والیی تورکیا لە شرناخ هەڕەشە لە گوندنشینان دەکات بۆ ئه‌وه‌ی دەنگ بە ئاكه‌په‌ بده‌ن

والیی (پارێزگار) شرناخ مەهمەت ئاکتاش بە گوندەکانی جزیر-دا دەگەرێت و دەڵێت: «ئەگەر دەنگ بدەن بە ئاکەپە، کێشەی بیناسازیتان بۆ چارەسەر دەکەین و خانووەکانتان لەسەر تاپۆ دەکەین.»

هەڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی توركیا كه‌ بڕیاره‌ ٢٤ی حوزەیران به‌ڕێوه‌بچێت، نزیک دەبێته‌وه‌. بێ ڕه‌چاوکردنی قانوون، ئاکەپە و مەهەپە تەواوی دەرفەتەکانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردێنن.

سەرۆکی لقی شرناخ-ی ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل ئەرکان و چەندین ئەفسەری پلەبەرزی سوپا و والی شرناخ مەهمەت ئاکتاش بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ئاکەپە، بە گوندەکاندا دەگەڕێن. والیی شرناخ گوند به‌ گوندی شرناخ، قلابان، جزیر، باسا و سلۆپی دەگەرێت.

«دەنگتان بدەن بە ئاکەپە و تاپۆی خانووەکانتان وەربگرن»

مه‌همه‌ت ئاكتاش والیی شرناخ سەردانی گوندی کورتولوش-ی جزیری کرد و بە گوندنشینانی گوتووه‌: «ئەگەر دەنگ بدەن بە ئاکەپە، ئەوا كێشه‌ی بیناسازیتان بۆ چارەسەر دەکەین و لە ماوەی ٤ مانگدا تاپۆی خانووەکانتان پێ دەدەین.»

«جاری یەکەم نیە»

پێشتریش ئه‌و والییه‌ لە سەردانی گوندەکاندا بە گوندنشینانی گوتبوو: «ئەگەر دەنگ بە هەدەپە بدەن ئەوا دەرتان دەکەین، بەڵام ئەگەر دەنگ بە ئاکەپە بدەن، کێشەکانتان بۆ چارەسەر دەکەین»

هەروەها لە هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و شینای جزیرەدا، والی داوای لە ئامادەبوان کردبوو کە پشتیوانیی ئاکەپە بکەن.

s.m