هەپەگە: لە لێلیکان ٦ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژران

هەپەگە رایگەیاند، هێزەکانى گەریلا رۆژی ١٩ی نیسان لە هەرێمی خواکورک گورزیان لە سوپای تورکی داگیرکەر وەشاندووە و بەلانیکەمەوە لەو چالاکییەدا ٦ سەربازی دوژمن کوژراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) راگەیاندراوێکی لەبارەى چالاکییەکانى هێزی گەریلا و بۆردومانەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە:

"لە چوارچێوەی هەڵمەتى شۆڕشگێڕیی شەهید باگەڕ و شەهید رۆنیادا هێزەکانمان ١٩ی نیسان لە کاتژمێر ١٥:١٥دا لە هەرێمی خواکورک لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیادا لە دژی سوپای کۆماری تورکیا داگیرکەر لە شاخی لێلیکان چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە شوێنێکى نزیکەوە گورزی قورس لە سەنگەر و پەناگەکانى دوژمن درا. لە چالاکییەکەدا ٦ سەربازی دوژمن کوژران و کامێرایەکى گەورەی چاودێری تێکشکێنرا. سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر دواى چالاکییەکە و لە شەودا بە کۆپتەری جۆری سکۆرسکی و کۆبرا سەربازە کوژراو و بریندارەکانى خۆیان لە هەرێمەکە دوورخستەوە. یەکەی ئەنجامدەری چالاکییەکە بە شێوەیەکى سەرکەوتوانە گەڕانەوە بارەگاکانى خۆیان.

فڕۆکە جەنگییەکانى سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر هێرشە ئاسمانییەکانیان لە دژی هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا بەردەوامی پێدەدەن و لەو چوارچێوەیەدا:

رۆژی ١٧ی نیسان لە کاتژمێر ١٠:٠٠ دا فڕۆکە جەنگییەکان دەورووبەری گوندی دێرک –یان لە گۆڕەپانی مەیرۆک لە هەرێمی گارە و ناوچەى مامڕەشۆیان لە هەرێمی ئاڤاشین بۆردومانکرد.

ئەمڕۆ ٢٠ی نیسان لە کاتژمێر ٠٤:٣٠ بۆ ٠٥:٠٠ ی بەرەبەیاندا فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر گردی زارگەلی و دەورووبەری گوندی بێپالان لە هەرێمی قەندیل بۆردومانکرد.

لەو بۆردومانانەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە".

ژ.ت