هەپەگە ناسنامەى ٣ گەریلای بڵاوکردەوە، کە لە دێرسیم شەهید بوون و رایگەیاند "بەرخودانی هاوڕێیانمان ساڤاش، ئارگەش و شیار بەشێوەیەکى روون و ئاشکرا سەلماندی، کە هەرگیز ئیرادەی مرۆڤ لە بەرامبەر تەکنەلۆژیادا تێکناشکێت".
لە راگەیاندراوەکەى ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنی گەل (هەپەگە)دا هاتووە:
"لە راگەیاندراوی رۆژی ٤ی تەممووزدا رامانگەیاندبوو، کە لە ٢٤ی حوزەیراندا لە نەیانکانی ناوچەى پولوری دێرسیم لە نێوان سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر و هێزەکانماندا شەڕ روویداوە و لە ئەنجامدا ٣ هەڤاڵمان شەهید بوون. زانیاری لەبارەى ناسنامەى ئەو هەڤاڵانمان کە لەو شەڕەدا شەهید بوون بەمشێوەیەیە:
نازناو: ساواش فرات
ناو و پاشناو: یەحیا ئاتماجا
شوێنی دایکبوون: موش
ناوی دایک و باوک: شەرەفناز – ئەنوەر
کات و شوێنی شەهید بوون: ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ / دێرسیم
****
نازناو: ئارگەش ئاڤاشین
ناو و پاشناو: عوسمان ئیشلەیەن
شوێنی لە دایکبوون: وان
ناوی دایک و باوک گولەسەر – ماشاڵا
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ / دێرسیم
****
نازناو: شیار ئاگری
ناو و پاشناو: مەتین جیلۆ
شوێنی لە دایکبوون: ئاگری
ناوی دایک و باوک: جەواهیر – ئەحمەد
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ / دێرسیم
دەوڵەتی کۆماری تورکیای فاشیست تێزی خۆی بۆ هێرش و سڕینەوە و لەناوبردنی راستیی کورد و کوردستانی ئازاد بە هەموو تواناکانی خۆیەوە خستووەتەگەڕ و بەڕێوەی دەبات. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کە لە ژێر رۆشنایی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆدا تێدەکۆشن، لە دژی ئەو هێرشە فاشیستییانە بۆ پاراستنی هەبوون و نرخی گەلەکەمان بەبێ پسانەوە تێدەکۆشن.
دەوڵەتی کۆماری تورکیای پاکتاوکەر لە مێژووی خوێناویی خۆیدا هەموو کات لە دژی گەلی کورد سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوەى بەڕێوەبردووە. دەوڵەتی کۆماری تورکیای فاشیست کە بە هەزاران مرۆڤی ئێمەی کوشتبوو دەیخواست ئەوەشی ماوەتەوە بیتوێنێتەوە، بەڵام حساباتەکەى بە دروستبوونی پەکەکە بزووتنەوەى تۆڵەی گەلی کورد تێکشکێنرا. گەریلاکانی کوردستان ئەمڕۆ ناوی سەید رەزا، عەلیشێر و زەریفەکان لە بەرزترین ئاستدا نوێنەرایەتی دەکەن، لە خاکی پیرۆزی دێرسیم دا درێژە بە تێکۆشان دەدەن. هێڵی فیدایی شەهید زیلان کە لە دێرسیم گەیشتە بەرزترین ئاست، لە شەهید ئاتاکان ماهیرەکانەوە تاوەکو چیچەک بۆتانەکان و هاوڕێیانمان، درێژە بەو بەرخودانە درا. گەریلاکانی کوردستان کە ئەمڕۆ لەسەر رێگای هەمان هێڵی فیدایدان، بەبێ سرەوتن درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.
گەنجانی کور هێرش لە دژی گەلەکەمان دەبینن و پۆل پۆل بەرەو ناو ریزەکانى گەریلا دێن و ئاڵای تێکۆشان بەرز دەکەنەوە. پەکەکە بزووتنەوەیەکە، کە بە شەهیدەکانی گەورە دەبێت و بەرەو پێش دەڕوات. هەر جەنگاوەرێکی ئاپۆیی کە دەکەوێتە ئامێزی خاک، بە دەیانی تر شوێنەکەى دەگرنەوە. حیزبەکەمان و هاوڕێیانمان کە هێزیان لە شەهیدانەوە وەرگرتوو بەرەو پێش دەڕۆن و بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی خۆیان بەرز دەکەنەوە و ئەوەش تاکە رێگای سەرکەوتنە.
شوێنی شکۆمەندانەی خۆیان لە ناو شەهیدەکانی ئازادیدا دەگرن
فەرماندە ساواش و هاوڕێیانمان ئارگەش و شیار کە جەنگاوەرانی دەستەبژێری تێکۆشانی ئازادیمان بوون، بوونە نوێنەری هێڵی جەنگاوەری ئاپۆیی. لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى کۆماری تورکیا تاوەکو دوا فیشەک شەڕیان کرد و شوێنی شکۆمەندانەى خۆیان لە ناو شەهیدە نەمرەکانماندا گرت.
هەڤاڵ ساواش بە تێکۆشانی ١٠ ساڵەی بۆ ئازادی، بووە شەڕڤانێکى راستی، کە بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ تێدەکۆشا. لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئازادیی رێبەر ئاپۆ بەشداری ناو ریزەکانی تێکۆشان بوو و بۆ ئەوەى لە هەموو کار و ئەرکێکدا سەربکەوێت بە شێوەیەکى فیداکارانە بەشداریی لەو کار و ئەرکەدا دەکرد. هاوڕێ ساواش لە ساڵی ٢٠٠٩دا و لە کاتی بەشداربووینەوە لە دێرسیم لە ریزی پێشی پێشەوە تێکۆشاوە و هەموو کات بە رێبازێکى شۆڕشگێڕی و بە کردەوە لە دژی قورسی و دژوارییەکانی گۆڕەپانی خەبات وەستاوەتەوە. هەڤاڵ شیار کەسێکى چالاک، بە ورە بوو بە تێگەیشتنی ئایدۆلۆژیک – سیاسیی خۆی هێزی بە ژیان و کار دەدا. هاوڕێمان ساواش لە هەموو گۆڕەپانەکاندا، کە تیایدا تێکۆشاوە، بە رەنج و هەوڵەکانی دەبووە هاوڕێیەکی خۆشەویست و رێزدار.
هاوڕێیانمان ئارگەش و شیار کە سیاسەتی تواندنەوە و سڕینەوەی دەوڵەتى کۆماری تورکیای داگیرکەریان لە نزیکەوە لە دژی گەلی کورد دەبینی، بۆ ئازادیی گەلی کورد لە ریزی پێشەوەى تێکۆشاندا بوون. هاوڕێیانمان لە خاکی پیرۆزی دێرسیم دەستیان بە گەریلایی کرد و لە بەرخودان لە دژی دوژمن بە رۆحی فیداییەوە تێکۆشان و بوونە قارەمانی پێشەنگی دێرسیم.
لە کاتێکدا ئۆپراسیۆنی دەوڵەتی کۆماری تورکیای داگیرکەر بە بەشداریی هەزاران سەرباز و تەکنەلۆژیای بەهێزی سەربازی بەڕێوەدەچوو، هاوڕێیانمان لە دژی داگیرکەران بەرخودانێکى گەورەیان نیشان دا و ماوەیەکى زۆر لە دژی دوژمن شەڕیان کرد. بەرخودانی هاوڕێیانمان ساواش، ئارگەش و شیار بە شێوەیەکى روون و ئاشکرا ئەوەى سەلماند، کە ئیرادەی مرۆڤ هەرگیز لە بەرامبەر تەکنەلۆژیادا تێکناشکێت. هاوڕێیانمان تاوەکو دوا هەناسەیان بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد و دوای ئەوەى گورزی قورسیان لە هێزەکانى دەوڵەتی کۆماری تورکیای داگیرکەر و فاشیست دا، شەهید بوون.
سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هێژای هاوڕێیانمان و هەموو گەلی کوردی وڵاتپارێز دەکەین و بەڵێن دەدەین، کە ئێمە رێگا و نەریتی تێکۆشانەکەیان سەردەخەین".
ژ.ت