وێنەگرێکی کورد، خەلاتەکەی پێشکەشی بەرخۆدانی عەفرین کرد

دەرهێنەر و وێنەگرێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵاتی کورتە فیلمێکی خۆی پێشکەشی گەلی عەفرین دەکات

جەمشید فەرجوەند فەردا، وێنەگر و دەرهێنەری کوردی خەڵکی شاری 'بیجاڕ' لە پارێزگای سنە-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کورتە فیلمەکەی براوەی دووهەمین خەڵاتی فستیڤاڵی فیلمی پاسارگاد لە ئێرانە، بەهۆی بەرخۆدانی عەفرینەوە خەڵاتەکەی خۆی پێشکەشی گەلی عەفرین کرد.

ئەو هونەرمەندە، بە کورتە فیلمی ''هاوار مەلوچکەکان'' بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمی پاسارگاد لە ئێراندا کردبوو. فیلمی ناوبراو توانی وەکوو دووهەمین کورتە فیلمی باش،  براوەی خەڵاتی دووهەمی فێستیڤاڵەکە بێت.

فەرەجوەند فەردا، کە بە جلی کوردییەوە ئامادەی وەرگرتنی خەلاتەکەی بوو، دوای وەرگرتنی خەلاتەکەی رایگەیاند کە ئەو خەڵاتە پێشکەش دەکات بە خوشک و براکانی خۆی لە عەفرینی سەربەرز.

ناوبراو، بە وێنەکانی توانیویەتی لەسەر ئاستی جیهان، سەرنجی هونەرمەندانی ئەو بوارە بۆ وێنەکانی ڕاکێشێت.