٥ رۆژە ٢ زیندانیی سیاسیی ژن لە زیندانی سنە لە مانگرتندان

پەروین ئەدوایى و فەریدە وەیسی دوو چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی کورد لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە ماوەى ٥ رۆژە دەستیان بە مانگرتن کردووە.

تۆڕی مافەکانى مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، فەریدە وەیسی و پەروین ئەدوایی لە رۆژی دووشەممەى رابردوو ٩ی ئادار / ١٩ی رەشەممە لە زیندانی چاکسازی و پەروەردەی سنە دەستیان بە مانگرتن کردووە.

فەریدە وەیسی لە دوا قۆناغی لێکۆڵینەوەیدا بووە لە گرتوخانەى ئیتڵاعات لە شاری سنە و بڕیار بوو بە دانانی بارمتەیەک ئازاد بکرێت، بەڵام گواستراوەتەوە بۆ زیندانى چاکسازی و پەروەردەی سنە و هیچ باسێک لە ئازادکردنەکەى لە گۆڕێدا نییە، بۆیە لە دژی ئەو دۆخە ناڕوونەى دەستی بە مانگرتن کردوووە.

پەروین ئەدوایى چالاکوانی مەدەنیی کورد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە رێگانەدانی بۆ چوونە دەرەوەى زیندان بەپێى مۆڵەت دەستی بە مانگرتن کردووە. بەپێى یاسای دەزگای دادی ئێران، ئەو زیندانییانەى بە تۆمەتى ئەمنی دەستگیرکراون و سزاکەیان کەمتر لە ٥ ساڵ زیندانییە مافی ئەوەیان هەیە سوود لە مۆڵەت وەربگرن، بەڵام ئەو مافە لە پەروین ئەدوایى زەوتکراوە.

هێزە ئەمنییەکانى ئێران لە مانگی گەلاوێژی ساڵی رابردوودا هێرشیان کردە سەر ماڵی پەروین ئەدوایى چالاکوانى مەدەنی و هەڵسوڕاوی بواری مافەکانى ژنان لە مەریوان و دەستگیریان کرد و گواستیانەوە بۆ گرتوخانەى ئیتڵاعات لە سنە. پەروین ئەدوایى بە تۆمەتى "کارکردن لە دژی ئاسایشی نەتەوەیى لە رێگەى هاوکاریکردنى پارتی ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک)"ەوە سزای ٢ ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرا.

فەریدە وەیس-یش لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لەگەڵ سیروس عەباسیی هاوسەریدا لە شوێنى کارەکەیاندا دەستگیرکران. سەرباری ئەوەى لە قۆناغەکانی کۆتایى لێکۆڵینەوەکاندایە، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆسیەکەى بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و خۆیشی لە زیندانی چاکسازی و پەروەردەى سنە راگیراوە.

سەرباری بڕیاری دەزگای دادوەریی ئێران لە ٧ی رەشەممە / ٢٦ی شوبات بۆ ناردنەوەى زیندانیان بۆ ماڵەکانیان بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩)، بەڵام تاوەکو ئێستا و سەرباری تێپەڕینی ١٦ رۆژ بەسەر ئەو بڕیارەدا هیچ یەک لە زیندانیانی سیاسیی کورد رەوانەى ماڵەوە نەکراون.

ژ.ت