٣٢ ساڵە خوێن لە برینی هەڵەبجە دەچۆڕێت
کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە بەشێکە لە قڕکردن و سڕینەوەى کورد، کە لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنەکانى ئەنفال دا روویدا. دەیان ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا خوێن لە برینی هەڵەبجە دەچۆڕێت.
کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە بەشێکە لە قڕکردن و سڕینەوەى کورد، کە لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنەکانى ئەنفال دا روویدا. دەیان ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا خوێن لە برینی هەڵەبجە دەچۆڕێت.
٣٢ ساڵ لەوە پێش زیاتر لە ٥ هەزار مرۆڤ لەلایەن رژێمى سەدامەوە بە گازی کیمیایی و بەشێوەیەکى دڕندانە کۆمەڵکوژکران. کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە بەشێکە لە پرۆسەى قڕکردن و سڕینەوى کورد، کە بە ناوی ئۆپراسیۆنەکانى ئەنفالەوە بەڕێوەدەچوون. دەیان ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا برینەکانى هەڵەبجە خوێنیان لێدەچۆڕێت.
بەڕێوەبەرانی عێراق کە لە رێگەى کودەتاوە دەسەڵاتیان دەگرتە دەست هەموو کات بە پاساوی تێکۆشانی کوردایەتی لە باشووری کوردستان کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە. قورسترین ھێرش لە دوای ساڵی ١٩٧٥ دەستیپێکرد. ئەو هێرشە دواى رێککەوتنى جەزایر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێران و عێراق روویدا.
لە ساڵی ١٩٧٥ دا ئەمریکا بۆ ئەوەى ناکۆکیی نێوان ئێران و عێراق چارەسەر بکات ئەو دوو دەوڵەتەى لە جەزایر کۆکردەوە. لە ئەنجامی کۆبوونەوەى نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا دەبوایە ناوچەی ئەمنی لە سنوورەکان دروست بکرایە و بەو شێوە لە ناو خۆیاندا کێشەى سنووریان چارەسەر کردبوو. ئەو رێککەوتنە لەلایەن کوردەوە ناوی لێنرا "ئاشبەتاڵ". پێش ئەوەى ئەو رێککەوتنە ئاشکرا بکرێت، فڕۆکە جەنگییەکانى عێراق لە سلێمانى تاوەکو بادینان، لە قەندیل تاوەکو خواکورک، زاپ، گارە و سەرتاسەری باشووری کوردستانیان بۆردومانکرد و گوند، شارۆچکە، شارەکان و چیاکانیان کردبووە ئامانجی بۆردومانەکانیان. هەزاران گوند چۆڵکران. ئەو گوندانەى چۆڵکران لەلایەن سەربازانى عێراقەوە ئاگریان تێبەردرا و خاپورکران. بەشێک لە هێزی پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد بۆ باکووری کوردستان و بەشێکى تریشیان کشانەوە بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان و بەشێکیشیان لە چیاکاندا مانەوە.
کۆمەڵکوژی و پرۆسەکانی سڕینەوەی ئەنفال
کاریگەریی ئاشبەتاڵ بۆ چەندین ساڵی دوور و درێژ بەردەوامیی هەبوو. ئەحمەد حەسەن بەکر کە لە ساڵی ١٩٧٨ لە رێگەى سەدامەوە دەسەڵاتی گرتەدەست، لە دەورووبەری هەولێر، رانیە، سلێمانی، زاخۆ و دهۆک دەستیکرد بە دروستکردنی کامپ. ئەو کەسانەى لە خاپوورکردن و سوتاندنی گوندەکان رزگاریان دەبوو بە زۆر لەو کامپانەدا نیشتەجێ دەکران. ئەوانەشی ئامادە نەبوون گوندەکانیان چۆڵ بکەن لەلایەن سەربازانی عێراقەوە بە زۆر لە گوندەکان دەردەکران و لەو کامپانەدا نیشتەجێ کران. لە کۆتایى ساڵی ١٩٧٨دا سەدام حوسێن، ئەحمەد حەسەن بەکری لەسەر دەسەڵات لابرد، کە خۆی لەسەر دەسەڵات داینابوو. ئەو کۆمەڵکوژییانەى لەلایەن بەکرەوە دەستیان پێکردبوو لەلایەن سەلادامەوە بەردەوامییان پێدرا و کۆمەڵکوژی و پرۆسەى سڕینەوەى کورد بە ناوی ئەنفال دەستیپێکرد. یەکەم ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٢ دەستیپێکرد و ماوەى ٤ ساڵ بەردەوام بوو.
هاوکات سەدام راشیگەیاندبوو، رێککەوتننامەى جەزایر قبوڵ ناکات و ئەو سنوورانەى لە چوارچێوەى ئەو رێککەوتنەدا دەستنیشانکراون قبوڵ ناکات. بەوشێوەیە دەستی بە ئامادەکاریی شەڕ لە دژی ئێران کرد. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٩ شەڕێکى بۆ ماوەى ٩ ساڵ دەستپێکرد، کە بە ناوی شەڕی ئێران و عێراق دەناسرێت، بەڵام لە راستیدا ئەو شەڕە لە خاکی کوردستاندا بەڕێوەچوو.
لە ساڵی ١٩٨٨دا بە ناوبژیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو شەڕە کۆتایی پێهات، بەڵام کاتێک شەڕ بەرەو کۆتایى دەچوو هەم عێراق و هەم ئێران هێزەکانیان لە دژی کورد جوڵاند.
عەلی حەسەن مەجید: بۆ ١٥ رۆژ بە چەکی کیمیایی هێرشیان دەکەمە سەر
عەلی حەسەن مەجید، کە بە عەلی کیمیایی ناسراوە، لە ٢٦ی ئایاری ١٩٨٧ دا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی بەعس قسەى کرد و وتی "کاتێک کۆتاییمان بەو دەرکرا و ئاوارانە هێنا، لە هەموو شوێنێک هێرشیان دەکەینە سەر (هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە)... ئێمە لە ناوچەى بچووک بچووکدا گەمارۆیان دەدەین و بە چەکی کیمیایی هێرشیان دەکەینە سەر. من تەنها رۆژێک بە چەکی کیمیایی هێرشیان ناکەمە سەر، بەڵکو من بۆ ماوەى ١٥ رۆژ بە چەکی کیمیایی هێرشیان دەکەمە سەر".
ئەوە پرۆسەیە بووە هۆی پرۆسەی سڕینەوەى کورد بە ناوی ئەنفال لە ٨ قۆناغ دا دەستپێبکات و لە شوبایت ١٩٨٨ تاوەکو ئەیلولی ١٩٨٨ بەردەوامیی هەبوو.
بەو شێوەیە چەند مانگ پێش کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران و کەمبوونەوەى شەڕی بۆ خۆی بە دەرفەت زانی و لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ دا بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە و ٥ هەزار کوردی بە چەکی کیمیای کۆمەڵکوژکرد. لە کاتی ئۆپراسیۆنی ئەنفال دا نزیکەى ٢٠٠ هەزار مرۆڤی کورد کۆمەڵکوژکران و لە کاتى ئەو کۆمەڵکوژییەدا سەدا ٩٠ی گوندەکانى کوردستان خاپوورکران.
٣٢ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا خوێن لە برینەکانى دەچۆڕێت
٣٢ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا تێپەڕی، بەڵام هێشتا هەڵەبجە بۆ برینی کوردان خوێنی لێدەچۆڕێت. کاتێک ئەو کۆمەڵکوژییە ئەنجامدرا هیچ دەنگێک لە کۆمەڵی نێودەوڵەتى بەرز نەبوویەوە. لەو کاتەدا یەکێتیى سۆڤیەت و وڵاتانیى رۆژئاوا و جیهانی عەرەبی پشتیوانیی عێراقیان دەکرد لە دژی رژێمى ئێران. تەنها فەرەنسا بە راگەیاندراوێک بەکارهێنانى چەکی کیمیای ئیدانە کرد. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٦ی نیسانی ١٩٨٨دا بە شێوەیەکى هەرزان و ساکار وتی، عێراق و ئێران چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە!.
تاقە کەسی ٣١ بنەماڵە؛ ئاراس عابید ئەکرەم
دواى کارەساتی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە دەستکرا بە لێکۆڵینەوە لەبارەى زیانەکانى کۆمەڵکوژییەکەوە و تاوەکو بزانرێت چەند کەس کۆمەڵکوژکراون، چەند کەس بێسەروشوێن بوون و چەند کەس بریندار بوون. یەکێک لەو رێکخراوانە کۆمەڵەى قوربانیانی چەکی کیمیاییە، کە بارەگاکەى لە هەڵەبجەیە.
کۆمەڵەى قوربانیانی هەڵەبجە دواى چەند ساڵ لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژییە ئەوەى تۆمارکردووە، کە ٥٦٠٠ کەس کۆمەڵکوژکراون. بەپێی ئامارەکانی ئەو کۆمەڵەیە دەیان منداڵ بۆ خۆ رزگارکردن لەو کۆمەڵکوژییە بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵهاتوون و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەى چارەنووسیانەوە لە بەردەستدا نییە.
هەروەها لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا ئەوە ئاشکرابووە، بە لانیکەمەوە لە هەر ماڵێکى هەڵەبجەدا شەهیدی چەکی کیمیایی هەیە.
بەهۆی ئە کۆمەڵکوژییەوە دەیان بنەماڵە بە تەواوی لە ناوچوون. لە ٣١ بنەماڵە تەنها یەک کەس ماوەتەوە. ئەویش ئاراس عابید ئەکرەم-ە، کە ەسرۆکی کۆمەڵەى قوربانیانی چەکی کیمیایی هەڵەبجەیە.
ئارای عابید ئەکرەم بە بۆنەى ٣٢هەمین ساڵیادی کیمیارانکردن هەڵەبجەوە رەخنەی لە بەڕێوەبەرانی کورد و حیزبە کوردییەکان گرت. ناڕەزایەتیی لە دژی هێزە نێونەتەوەییەکان نیشاندا، کە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەیان بە جینۆساید قبوڵ نەکردووە و بەو شێوەیە لە باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات رێگایان بۆ کۆمەڵکوژکردنی کوردان کردووەتەوە.
ئەکرەم: شەڕی دەسەڵاتی حیزبەکان بووەتە هۆی کۆمەڵکوژییەکان
ئەکرەم رایگەیاند، لەبەر ئەوەى حیزبەکان، رێکخستنەکان و هێزەکانى کورد یەکیان نەگرتووە ئەو کۆمەڵکوژییانە روویانداوە.
ئەکرەم راشیگەیاند، بەهۆی شەڕی دەسەڵات لە نێوان حیزبەکان و رێکخستنە کوردییەکاندا لە هەڵەبجە و زۆرێک لە ناوچەکانى تر کۆمەڵکوژکردنی کوردان روویاندا و وتی "چونکە سیاسەتیان بۆ یەکێتی، تێکۆشانی یەکگرتووانە نەبووە و بەو هۆیەوە کارەساتمان بەسەردا هاتووە".
'هێزە نێونەتەوەییەکان هاوبەشن لە کۆمەڵکوژییەکاندا
عابید ئەکرەم هێزە نێونەتەوەییەکانی بە شێوەیەکى توند رەخنەکرد، کە کۆمەڵکوژکردنی هەزاران کەس بە چەکی کیمیای بە جینۆساید نازانن و بە دەرەنجامی شەڕی ئێران و عێراقی دەزانن. وتیشی "هۆکاری ئەو نزیکایەتییەش ناکۆکی و یەکنەبوونی و نایەکگرتوویى نێوان حیزبەکانمانە. ئەوە لایەنێکى کێشەکەیە. لایەکى تری گرنگی کێشەکە بۆ هاوکاریکردنی هێزە نێونەتەوەییەکان لە فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە سەدام حوسێن دەگەڕێتەوە. نەک تەنها سەدام حوسێن، بەڵکو ئەو هێزە نێونەتەوەییانەش لەو کۆمەڵکوژییە بەرپرسیارن، بۆیە وەک جینۆسایدی کوردان قبوڵی ناکەن".
'بەهۆی ئەوەى حیزبە کوردییەکان یەکیان نەگرت...'
ئەکرەم باسی ئەوەیکرد، بۆ ئەوەى رێ لە کۆمەڵکوژی لە پارچەکانى تردا بگیرێت دەبێت حیزب و رێکخستنە کوردیەکان یەکبگرن، بەڵام ئەوە ناکەن و لەبەر ئەوەش لە پارچەکانى تریش چەندینجار کۆمەڵکوژی روویانداوە.
عابید ئەکرەم ئەوەشی وت "دواى ئەوەى سەدام حوسێن رووخا، ئەگەر بەڕێوەبەریی کورد لە باشووری کوردستان بیانتوانییایە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، بارزان، و ناوچەکانى تری باشووری کوردستان بگەیاندایەتە گۆڕەپانی نێونەتەوەیى و بیانتوانیایە کاری سیاسی و دیپلۆماسییان بۆ بکردایە، ئەوا ئەمڕۆ لە پارچەکانى تری کوردستان، لە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئکۆمەڵکوژی تری روویان نەدەدا، ئەوا لە شەنگال کۆمەڵکوژی رووی نەدەدا".
'حیزبەکان بەرپرسیارن'
عابید ئەکرەم ئاماژەى بەوەشکرد، ٣٢ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ساڕێژ نەبووە و هەر وەک یەکەم رۆژ خوێنی لێدەچۆڕێت. ئەوەشی وت "لە هەڵەبجە لە ٣١ بنەماڵەدا تەنها یەک کەس ماوەتەوە. لە هەر بنەماڵەیەکەدا شەهید هەیە. هەندێک لە بنەماڵەکان ١٢ شەهیدیان هەیە. دەیان منداڵ بێسەروشوێن بوون، کە دواى بۆردومانکە چوونەتە ئێران و رۆژهەڵات و دواتر نەگەڕاونەتەوە. تا ئێستاش نازانرێت لە ژیاندا ماون یان نا".
ئەکەرەم باسی ئەوەشیکرد، لەو کێشەیەدا حیزبەکان بەرپرسیارن و وتی "دەبێت حیزبەکانمان لەو کێشەیە تێبگەن و بەپێى ئەوە کار بکەن. دەبێت کار بکەن بۆ ئەوەى کۆمەڵکوژکردنی کوردان بە هێزە نێونەتەوەییەکان پەسەند بکەن".
ژ.ت