پارتی بۆ پاراستنی سەربازە داگیرکەرەکانی تورک ڕێگای قاچاغ دروست دەکات

داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە خاکی باشوری کوردستاندا تا دێت فراونتر دەبێت. ئەو دەوڵەتە بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان  (پەدەکە) بنکە و بارەگای نوێ لە شیلادزی دەکاتەوە.

زریان برادۆستی - شیلادزی

بەپێی سەرچاوە هەرێمییەکان دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گردی ڕابێعەی شارۆچکەی شیلادزی و کۆمەڵگەی سیری بنکەیەکی نوێی داگیرکەریی کردووەتەوە.

 هەروەها لە گردەکانی تری ناوچەی شیلادزی ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بنکە و بارەگای تر بۆ سوپای داگیرکەری تورک دروست بکرێت، بۆ ئەوە مەبەستەش پەدەکە هەموو کارا ئاسانییەکی بۆ سوپای تورکی داگیرکەر کردووە.

بەپێى زانیارییەکان، ئەو کەسانەی کار بۆ دروستکردنی بنکە و بارەگای سوپای تورک لەو ناوچەیەدا دەکەن کەسانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ن و پارتی دیموکراتی کوردستان چاوساغی بۆ ئەو سوپا داگیرکەرە دەکات و ڕێگایان پیشان دەدات، چونکە ئەوە هێزە داگیرکەرە شارەزای ناوچەکە نین.

هەروەها پارتی بۆ پاراستنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە توڕەیی گەلی شیلادزی، ڕێگای قاچاخ بۆ ئەو سوپا داگیرکەرە لە نێوان شیلازدی بۆ دێرەلوک دروست دەکات.

 هەموو ئەو بلدۆزەر و شۆفڵ و حەفارە و پیداویستییانە، کە بۆ دروستکردنی ئەو ڕیگا قاچاخە بەکار دەهێنرێت لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، بەڵام کەسانی سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەکاری دەهێنن بۆ دروستکردنى ئەو رێگایە بۆ سوپای تورکی داگیرکەر.

ئەوە لە کاتێکدایە گەلی شیلادزێ لە ٢٦ کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٦ی رێبەندان لە دژی داگیرکەری و کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی ناوچەکە ڕاپەرینێکی جەماوریان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر ئەنجامدا و چوونە سەر بنکە و بارەگاکانی ‌هێزە داگیرکەرەکەی تورک لە کۆمەڵگەی سیرێی سەر بە شارۆچەکەی شیلادزی. هاووڵاتییانى راپەڕیو لەو راسانەیاندا تەواوی بارەگاکانی سوپای تورکی داگیرکەریان کۆنترۆڵ کرد و ئاگریان تێبەردا.

لە ئیستاشدا پارتی بە هەموو شێوەیک ڕێگری دەکات لەوەی گەلی ناوچەکە ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک دەرببڕن و بە پێچەوانەوە هەوڵدەدات گەل لە دژی پەکەکە هان بدات، بەڵام لەو پلان و سیاسەتەیەدا سەرکەوتوو نەبووە و خەڵکی ناوچەکە پلانەکەى پارتى لە دژی پەکەکە رەتدەکەنەوە.

ر.م