هەپەگە: لە شەمزینان ٣ سەربازى تورکیا کوژران

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە لەبارەى چالاکیى گەریلا لە شەمزینان و قلەبان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

دەقى راگەیاندراوەکەى هەپەگە

لە شەمزینان ٣ سەربازى تورکیا کوژران

هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید ئاگری و شەهید پیرۆز دا لە رۆژى ٩ى حوزەیران / ١٩ى بانەمەڕ و لە کاتژمێر ٦ و ٣٠ خولەکى ئێوارەدا لە چیای گۆڤەند لە ناوچەى شەمزینانی جۆلەمێرگ لە دژى سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر، کە لە دۆڵى گرانان رێگاى سەربازییان دروست دەکرد، چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا لە نزیکەوە گورزی قورس لە سەنگەرەکانى دوژمن دران و ٣ سەرباز کوژران.

رۆژی ٧ى حوزەیران / ١٧ى بانەمەڕ و لە کاتژمێر ١٠ى پێشنوەڕۆدا، هێزەکانمان لە بنکەى سەربازیى سەربەندیان دا لە ناوچەى قلەبانی شەمزینان. گورزى قورس لە سەنگەرەکانى دوژمن درا، بەڵام ژمارەى سەبازە کوژراو بریندارەکانى دوژمن روون نەبوویەوە.

لە رۆژی ٩ى حوزەیران / ١٩ى بانەمەڕ سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر لەدەورووبەرى گوندى شاپاتان لە سەرەرۆی ناوچەى شەمزینانی جۆلەمێرگ دەستى بە ئۆپراسیۆن کرد. ئۆپراسیۆنەکە سەرلەبەیانیى رۆژی ١٠ى حوزەیران / ٢٠ى بانەمەڕ بەبێ ئەنجام کۆتایى پێهات.

بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکان

سوپاى کۆمارى تورکیا بە فڕۆکەى جەنگى ناوچەی پاراستنى مەدیاى بۆردومانکرد. فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا رۆژی ٨ى حوزەیران / ١٨ى بانەمەڕ و لە کاتژمێر یەک و ٣٠ى خولەکى دوای نیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر ٣ى دواى نیوەڕۆ، سنوورى گوندەکانى شەرانە، سارکێ و باکرمانیان لە ناوچەى گارە بۆردومانکرد. هەروەها ٩ى حوزەیران / ١٩ى بانەمەڕ و لە کاتژمێر ١١ى شەودا دۆڵى ئەرمووش لە ناوچەى خواکورک و رۆژى ١٠ى حوزەیران / ٢٠ى بانەمەڕ و لەکاتژمێر ١ و ١٥ خولەکى دواى نیوەڕۆدا دەورووبەری گوندی ستێ لە ناوچەى زاپ بوونە ئامانجی بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا.

ر.م