٣٠ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنى قاسملودا تێپەڕی و هێشتا بکوژەکانى دادگایى نەکراون

سەرکردەى کورد دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو لە ١٣ى تەمووزی ١٩٨٩ لە شارى ڤییەنا و لەگەڵ دوو هاوڕێیدا و لەکاتى دانوستان لەگەڵ رژێمى ئێران لەسەر مێزى دانوستان تیرۆر کرا. ٣٠ ساڵ بەسەر ئەو تیرۆرەدا تێپەڕی، بەڵام تاوەکو ئێستا بکوژەکان دادگایى نەکراون.

کاتێک لە ٢٢ى کانوونی دووەمی ١٩٤٦ / ٢ى رێبەندان لە گۆڕەپانى چوارچراى مەهاباد دا کۆمارى کوردستان راگەیەندرا، عەبدولڕەحمان قاسملو تەمەنی ١٦ ساڵ بوو. خوێندکارێک بوو خۆی بۆ خوێندن لە زانکۆى تاراندا ئامادە دەکرد. قاسملو لە ١٤ ساڵیدا  بووە ئەندامى لقی گەنجانی حیزبى تودەى ئێران (حیزبى کۆمۆنیستى ئێران). لە تاراندا هەڵوەشاندنەوەى کۆماری کوردستان، لەسێدارەدانى قازی محەمەد لە چوارچرا و دەستگیرکردنى باوکی بیست.

ئەو رووداوانە کاریگەرییان کردە سەر ژیانى قاسملو. کاتێک حیزبى کۆمۆنیست لە ساڵی ١٩٤٨دا لە چیکۆسلۆڤاکیا دەسەڵاتى گرتە دەست، گەنجانى تودەى ئێران بانگهێشت کران بۆ پراگ. لە ناو گەنجانى ئێراندا تەنها کوردێک هەبوو، ئەویش عەبدولڕەحمان قاسملوی تەمەن ١٨ ساڵ بوو. ئیتر رۆژەکانى قاسملو لە پراگ دەستیپێکرد.

قاسملو ساڵی ١٩٥٧ بوو بە مامۆستاى زانکۆى پراگ. دواى ٢٠ ساڵ بێدەنگی لە دوای کۆمار، لە نەورۆزی ساڵی ١٩٦٧ لە رۆژهەڵاتى کوردستان دا هەندێک لە گەنجان بە دەرفەتە کەمەکانى بەردەستیان لەو سەردەمەدا، دەستیانکرد بە خۆڕاگری لە دژی دەسەڵاتى شای پەهلەویى ئێران.

  لە ساڵی ١٩٧٣دا قاسملو لە کۆنگرەى سێیەمى حدکا، بوو بە سکرتێری حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا). دروشمى کۆنگرە و حدکا کرا بە "دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان".

قاسملو لە ساڵی ١٩٧٦دا گەڕایەوە بۆ پراگ و دواتر چوو بۆ پاریس و لەوێ مایەوە. هاوکات لەگەڵ سکرتێریى حدکا دا لە زانکۆى سۆربۆن لە پاریس خوێندى و بوو بە دکتۆر و لە دواى ئەوەش لەوێ وانەى دەوتەوە. لە دواى ئەوەى لە کۆتایى ١٩٧٨ شا ناچاربوو کۆتایى بە دەسەڵاتەکەى بهێنێت و لە ئێران هەڵبێت، قاسملو گەڕایەوە بۆ کوردستان.

بڕیاربوو لە ١ى شوباتی ١٩٧٩ / ١٢ى رێبەندان دا بە فڕۆکە لەگەڵ خومەینیدا بڕوات بۆ تاران، چونکە لە هاوینى ١٩٧٨دا قاسملو چەند جارێک چوو بۆ سەردانى خومەینى لە پاریس و هەندێک بەڵێنى لێوەرگرتبوو. دواى ئەوەى خومەینى گەڕایەوە بۆ ئێران لە دواى ١٠ رۆژ شۆڕشەکەى خۆی و دەسەڵاتەکەى راگەیاند و بە کوردی وت "چاوم پێتان دەکەوێت".

 بەڵام خومەینى لە ٢٨ی ئازاری ١٩٧٩ / ٨ى خاکەلێوەدا و کاتێک شاندی دانوستانی کوردى بینى، بەهیچ شێوەیەک ئامادەى دانوستان نەبوو و وتى "لە ئیسلامدا کورد، ئازەری، فارس و نەتەوە نییە. ئێمە هەموو ئومەتی خوداین". قاسملوش لە گۆڕەپانەکاندا بە جەماوەرى راگەیاند "ئێمە بە کوردی خائین دەڵێین جاش. لەمڕۆ بە دواوەوە ئەوەى بڕوا بە قسەکانى خومەینى بکات جاشە. باشە بۆ ئەوەندە زوو ١٩٧٥تان لە بیر کرد؟".

لە ١٧ى ئابی ١٩٧٩ / ٢٦ی گەلاوێژ خومەینى بە قاسملوی وتبوو "موحارب و دوژمنى خودایە". لە نیوەى دووەمی سەدەی ٢٠دا یەکێک لە گەورەترین کوشتارەکان بەسەر کورد دا سەپێندرا. لەو کاتەدا بە لانیکەمەوە ١٠ هەزار هاووڵاتیى مەدەنیى کوردستان کوژران.

یەکەم دانوستان لەگەڵ رژێمى تاراندا

شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵێ ١٩٨٠دا چارەنووسی رۆژهەڵاتى کوردستانى گۆڕی. شەڕ تاوەکو ساڵی ١٩٨٤ بە قورسی بەڕێوەدەچوو. نزیکەى ١٠ هەزار پێشمەرگە ژیانیان لە دەستدا و شەهید بوون. قاسملو بارەگاى خۆی بردبووە چیاى قەندیل. لە ناوەڕاستى ساڵانى ١٩٨٠کاندا بە ناوبژیوانیى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) پەیوەندیى لەگەڵ تاران گرت.

هەر دوو لایەن بۆ یەکەمجار لە ٣٠ى کانوونی یەکەمی ١٩٨٨ / ٩ى بەرفرانبار لە ماڵی خەبات مەعروف ئەندامى یەکێتیدا کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە ماوەى ٢ رۆژ بەردەوام بوو. قاسملو لە داوای "خوێندن بە زمانى کوردی و کوردى بکرێتە زمانى دووەم و فەرمی" دانەبەزی. دواى مردنى خومەینى، رەفسەنجانى دەسەڵاتى گرتە دەست و دووبارە دانوستانەکان دەستیان پێکردەوە.

ئەمجارەیان فازڵ رەسوڵ بووە ناوبژیوان. فازڵ رەسوڵ لە ڤییەنا ژیانى بەسەر دەبرد و کارى لۆبیى بۆ کورد دەکرد. چاوپێکەوتنى بۆ سەرکردەکانى کورد رێکدەخست.

قاسملو دەیخواست چاوپێکەوتن و دانوستانەکان لە پاریس بێت، ئێرانیش دەیویت "یان لە ڤییەنا یان بەرلین، بەڵام پاریس نابێت". قاسملو ١١ى تەمووزی ١٩٨٩ / ٢٠ى پووشپەڕ چوو بۆ ڤییەنا.

وەزارەتى ناوخۆی نەمسا دانوستانى ئەو رۆژەى هەڵوەشاندەوە

دکتۆر قاسملو پێش چاوپێکەوتنى ١٣ى تەمووزی ١٩٨٩ / ٢٢ى پووشپەڕ لەگەڵ ئێرانییەکاندا، بڕیاربوو لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى نەمسا (ئوتریش) لە کاتژمێر ١٦.٠٠دا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، بەڵام سکرتێرى وەزارەتى ناوخۆی نەمسا رایگەیاند، ئەو کاتە بۆ دانوستان هەڵوەشاوەتەوە. ئاڵۆزترین پرسیار ئەوەیە، بۆ ئەو دانوستانە هەڵوەشێنرایەوە و دکتۆر قاسملو خواستویەتى لەو دانوستانەدا چیى بە حکومەتى نەمسا بڵێت.

 کاتى دانوستانەکە کاتژمێر ١٧:٣٠ى رۆژی ١٣ى تەمووزی ١٩٨٩ / ٢٢ى پووشپەڕ لەسەر رێگاى لینکەن بانگاسە (Linken Bahngasse) لە ناوچەى سێی ڤیینا ئەنجام دەدرا و شوێنەکەش لەلایەن فازڵ رەسوڵەوە دەستنیشان کرابوو.

لەو کاتەدا سێ ئێرانى بە ناوەکانى محەمەد جەعفەر سەحراڕوودی، مستەفا مستەوفی (ئاجودی)، غەفور درجزی (ئەمیر مەنسور بوزورگیان ئەسڵ) لە ئوتێلەکەیان چوونە دەرەوە و گەیشتنە شوێنى کۆبوونەوەکە. پاسپۆرتى دیپلۆماتیکیان لە باخەڵدا بوو و رۆژی ١٠ى تەمووزی ١٩٨٩ / ١٩ى پووشپەڕ گەیشتبوونە ڤییەناى پایتەختى نەمسا. دواتر شایەتحاڵێکى ئە دۆسیەیە بە ناوى "شایەتحاڵی دی" وتبووی، مەحمود ئەحمەدى نەژاد، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو بە سەرۆک کۆمارى ئێران، لەگەڵ ئەو گروپەدا بووە و چاودێریى شوێنەکەى کردووە.

هەموو لایەنەکان لەسەر مێزى دانوستان دانیشتبوون و دانوستانەکە دەستیپێکردبوو. وتەی لایەنەکان لەسەر کاسێتێک تۆمار دەکرا. ئەو کاسێتە کە دەنگى تیادا تۆمار کرابوو و پۆلیسى نەمسا دواتر کاسێتەکەى ئاشکرا کردبوو، ئەمەى تیایدایە کە قاسملو دەڵێت "بە دەست بەتاڵى بگەڕێمەوە و بڵێم، ئێران لەسەر ئەو ئۆتۆنۆمییەى (خودموختاری)یەی، کە بەڵێنى بۆ داوە کار دەکات؟ من ناتوانم ئەوە بکەم". دوای ئەو قسەیە دەنگى تەقە لە کاسێتەکەدا دەبیسترێت... 

بەو فیشەکانەى کە لە دوو چەکەوە تەقێنراون، فیشەک بەر ناوچاوان، چەناگە و ملی قاسملو کەوتبوو. هەروەها گولـلەش بر تەوقی سەر و ملی فازڵ رەسوڵ کەوتبوو.

کاتێک یەکەم گروپى پۆلیس چوونە ماڵەکە، ئەوەیان بینیبوو، کە جەعفەر سەحراڕوودی لە ناو خوێندا و بەسەر زەوییەکەدا کەوتووە. مەنسوور بوزورگیان، هاوڕێی سەحراڕوودی گەیشتبووە دەرەوە و کاتێک پۆلیسەکان هاتبوون و یەکتریان بینیبوو، بە پۆلیسەکانى وتبوو "کوشتیان، هاوڕێکەى منیان کوشت، رزگارى بکەن". لە پلانی "تیرۆرکردن بە بێ هەڵە"دا برینداربوونی سەحراڕوودی هەموو پلانەکەیانى تێکدا. سەحراڕوودی لە ژێر چاودێریى پۆلیسدا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و بوزورگیانیش برا بۆ بنکەى پۆلیسی شاترینگ (Schottenring).

بەپێى فەرمانێک کە گەیشتبووە ئەو بنکەیەى پۆلیس، کاتژمێر ٥ى بەرەبەیان بوزورگیان رادەستى باڵیۆزخانەى ئێران کرا و بۆ چەندین رۆژ خۆى لە باڵیۆزخانەکەدا حەشاردا. ٢٢ى تەمووزی ١٩٨٩ / ٣١ى پووشپەڕ ڤییەنا لە بەرامبەر گوشارەکانى ئێران دا چۆکى دادا و سەحراڕودیى بە فڕۆکەیەک ناردنەوە بۆ ئێران.

بکوژەکەى قاسملو لە هەولێر لەسەر فەڕشى سووردا پێشوازیى لێکرا

ئەو گروپەى دکتۆر قاسملو و هەڤاڵەکانى تیرۆرکرد، لە وڵاتەکەى خۆیاندا وەک "پاڵەوان" پێشوازییان لێکرا. مەنسوور بوزورگیان لە دواى گەڕانەوەى بۆ ئێران پلەى جەنەڕاڵییان پێبەخشی و کردەیان فەرماندەى سوپاى پاسدارانى پاریزگاى ورمێ، کە پارێزگاى زێدى دکتۆر قاسملو و شوێنى چالاکى و کردەى چەکداریى هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان بوو. لەوێ بارەگاى کۆنترۆڵکردن بۆ چاودێریکردن و لێدانى هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن بوزورگیانەوە سەرپەرشتى دەکرا.

جەعفەر سەحراڕوودی کرا بە فەرماندەى سوپاى قودس کە ئۆپراسیۆنەکانى دەرەوەى سنوورى ئێران لە وڵاتانى تر ئەنجام دەدات. ئابی ١٩٩٦ راستەوخۆ سەرپەرشتیى لەشکرکێشی و هێرشکردنە سەر بارەگاى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا) کرد لە کۆیەى باشوورى کوردستان.

هەر دوو بکوژەکە، وەک ئەوەى هیچیان نەکردبێت بەردەوامن لە گەشتەکانیان بۆ وڵاتانى ئەوروپی. ئاشکرابوو ساڵی ٢٠١٣ جەعفەر سەحراڕوودی چووە بۆ سویسرا و کرواتیا. سەربارى ئەوەى بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە، بەڵام ئەو دەوڵەتانە ئامادەنەبوون رادەستى نەمسای بکەن.

جگە لەوەش سەحراڕوودی ساڵی ٢٠١٤ لەسەر فەڕشی سوور لە هەولێر پێشوازیى لێکرا. لە سەردانى عەلی لاریجانى سەرۆکى پەرلەمانى ئێران بۆ هەولێر، کە لەسەر داواى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) رێکخرابوو، سەحراڕوودیش ئامادەبوو. سەحراڕوودی لەو کاتەدا بەرپرس و رێکخەری کاروبارى ئۆفیسەکەى عەلی لاریجانى بوو. سەحراڕوودی لەسەر فەڕشی سوور پێشوازیى لێکرا و لەگەڵ بەرپرسانى پەدەکە دەستیکرد بە وێنەگرتن.

نەمسا بۆ پاراستن و شاردنەوەى ئەو شاندە کە لە تارانەوە بۆ تیرۆر و کوشتن رۆیشتبوونە نەمسا ئەوەى پێى کرا درێغى نەکرد. حکومەتى نەمسا هەموو کات و بە بەردەوامى دەیوت "تاران گوشارى لێکردین". بەڵام ساڵی ١٩٩٧ رۆژنامەى دی پرێسە (Die Presse) راپرسییەکى لەبارەى تیرۆرەکەى قاسملو و رۆڵى دەوڵەتى نەمسا ئەنجامدا. لە راپرسییەدا ٥٥% بەشداربوان رایانگەیاندبوو "حکومەتى نەمسا چاوپۆشیى لە تاوانى بکوژەکان کردووە". سەرنجڕاکێشە، کە ساڵانى ١٩٩٠دەکاندا بازرگانیى نێوان نەمسا و ئێران بە ڕێژەى ٦٠% زیادیکردبوو.

* زانیارییەکانى ئەم راپۆرتە لە دۆسییەکانى ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ەوە وەرگیراون کە لەبارەى تیرۆری قاسملووە ئامادەکراون.

ر.م