٢١مین ڕۆژی مانگرتنی دوکاندارانی بانە

ئەمڕۆ ٢١-یەمین ڕۆژی مانگرتن لە کارکردنی کاسبکاران و دووکاندارانی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە پێشەنگایەتی شاری بانەی سەربە پارێزگای سنە-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵی فورات  مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شاری بانە پێی نایە ٢١مین ڕۆژی خۆیەوە و مانگرتووان لە چاوەڕوانیی ڕێگاچارێک لە لایەن  کاربەدەستانی حکومەتی ئێرانەوە  بۆ کرانەوەی سنوورەکان .

حکوومەتی ئێران لە ترسی کۆبوونەوەی بازاڕیانی مانگرتوو لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە، بە جێگرکردنی هێزەکانی دژە شۆڕش لە ناو شاردا کەشوهەوای ئەمنییەتی بە سەر شاری بانەدا زاڵبووە.
مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرۆکەکان دەستی پێ کردووە.لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دووکانداران و بازاڕییان بە هەڵگرتنی پلاکارتگەلێک کە لە سەری نووسرابوو، "کرانەوەی سنوورەکان"، "نان و کار" داواکاری جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان بوون.



مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، بەتایبەت شاری بانە، درێژترین مانگرتنی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە؛ بە وتەی چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەم مانگرتنە مەدەنییە بە واتای "سەپاندنی کەرامەتی مرۆیی" بە سەر حکوومەتدایە.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری بانەوە، ئەمڕۆ هێزە سەربازییەکانی حکومەتی ئێران لە بەردەم مۆڵەکان و ناو بازاڕی بانەدا زیاتریان کردووە و بە هەڕەشە لە دووکانداران و کاسبکاران هەوڵدەدەن کۆتایی بە مانگرتنەکە بێنن.

کاسبکاران و دووکانداران ٢١ ڕۆژە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لەدژی داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی باج و گومرک دووکان و بازاڕیان داخست، مانگرتنە هەموو شارە سنوورییەکانی بانە، جوانڕۆ، مەریوان، سەقز، سەردەشت و پیرانشار گرتەوە و ئێستاش بە چڕی لە شاری بانەدا بەردەوامیی هەیە.

شەوی ڕابردوو پاش چوار ڕۆژ بڕینی هێڵی ئینتێرنێت لە شاری بانە، ئینتێرنێتی ئەو شارە دیسان کرایەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش ژمارەی هێزە سەربازییەکان لەناو بازاڕی بانەدا زیادیان کردووە و بە هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ هاوڵاتیان، قەدەغەی هاتووچۆیەکی نافەرمییان لە ناو بازاڕدا ڕاگەیاندووە.

بەهۆی داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکانەوە، کۆڵبەران و کرێکارانی سەر سنوورەکان ناچاردەبن بە ڕێگای سەخت و زەحمەت دا بار بگوازنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووشی کارەساتی سروشتی یان خود بۆسەی حکومەت بن، هەر دوێنێ لە سنوورەکانی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٥ کۆڵبەر گەمارۆدران و پاشان دەستگیرکران و دەست بە سەر باروکەلوپەلەکانیاندا گیرا، ڕاگەیەندراوە، کە ئەو کۆڵبەرانە ئەمڕۆ ڕەوانەی شاری پاوەی سەربە پارێزگای کرماشان کراون و وابڕیارە سبەینێ ببرێنە بەردەم دادوەر و بە تۆمەتی بەبێ مۆڵەت تێپەڕکردنی سنوورەکان دادگایی بکرێن.