٥ پارتی باكووری كوردستان سه‌ردانی هه‌ده‌په‌یان كرد
٥ پارتی باكووری كوردستان كه «ڕێككه‌وتنی كوردستانی بۆ هه‌ڵبژاردن»یان ڕاگه‌یاندووه، سه‌ردانی هه‌ده‌په‌یان كرد.
٥ پارتی باكووری كوردستان كه «ڕێككه‌وتنی كوردستانی بۆ هه‌ڵبژاردن»یان ڕاگه‌یاندووه، سه‌ردانی هه‌ده‌په‌یان كرد.
ئه‌مڕۆ ٥ پارتی باكووری كوردستان كه «ڕێككه‌وتنی كوردستانی بۆ هه‌ڵبژاردن»یان بونیادناوه، سه‌ردانی پارتی دیموكراتیی گه‌لان - هه‌ده‌په‌یان كرد له شاری ئامه‌د.
سه‌رۆكی پاك موسته‌فا ئۆزچه‌لیك ڕایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی ده‌رباز بووه. په‌روین بووڵدان هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په-ش ڕایگه‌یاند، داواكارییه‌كانی هه‌ر ٥ پارته‌كه، هه‌مان داواكارییه هاوبه‌شه‌كانی هه‌ده‌په و هه‌موو گه‌لی كوردن.
٥ پارتی باكووری كوردستان كه پێكهاتوون له حه‌ره‌كه‌تی ئازادی، پارتی ئازادیی كوردستان - پاك، پلاتفۆڕمی دیموكراتیی كوردستان - په‌ده‌كه، پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا - په‌ده‌كه-توركیا، پارتی سۆسیالیستی كوردستان - په‌سه‌كه، بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی توركیا كه ٢٤ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، «ڕێككه‌وتنی كوردستانی بۆ هه‌ڵبژاردن»یان ڕاگه‌یاندووه. سه‌رۆكی گشتیی ئه‌و پارتانه ئه‌مڕۆ سه‌ردانی پارتی دیموكراتیی گه‌لان - هه‌ده‌په‌یان كرد له ئامه‌د و له لایه‌ن په‌روین بووڵدان هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په، به‌دران ئۆزتورك هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده، سیاسه‌تمه‌دار ئه‌حمه‌د تورك و په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په پێشوازییان لێكرا. پارته‌كان ماوه‌یه‌كی درێژ گفتوگۆیان كرد ده‌رباره‌ی ڕێككه‌وتن بۆ هاوپه‌یمانه‌تیی هه‌ڵبژاردن. ئاشكرابوو كه كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجامی ئه‌رێنی هه‌بووه.
ئۆزچه‌لیك: دیداره‌كه‌مان ئه‌رێنی بوو
له دوای كۆبوونه‌وه‌كه، لایه‌نه‌كان له به‌رده‌م ناوه‌ندی هه‌ده‌په لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانییان دا. موسته‌فا ئۆزچه‌لیك هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتی ئازادیی كوردستان - پاك ڕایگه‌یاند: [به‌مه‌به‌ستی ڕێككه‌وتنێكی به‌رفره‌وان بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت سه‌ردانی هه‌ده‌په‌مان كرد. ئێمه له ٢ی ئایار\١٢ی بانه‌مه‌ڕ «ڕێككه‌وتنی كوردستانی بۆ هه‌ڵبژاردن»مان ڕاگه‌یاند. ئه‌و كات كۆمه‌ڵێك خاڵمان ده‌ستنیشانكردبوو، ڕامانگه‌یاندبوو كه هه‌ر لایه‌نێك ئه‌و خاڵانه په‌سه‌ند بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه ڕێكده‌كه‌وین و په‌یوه‌ندی دروست ده‌كه‌ین. ئێمه ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هاتینه ئێره و نامه‌یه‌كمان ڕاده‌ستی به‌ڕێز بووڵدان كرد. ده‌مانه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپانه هاوپه‌یمانه‌تی بكه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنی توركیا. دیداره‌كانمان ئه‌رێنین، به‌ڵام هه‌ڤاڵانمان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی خۆیان بڕیاری كۆتایی ده‌ده‌ن. ئێمه وه‌ك «ڕێككه‌وتنی كوردستانی بۆ هه‌ڵبژاردن» هاوپه‌یمانه‌تییه‌كی به‌رفره‌وان دروست ده‌كه‌ین.»
بووڵدان: داواكاری ئه‌و ٥ لایه‌نه، داواكاری ئێمه‌شن
دواتر په‌روین بووڵدان هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په لێدوانی دا و ڕایگه‌یاند: [ئێمه زۆر خۆشحاڵین كه ٥ پارتی كوردستانی به‌مه‌به‌ستی هاوپه‌یمانه‌تیی هه‌ڵبژاردن سه‌ردانی ئێمه‌یان كردووه. بۆ هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یران، دروستكردنی هاوپه‌یمانه‌تییه‌كی كوردستانی له‌پێناو ئاینده‌ی كوردان زۆر گرینگ و واتاداره. شانده‌كه داواكارییه‌كانی خۆیان ڕاده‌ستی ئێمه كرد. ئه‌و داواكارییانه، داواكاریی هه‌ده‌په و داواكارییه هاوبه‌شه‌كانی گه‌لی كوردن. ئه‌و داواكارییانه په‌یوه‌ندییان به ئاینده‌ی گه‌لی كورده‌وه هه‌یه و قبووڵ ده‌كرێن. ئێمه گرینگی به‌و داواكارییانه ده‌ده‌ین و له ماوه‌یه‌كی كورتدا وه‌ڵامییان ده‌ده‌ینه‌وه. له‌پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تییه زیاتر به‌رفره‌وان بێت، درێژه به دیداره‌كانمان ده‌ده‌ین. له‌پێناو به‌رفره‌وانبوونی ئه‌م ڕێككه‌وتنه، هه‌ر چی له‌ده‌ستمان بێت ده‌یكه‌ین و به‌رپرسیاره‌تیی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.]
s.m