هەپەگە: لە جۆلەمێرگ و شرنەخ و سێرت ٣٥ سەربازى تورکیا کوژران

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە رایگەیاند، هێزەکانیان لە جۆلەمێرگ و شرنەخ و سێرت چالاکییان لە دژى سوپاى تورکیا ئەنجامداوە و بەو هۆی ئەو چالاکییانەوە ٣٥ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەسەر ماڵپەڕەکەى راگەیاندراوێکى لەبارەى چالاکیى هێزەکانیان لە جۆلەمێرگ و شرنەخ و سێرت بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە، لەو چالاکییانەدا ٣٥ سەربازى سوپاى تورکیای داگیرکەر کوژراون.

دەقى راگەیاندراوەکەى هەپەگە

لە چەلێ زرێپۆشێک تێکشکێنرا و ١٢ سەرباز کوژران

هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری-دا لە جۆلەمێرگ لە دژى سوپاى تورکیاى داگیرکەر چالاکییان ئەنجامدا.

هێزەکانمان رۆژی ١٨ى حوزەیران و لە کاتژمێر ٢٠:٤٠دا لە ناوچەى ئۆرێ لە رێگاى نێوان جۆلەمێرگ و چەلێ لە دژى کاروانێکى سەربازیى سوپاى تورکیاى داگیرکەر چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشى جۆری کریپی سوپاى تورکیا بە تەواوى تێکشکێندرا و زیانیش بە زرێپۆشێکى تری جۆرى کوبرا گەیەندرا.

لەو چالاکییەدا و ئەوەندەى روون بووەتەوە، ١٢ سەربازى دوژمن کوژراون. سوپاى تورکیاى داگیرکەر دواى چالاکییەکە دەستیکرد بە بۆردومانکردنى ئەو سنوورە و کوژرا و بریندارەکانیان بە ئامبولانس لە شوێنى چالاکییەکو دوورخستەوە.

لە چەلێ چالاکییەکى تر ئەنجامدرا و ١٥ سەرباز کوژران

یەکەیەکى تایبەتى سوپاى تورکیای داگیرکەر لە بنکەى سەربازیى گێمان لە چەلێ دەستیان بە جموجوڵ کردبوو و بەو سنوورى ئەو ناوچەیەدا بڵابوونەوە و بۆسەیان دادەنا. ئەو یەکەیەى سوپاى تورکیاى داگیرکەر لەلایەن هێزەکانمانەوە چاودێریى ورد دەکران. ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشى جۆری کوبرا، کە ئەندامانى ئەو یەکەیەى سوپاى تورکیاى داگیرکەرى تێدا بوو و ئۆتۆمبێلێکى مەدەنى، کە بۆ کارى سەربازى بەکاریان دەهێنا لە رۆژی ١٨ى حوزەیران و لە کاتژمێر ٢٠:٣٠دا لە ناوچەى دەرڤای قەسرانێ کرانە ئامانج و ئۆتۆمبێلە مەدەنییەکەیان بە تەواوەتى تێکشکا و زرێپۆشەکەش زیانى زۆرى پێگەیشت.

ئەوەندەى روون بوویەوە، لەو چالاکییەکدا ١٥ سەربازی دوژمن کوژران. دواى چالاکییەکە سوپاى تورکیاى داگیرکەر لەو ناوچەیەدا دەستیکرد بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن و هەر لەو رۆژەدا بەبێ ئەوەى هیچ ئەنجامێکیان دەست بکەوێت، لە ئۆپراسیۆنەکەیان کشانەوە.

لە گەڤەر ٣ سەنگەر تێکشکێنران و ٥ سەرباز کوژران

هێزەکانمان رۆژی ١٩ى حوزەیران و لە کاتژمێر ٠٤:١٤دا لە گردی عەلی شێر لە ناوچەى گەڤەر لە دژی سوپاى تورکیاى داگیرکەر چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٣ سەنگەرى دوژمن تێکشکێنران و و ئەوەندەى روون بوویەوە، ٤ سەرباز لەو چالاکییەدا کوژران.

هەر لەو رۆژەدا و لە کاتژمێر ١٣:٣٠دا یەکەى قەناس بەدەستى هێزەکانمان لە دژى بنکەى سەربازیى سوپاى تورکیا لە شکێرێ لە ناوچەى چەلێ چالاکییەکیان ئەنجامدا و لەو چالاکییەشدا سەربازێکى ترى سوپاى تورکیا کوژرا.

لە شرنەخ ٣ بیلدۆزەر سوتێنران و ٢ سەرباز کوژران

هێزەکانمان رۆژی ١٨ى حوزەیران و لە کاتژمێر ٢٣:٠٠دا و لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانى بەستادا لە ناوچەى بانێ عەزیز لە باسای شرنەخ ٣ بیلدۆزەریان ئاگر تێبەردا کە کاریان لە دروستکردنى بەنداوى ئیلی سوو دا دەکرد.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە دواى ئەو چالاکییە لەو ناوچەیەدا دەستیان بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن کرد. لە رۆژی ١٩ى حوزەیراندا هێزەکانمان لە دژی یەکەیەکى ئەو ئۆپراسیۆنە چالاکییەکیان ئەنجامدا و لەو چالاکییەدا ٢ سەربازى دوژمن کوژران. سوپاى تورکیاى داگیرکەر بە کۆپتەر کوژراو و بریندارەکانى لە ناوچەکە دوورخستەوە و هەر لەو رۆژەشدا لە ئۆپراسیۆنەکەیان کشانەوە.

لە سێرت سەربازێک کوژران

هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتە شۆڕشگێڕییەکاندا لە رۆژی ١٩ى حوزەیران لە دەرییە سەرختێ لە چراڤێى ناوچەى دهێ لە پارێزگاى سێرت لە دژی یەکەیەکى سوپاى تورکیا چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا سەربازێکى دوژمن کوژرا و ٢ سەربازى تریش برینداربوون.

ر.م