١٢ لایەن داوای ئازادکردنی چالاکوانە دەستگیرکراوەکانى بادینان دەکەن

لە لێدوانێکی هاوبەشدا، ١٢ تۆڕ و هاوپەیمانیی عێراقیی، داوای ئازادکردنی چالاکوانانی بادینان دەکەن کە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراوە و دەڵێن، دەستگیرکردنە، پێشلکارییە بۆ مافێکی دەستووریی، کە بریتییە لە مافی ڕێکخستنی خۆپیشاندان.

ئێوارەی ئەمڕۆ ١٢ تۆڕ و هاوپەیمانیی عێراقیی، لێدوانێکی هاوبەشیان لەسەر چارەنووسی دەستگیرکراوەکانی بادینان بڵاوکردەوە.

لە لێدوانەکەدا هاتووە: ناکرێ خەڵکی چالاکوان لەسەرنیازی ڕێکخستنی خۆپیشاندان، کە مافێکی دەستورییە و بە یاسا ڕێگەپێدراوە ، دەستگیر بکرێن و بە مادەی ١٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ تۆمەتبار بکرێن و دەستگیر بکرێن، کە لە عێراق سزاکەی دەگاتە لە سێدارەدان و لە هەرێمی کورستانیش سزاکەی دەگاتە بەندکردنی هەتاهەتایی.

ئەوەش هاتووە: ئێمە پێمانوایە نەک هەرهەموواری کەیسەکە بەو مادە یاساییە زیادەڕەویی تێدایە، بەڵکو پێمانوایە خودی دەستگیرکردنەکە پێشلکارییە بۆ مافێکی دەستووریی، کە بریتییە لە مافی ڕێکخستنی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بە شێوەیەکی ئاشتیانە.

لە کۆتایشادا دەڵێن: بۆیە داواکارین کە پێشێلی یاسا و ڕەشبگیریی لەسەرئازادی ڕادەربڕین ڕابگرن و دەستبەجێ تەواوی گیراوەکان ئازاد بکەن.

ناوی ئەو ١٢ لایەنەی لێدوانە هاوبەشەکەیان دەرکردووە:

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان
تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن
تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکان
هاوپەیمانی ئازادییەکان
هاوبەندی ڕاهێنەرانی مافەکانی مرۆڤ
تۆڕی عێراق بۆ مافەکانی منداڵان
تۆڕی هاوپەیمانی کەمایەتییەکان لە عێراق
تۆڕی مرۆڤ بۆ پەرەپێدانی تەندروستیی و کاری مرۆیی
تۆڕی بەگژداچوونەوەی بارزگانیکردن بە مرۆڤ
تۆڕی شەفافیەت بۆ پیشەسازی دەرهێندراوەکان
هاوپەیمانی ١٣٢٥
تۆڕی ژنانی عێراق

ک-ش