هەواڵی ناڕاستی میدیاکانی ئێران لەبارەی شەهیدکردنی ٣ کۆڵبەری کورد بەدرۆخرایەوە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاستی چۆنیەتی شەهیدکردنی ٣ی کۆڵبەری کوردی ئاشکرا کرد کە ١٤ی ئەم مانگە ڕووبەڕووی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی ئێران هاتبوون.

ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە سێ کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزەکانی داگیرکەری ئێرانەوە شەهیدکران و میدیا ئێرانیەکان هەواڵی نەڕاستیان بڵاوکردەوە کە ئەو کەسانە سنوریان بەزاندووە، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕاستی چۆنیەتی شەهیدکردنی ئەو سێ کۆڵبەرەی ئاشکرا کرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانان/ ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچەی «باژاڕ»ی شاری سەردەشت، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی زانکۆ ئەحمەدی، زانست حەسەن‌نژاد و سرووش مەکاری گیانیان لەدەست دا. دوو ڕۆژ دوای ئەم ڕووداوە، فەرماندەی هێزی سنوورپارێزی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە وتووێژدا لەگەڵ میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران ئەم کۆڵبەرە کوژراوانەی بە «سنووربەزێن» ناوزەد کرد و بە پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، کوشتنی ئەم کۆڵبەرانەی وەک کارێکی ڕەوا و دروست لە قەڵەم دا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لەگەڵ هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم سێ کۆڵبەرە و هەروەها شایەتحاڵانی ڕووداوەکەدا قسەی کردووە و هەندێ زانیاری و وردەکاریی نوێی لەسەر ئەم بابەتە بەردەست کەوتووە.

بەپێی ئەو فیلم و وێنانەی کەوتوونەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە نێوان کاتژمێر ٥ تا ٦ی دەمەوبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرماناندا، کاروانێکی کۆڵبەران لە چەند کیلۆمەتریی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا لە ناوچەی «باژێڕ»، لە مەودایەکی چەندمەترییەوە دەکەونە بەر دەسڕێژی هێزەکانی پاراستنی پاسگای سنوورپارێزی «بەردەپان»ی سەردەشت و لە ئەنجامدا زانست حەسەن‌نژاد، ٢٥ ساڵان و باوکی منداڵێک، زانکۆ ئەحمەدی، ٢٧ ساڵان و باوکی منداڵێک و هەروەها سرووش مەکاری، ٢٠ ساڵان، بەر گوللەی ئەو هێزانە دەکەون و گیانیان لە دەست دەدەن.

بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان ڕاگەیاند: «هێزەکانی پاراستنی پاسگای بەردەپان دوای کوشتنی ئەم کۆڵبەرانە و دەستگرتن بەسەر بارەکانیاندا، لانیکەم ١١ ئەسبی ئەوانیان داوەتە بەر دەسڕێژ و کۆمەڵکوژیان کردوون».

بە وتەی بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرانە، سرووش مەکاری گوولە بەر پشتی کەوتووە، هەروەها زانست حەسەن‌نژاد گوللە بەر سکی کەوتووە و دوای هەڵدڕینی سکی بەر دەستیشی کەوتووە و زانکۆ ئەحمەدیش سێ گوللەی بەر کەوتووە و هەرسێکیان دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە. تەرمەکانیشیان دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە، بێ‌ئەوەی لە لایەن پزیشکیی یاساییەوە هیچ پشکنینێکیان بۆ بکرێت ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە.

شایەتحاڵەکان بە ناردنی هەندێ فیلم و وێنەی شوێنی کوشتنی ئەم کۆڵبەرانە، وێڕای بەدرۆخستنەوەی وتەکانی فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان وت: «هێزەکانی پاراستنی پاسگای بەردەپان دوای ئەوەی لە ڕێگای هاتوچۆکردنی ئەم کۆڵبەرانە ئاگادار بوونەتەوە، بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لێ کردوون».

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، پشتیوانیکردنی بەرپرسانی هێزە سنوورپارێزەکان لە کوشتنی کۆڵبەران و نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی و دادوەری لەو هێزە کۆڵبەرکوژانە، بۆتە هۆی ئەوەی هێزەکان هیچ بەربەستێک لە بەردەم خۆیاندا نەبینن و درێژە بە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور بدەن.

کەمال حسێنپوور، نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە پارلەمانی ئێراندا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنادا ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسانە سنووربەزێن نەبوون، چونکوو سنووربەزێن بە کەسانێک دەوترێت کە خراپەکار، دژەشۆڕش یان چەکدار بن و لە سنوورەکانەوە دزە بکەنە نێو وڵات.

ئەم نوێنەرەی پارلەمان لە درێژەی وتووێژەکەیدا ڕایگەیاندووە: «ئەم کەسانە لە ڕووی هەژاری و نەبوونییەوە و بۆ پاروویەک نانی حەڵاڵ دەیانهەویست بۆ کۆڵبەری بچنە ئەودیو سنوورەکانەوە، چونکوو بە داخەوە لە شاری سەردەشتدا لاوانی ناوچەکە هیچ کارێکیان دەست ناکەوێت. لەم شارەدا ٣ بازاڕی سنووری هەیە کە یەکیان نیوەداخراوە و بە داخەوە دوانیان بە تەواوی داخراون کە زیاتر لە ٣ هەزار کۆڵبەری سەردەشت و ٤ هەزار کۆڵبەری پیرانشار کە ساڵەهای ساڵ لەم بازاڕانەدا کاریان دەکرد، بێکار کەوتوون و بە داخەوە هیچ هەلێکی دیکەی کاریشیان بۆ دابین نەکراوە. لە حاڵێکدا کە تاکەڕێگەی بژێوی ئەم خەڵکە هەر ئەم کۆڵبەرییەیە».

بەپێی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆی کردۆتەوە، ساڵی ١٣٩٨ لانیکەم ٧٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان بە ڕووداوی سروشتی و پڕمەترسیبوونی ڕێگاکانی هاتوچۆیان گیانیان لە دەست داوە. هەروەها هەر لەم ماوەیەدا ١٥٤ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەیش بریندار بوون.

ف.ق