جۆزه‌ردان سوپای ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له ناوچه‌ی فندك-ی بناری چیای گابار له سنووری پارێزگه‌ی شرنه‌خ ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆن كرد. هێزه‌كانمان ماوه‌یه‌ك چاودێریی یه‌كینه‌كه‌ی ئۆپه‌راسیۆنیان كرد و دواتر له چێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی شه‌هید ڕزگار و شه‌هید مه‌دیا ماوا كه له ناوچه‌كه ده‌ستی پێكردبوو، هه‌مان ڕۆژ كاتژمێر ١٢ دژی یه‌كینه‌كه‌ی دوژمن چالاكیی نیشانه‌شكێنی ئه‌نجام درا. له‌م چالاكییه‌دا سه‌ربازێك كوژران.
له شه‌ڕی چراڤێ ٦ سه‌رباز كوژران
ڕۆژی ١٧ی ئایار\٢٧ی گوڵان سوپای ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له ناوچه‌ی چراڤ-ی سه‌ر به گابار ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆن كرد. هێزه‌كانمان ڕووبه‌ڕووی یه‌كینه‌یه‌كی ئۆپه‌راسیۆنی دوژمن بوویه‌وه و شه‌ڕ ڕوویدا. له ئه‌نجامدا ٤ سه‌رباز و ٢ كۆنترا كوژران. ٣ هاوڕێمان كه به‌قاره‌مانی دژی دوژمن شه‌ڕیان كرد شه‌هید بوون. سوپای ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له ڕێی میدیای شه‌ڕی تایبه‌ته‌وه هه‌واڵی درۆی گوایه هاوڕێمان ڕۆژبین گه‌ڤه‌ر له‌و شه‌ڕه‌دا شه‌هید بووه-ی بڵاوكرده‌وه. هاوڕێكه‌مان شه‌هید نه‌بووه و به‌رده‌وامه له ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی خۆی. پێویسته گه‌له‌كه‌مان باوه‌ڕ به‌م هه‌واڵانه‌ی شه‌ڕی ده‌روونیی هێزه‌كانی داگیركه‌ر نه‌كات. زانیاری ده‌رباره‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و ٣ هاوڕێیه‌ی شه‌هید بوون، دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه.
چالاكی له دژی خاڵه‌كانی پشكنین
هێزه‌كانمان ڕۆژی ٢٨ی ئایار\٧ی جۆزه‌ردان كاتژمێر ١:٣٠ له دژی خاڵه‌كانی پشكنینی تیمه تایبه‌ته‌كانی پۆلیس (POH) له‌نێو شارۆچكه‌ی لجه-ی ئامه‌د چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا. له دوو قۆڵه‌وه له پۆلیسه‌كان درا و خاڵه‌كه‌یان تێكدرا و چه‌ندین ئه‌ندامیان لێ كوژرا. دوای چالاكییه‌كه سوپای ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر به ئۆتۆمبێلی زرێپۆش كوژراو و برینداره‌كانی له ناوچه‌كه گواسته‌وه. سوپای ده‌وڵه‌تی تورك به‌ته‌واوی خاڵه‌كانی پشكنینی به‌جێهێشت. یه‌كینه‌كه‌مان كه چالاكییه‌كه‌ی كرد به‌سه‌لامه‌تی گه‌یشته‌وه بنكه‌كانی خۆی.
له تاتوان گورز له یه‌كینه‌ی ئۆپه‌راسیۆن درا
ڕۆژی ٢٤ی ئایار\٣ی جۆزه‌ردان سوپای توركی داگیركه‌ر له ده‌وروبه‌ری دۆڵی كه‌شان-ی سه‌ر به ناوچه‌ی تاتوان-ی به‌دلیس ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆنێك كردبوو و له ناوچه‌كه كه‌مینی دانابوو. یه‌كینه‌كانی ئێمه هه‌مان ڕۆژ ئه‌و یه‌كینه‌یه‌ی خسته ژێر چاودێرییه‌وه كه كه‌مینی دانابوو و كاتژمێر ١٦:٣٠ چالاكییه‌كیان دژی یه‌كینه‌كه ئه‌نجام دا. له چالاكییه‌كه‌دا به‌تووندی له دوژمن درا به‌ڵام ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كانی ڕوون نه‌بوویه‌وه. سوپای تورك دوای چالاكییه‌كه نزیكی كاتژمێر ٢٢:٣٠ به كۆپته‌ر و فڕۆكه‌ی جه‌نگی بۆمبارانی شوێنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی كرد. له‌و بۆردومانانه‌دا هیچ زیانێك به گه‌ریلاكانمان نه‌گه‌یشتووه. سوپای تورك هه‌واڵی درۆ ده‌رباره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه بڵاوده‌كاته‌وه و پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كات كه گه‌ریلاكانی ئێمه شه‌هید بوون.
هێرشی ئاسمانی له دژی خواكورك و زاپ
ڕێكه‌وتی ٣٠ی ئایار\٩ی جۆزه‌ردان فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر له‌نێوان كاتژمێر ٦ - ٦:٣٠ دۆڵی چل و چوار-ی سه‌ر به هه‌رێمی خواكورك، كاتژمێر ٨:٣٠ ده‌وروبه‌ری ئاوی زاپ-ی سه‌ر به هه‌رێمی زاپ-ی بۆردومان كردووه. له‌م بۆردومانانه‌دا هیچ زیانێك به هێزه‌كانی ئێمه نه‌گه‌یشتووه.
s.m