هەڵسەنگاندنی دۆخی ژیانی کورد و ڕۆژهەلاتی کوردستان لە زانکۆی ئۆسلۆ

دامەزراوەی پاڵپشتی کوردستان، بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی ئۆسلۆ، سیمینارێکی ساز کرد.

دوێنێ دامەزراوەی پاڵپشتی کوردستان، سیمینارێکی لەبارەی هەڵسەنگاندنی دۆخی ژیانی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەڕێوەبرد.

دوای دەسپێکردنی سیمینارەکە، هەر یەک لە میوانانی بەشداربوو ڕێکخەرانی سیمینارەکە، لە پانێلی تایبەتدا گوتاری خۆیان پێشکەش کرد و نوێنەرانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دیدگای خۆیان راگەیاند.

ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، تێڕوانینی پژاکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بەشداربووان تاوتوێ کرد.

چیاکۆ ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتنێکی ڕاست لەسەر پرۆژەی تێکۆشانمان دوو قۆناخ دیاری بکەین و وتی:" یەکەم، قۆناغی هەنووکەیی کە قۆناخی تێکۆشانە بۆ ئازادی  و ڕزگاری وڵاتەکەمان. دوومیش، قۆناغی داهاتوو کە قۆناغی شێوازی بەڕێوەبەری کۆمەڵگایە."

لە درێژەی گوتارەکەیدا ئەهوەن باسی لەوەش کرد، پێویستە گۆڕەپانەکانی خەبات لە بواری پانتایی جوگرافی و مرۆیی، دیاری بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بەم خاڵانە کرد.

١ـ گۆڕەپانی یەکەمی خەبات و تێکۆشانی ئێمە، ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بۆ ڕزگارکردنی لە داگیرکاری لە لایەن دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانییەوە.

٢ـ گۆڕەپانی دووەمی خەبات و تێکۆشانی ئێمە، کوردستان بە گشتییە کە هەر بەشێکی لەلایەن داگیرکەرێکی تری هەرێمەکەوە داگیرکراوە. لەبەرئەوەی کورد یەک نەتەوەیە و کوردستانیش وڵاتێکە لە چوارچێوەی سیاسەتی داگیرکەریدا، لەیەک دابڕێندراوە و پارچە کراوە، لەو چوارچێوەیشدا خەباتی یەکێتی نەتەوەیی بۆ ئێمە خەباتێکی ستراتیژیە.

٣ـ  گۆڕەپانی سێیەمی خەبات و تێکۆشانی ئێمە، یەکگرتن بۆ تێکۆشانە لەگەڵ گەلانی دراوسێماندا، بەتایبەت گەلانی تری داگیرکراوی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی وەک 'عەرەب، بەلوچ، ئازەری، تورکمان، لوڕ، گیلەک، مازنی و...'، تەنانەت فارسیش. بۆ ئەوەش هێزێکی چالاکی پلاتفورمی دیموکراتیکی گەلانی داگیرکراو لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانەوە بە ناوەندیەتی زمان و ئتنیکی فارسین.

٤ـ گۆڕەپانی چوارەمی خەبات و تێکۆشانی ئێمە، پانتایی جیهانییە لە چوارچێوەی تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ سەرجەم گەلان و کۆمەڵگا و تاکەکانی جیهان بۆ ئازادی، یەکسانیی، دادوەریی، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە جیهانێکی ئازاد، یەکسان و دادوەر.

دواتر ئەهوەن چیاکۆ، ئاماژەی بە پرۆژەیەکی ١٠ مادەیی کرد کە هەنگاوی پراکتیکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

چیاکۆ لە بەشی کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بە فراوانکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد بە مەبەستی بەهێزکردنی خەبات لە هەموو بەشەکان و پەرەپێدانی چالاکییەکان بۆ تێکۆشانی هاوبەش لەگەل گەلانی دیکەی ژێر ستەمی رژێمی داگیرکەری ئێران.