والیی حکومەتى تورکیا لە وان بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئاکەپە دەکات

والیی حکومەتى تورکیا لە پارێزگای وان موراد زۆرلو ئۆغڵو بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ئاکەپە، سەردانی گوند و عەشیرەتەکان دەکات. کار گەیشتووەتە ئەوە، کە تەنانەت بۆ دەنگی هاووڵاتییان سواری ئەسپیش دەبن.

والیی حکومەتى تورکیا لە پارێزگای وان موراد زۆرلو ئۆغڵو بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ئاکەپە، سەردانی گوند و عەشیرەتەکان دەکات. کار گەیشتووەتە ئەوە، کە تەنانەت بۆ دەنگی هاووڵاتییان سواری ئەسپیش دەبن.

لە کاتی هێرشی داگیرکردنی عەفریندا، سەربازان ناوی موراد زۆرلو ئۆغڵو والیی پارێزگای وان-یان لەسەر مووشەکەکان دەنووسی و مووشەک و ناوەکەیان دەنا بە عەفرینەوە. ئێستاش ئەو والییە وێنانەکانی خۆی، کە لەسەر ئەسپە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە. پێش هەڵبژاردنیش ئەو والییە تورکە وەک سەرۆکی ئاکەپەی شاری وان کاری دەکرد.

لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا، زۆرلو ئۆغڵو سەردانی چەند کەسێکی کردووە، کە دەوترێت ئەو کەسانە نوێنەرایەتیى عەشیرە کۆنەکانى گەودان و ئالان-ی وان دەکەن. پاشان ئەو والیە بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی کۆمەڵەی عەشیرەتی بروکی کرد و داوای پشتیوانی بۆ ئاکەپە کرد. لە ناوچەی ئەردیشی وانیش، ئەو والییە سەردانی گوندی ئولوپامیرەی کرد، کە وەک گوندی بەکریگیراوان دەناسرێت. والی بە سواری ئەسپەکەیەوە دەگەڕێت و دەنگ بۆ ئاکەپە کۆدەکاتەوە.

وەک سەرۆکی ئاکەپەی شارەکان کار دەکەن

پەرلەمانتاری هەدەپە لە شاری وان لەزگین بۆتان دەربارەی ئەو پرسە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات قسەی کرد و رایگەیاند "قەیوم سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنە. ئەو والییە خۆى کراوە بە قەیوم (هاوکات کراوە بە سەرۆک شارەوانیى وان لە بریى هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دەبەپە) و ئەوەش کارێکى نایاساییە، بۆیە ئەو هەر لە سەرەتاوە بێ لایەن نەبووە. دانانی ئەوانیش لە شوێنی نوێنەرانی گەل خۆی لە خۆیدا لادانە لە یاسا. بۆیە ئەو بەرپرسانە وەک سەرۆکی ئاکەپە لە شارەکان کار دەکەن".

ئەوانە ریشسپیی عەشیرەتەکان نین

بۆتان جەختی کردەوە کە قەیومەکان دەستیان گرتووە بەسەر شارەوانییەکانى گەلدا و سەرقاڵی ئەنجامدانی تاوانن. روونیشیکردەوە "ئەو کەسانەی کە بەناوی ریشسپیانی عەشیرەتەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئاکەپەدا کۆدەبنەوە، ئەو کەسانە نین کە بتوانن نوێنەرایەتیی عەشیرەتەکان بکەن".

وتیشی "زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کە لەگەڵ بەرپرسانی ئاکەپەدا دانیشتن دەکەن و کۆدەبنەوە، ئەو کەسانەن کە لە دوای ساڵی ١٩٩٠ەوە لەگەڵ هێزەکانی تورکیای داگیرکەر رێککەوتن، ئەو کەسانە لەناو گەلدا ناویان زڕاوە و زۆر بێ نرخانە تەماشایان دەکرێت. بۆیە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت لەسەر دەنگی گەل".

ر.م