هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر رێپێوانەکەی فرانکفۆرد و ٣ گەنجیان دەستگیر کرد

رێپێوانە بەرفراوانەکەی دوێنێی شاری فرانکفۆردی ئەلمانیا، ئەمڕۆش لە دووەم رۆژیدا بەردەوام بوو، لەم چوارچێوەیەدا هێزەکانی پۆلیسی ئەلمانیا هێرشیان کردە سەر چالاکەوانانی رێپێوانەکە و سێ گەنجیان دەستگیر کرد.

بە مەبەستی ئیدانەکردنی پلانگێری نێودەولەتی و گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان، دوێنی لە شاری فرانکفوردی ئەلمانیا رێپێوانێکی بەرفراوان بە دروشمی "رێگا نەدەن بە گۆشەگیری، لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئازاد بە" دەستی پێکرد. ئەمڕۆش رێپێوانەکە بەردەوام بوو، بەڵام رووبەرووی هێرشی هێزەکانی پۆلیسی ئەلمانیا بووەوە.

دوێنی لەگەڵ دەستپێکردنی رێپێوانەکە، هێزەکانی پۆلیسی فاشیست، دروشم و ئاڵا و سیمبول و نرخەکانی گەلی کوردیان قەدەغە کرد و ئەمڕۆش هێرشیان کردە سەر گەنجانی بەشدار لەو رێپێوانەدا.

دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی ئەمڕۆی رێپێوانەکە، گەنجان ویستیان بەرەو ناوەندی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کورد لە Darmstadt بەرێ بکەون، بەڵام رووبەرووی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە و سێ گەنجی چالاک کە بە رەچەڵەک خەڵکی فەرەنسان، دەستگیر کران.

هێزەکانی پۆلیس هاوکات هێرشیان کردە سەر رۆژنامەنووسان و نەیانهێشت رووماڵی رووداوەکە بکەن و گەنجە دەستگیرکراوەکانیان گواستەوە بۆ بنکەی پۆلیس.

ز.ش