هەدەپە لە بارەی 'دژایەتیکردنی کورد' لە لایەن دەوڵەتەوە، راپۆرتێکی ئامادە کرد

پارتی دیمۆکراتی گەلان-هەدەپە لە بارەی "دژایەتیکردنی کورد" لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، راپۆرتێکی ئامادە کرد و ناوەڕۆکەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد.

"راپۆرتی دژایەتیکردنی کورد" کە مەبەست لەو دژایەتیە دەوڵەتی تورکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، لە لایەن ئومێد دادە جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە بۆ کاروباری مافی مرۆڤ و یاسا و فیلیز کەرەستەجی ئۆغلو پارلمانتەری هەدەپەی شاری ئەنقەرەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا کرا.

لە راپۆرتەکەدا باس لە سیاسەتی دوژمنکارانەی دەوڵەت لە دژی گەلی کورد دەکرێت کە لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا پەیرەی کردووە.

کۆمەڵیک لەو پێشێلکاریانەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی داوە بەم شێوەیە لە راپۆرتەکەدا باس کراوە:

- کورد و کەسانی ئۆپۆزیسیۆن تا ئێستا دەکرێنە ئامانج

- دەسەڵاتی ئاکەپە لە جیاتی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دژایەتی ئەو کەسانە دەکات کە وەکو ئەوان بیر ناکەنەوە

- دەستبەسەر ١٤ شارەوانی هەدەپەدا گیراوە و قەیوم لە شوێنەکانیان جێگیر کراون

- کەمپینی پشتیوانی و هاوکاری هەدەپە رووبەرووی رێگری بووەوە

-٨٤ کەس رووبەرووی ئەشکەنجە بوونەوە

- ٣٨٧ کەس دەستگیر کران و سزای زیندانی بەسەر ٩٣ کەسدا سەپێنرا

- ١٣ گۆڕستان هەڵوەشێنران و ٢٨٢ تەرم لە کەناری رێگاکان بەخاک سپێردراون

- لانی کەم ٧٠ ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژران

- لە ٩٣ ئیدیعانامە کە ئامادە کرابوون، ٨٤ لەوانە لە دژی پارلمانتەران هەدەپە بوون

- کەمپەکانی خەڵکی مەدەنی بوردومان کران و تەنها لە ماوەی ١٠ رۆژدا ٩ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدا

ئومێد دادە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئەشکەنجان و کردەوەی خراپ زیادیان کردووە و قەدەغەی هاتوچۆ بۆ توندوتیژیەکانی هێزەکانی پۆلیس و پاسەوانەکان وەکو بیانوو بەکار هاتووە.

دادە هاوکات رایگەیاند، لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لەگەڵ ئەوەی حکومەت خەڵکی هاندا بۆ مانەوە لە ماڵەوە، بەڵام ئۆپڕاسیۆنەکانی دەستگیرکردنی نەوەستاند.

ئەوەش راگەیێنرا کە ٣٨٧ کەس لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر کران و ٩٤ کەسیش سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

لە بارەی بارودۆخی ناو بەندیخانەکانیش، ئومێد دادە رایگەیاند، ئاکەپە ژیانی لە بەنکراوان تەنگ کردووە و پەیوەندیەکانیان بە دەرەوە، سەردانکردنی کەسوکار و پارێزەرەکانیانی بە تەواوەتی وەستاندووە.

ئومێد دادە راشیگەیاند، لەگەڵ رێگریکردن لە چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی بەندکراوان، هاوکات پەرتوک و رۆژنامەشیان پێنادرێت و تەنانەت رێگری لە تەداویکردنی بەندکراوە نەخۆشەکانیش دەکرێت و وتی:"بە سەدان بەندکراو، بە تایبەتیش زیندانیە سیاسیەکان، لە چنگی مەرگدا هێڵراونەتەوە. رۆژنامەنووس، خوێندکار، پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ئەو زیندانیانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵاندایە، زیندانیانی نەخۆش، ژنانی خاوەن منداڵ و سیاسەتمەدارانی کورد بوونەتە ئامانجی جیاکاریەکی گەورە. لەو ماوەیەدا ٣ زیندانی نەخۆش ئازاد کران، بۆیە هەرسێکیان گیانیان لەدەستدا. بە سەدان بەندکراویش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون."

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا هاوکات ئەوەش راگەیێنرا کە لەو ماوەیەدا سیاسەتەکانی شەڕ بەرفراوانتر بوون و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:"سیاسەتی شەڕ کە دەسەڵات لە ناوچەکە گرتوویەتیەبەر، هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە. لەو ناوچانەی کوردی لێیە، قەدەغەی هاتوچۆ، راگەیاندنی ناوچەی ئەمنی تایبەت و سەربازی، سووتاندنی دارستانەکان، کوشتن و لەناوبردنی مەڕ و ماڵات، رێگریکردن لە لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، هەڵکوتانە سەر ماڵان و ئەشکەنجەدان، ئەوەیان خستە روو کە دەسەڵات سیاسەتەکانی ساڵانی ١٩٩٠ دووبارە دەکاتەوە."

هەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، تیشک خرایە سەر هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان و بەم شێوەیە باسیان لەو هێرشانە کرد:"لە لایەکی دیکەوە لە هەرێمی فیدڕالی کوردستان ئۆپڕاسیۆنی سەربازی دەستی پێکرد و ناوچە مەدەنیەکان بوردومان کران. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە راگەیێنراوەکاندا بڵاو کراوەتەوە، تەنها لە بەرواری نێوان ١٧ بۆ ٢٧ی حوزەیراندا، لانی کەم ٩ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە."

فیلیز کەرەستەجی ئۆغلو پارلمانتەری هەدەپەی شاری ئەنقەرەش رایگەیاند، ئەوان بڵاوکردنەوە و ئاشکراکردنی کردەوە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە گرنگ دەزانن و وتی:"ئاواتمان بونیادنانی وڵاتێکی دیمۆکرات و یەکسان و بەدیهاتنی ئاشتی و ئازادیە."

ز.ش