پارتی و تەڤگەری ئازادی وەڵامی ئەرشەد ساڵحی-یان دایەوە

کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک رایگەیاند، بەرەی تورکمانی بەئاشکرا لە بەیاننامەکەیان باس لە تورکمان بوونی شارەکە دەکەن.

دوای ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک ماوەی دوو ساڵە بە وەکالەت لە لایەن عەرەبێکی شۆڤێنییەوە بەڕێوە دەبرێت. لەو ماوەیەدا پرۆسەی بە عەرب کردنی کەرکوکی بەڕێوە دەبرد. ئەمەش بەهۆی رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک،  بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنى پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک دژایەتیی ئەم بڕیارەیان کرد.

دوێنی ئێوارەش لە بارەگای پارتی بڕیاری تورکمانی حزبە تورکمانییەکانی شاری کەرکوک بە سەرپەرشتیی ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی کۆبوونەوە و پاش کۆبونەوەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو:

''ئێمە پابەند نابین بەو بڕیارە تاکڕەوانەی هەر دوو حزبی کوردی دەربارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەین بۆ نەتەوەی تورکمان و عەرەبەکانی کەرکوکیش پشتگیریی ئێمە ئەکەن، جەخت لە سەر ئەوە دەکەینەوە کە بەهیچ جۆرێک قەبووڵمان نییە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەم ناوچانە، بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین دەستکەوتەکانی ئۆپەراسێونی سەپاندنی یاسا بپارێزێت و هێزی زیاتر رەوانەی کەرکوک بکات".

دڵشاد پیرۆت ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە سەر پشکی پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) وەڵامی بەیاننامەکەی ئەرشەد ساڵحیی دایەوە و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی  وت: "ئەوان هیچیان پێ ناکرێت. چی ئەکەن با بیکەن یاسا لە پشت کوردە بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی ئەندام ئەنجوومەنەکانی شاری کەرکوک کوردن. دانانی پارێزگاریش بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکوک دەبێت."

هەروەها کۆمەل سەرمەد هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکیش لە وەڵامی ئەم بەیاننامەیەی ئەرشەد ساڵحی دا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "دانانی پارێزگاری کورد لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ حزبەکانی تورکمان و عەرەب وایکرد، کە حزبە نەتەوە پەرستەکانی تورکمان و عەرەب لایەنگرانی خۆیان بێننە سەر شەقامەکان و دژایەتیی هاتنەوەی کورد بکەن."

هەروەها هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی ڕاشیگەیاند: "جێگای نیگەرانی ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی ئەو دانیشتنەی دوێنێی بەرەی تورکمانی بوو، کە باس لەوە دەکەن لەگەڵ هاتنەوەی پێشمەرگە و ئاسایی کردنەوەی دۆخەکەدا نین، بەئاشکرا لە بەیاننامەکەیان دا باس لە تورکمان بوونی شارەکە دەکەن و داوای پارێزگایەکی تورکمان دەکەن، ئێمە دژی ئەو لێدوانە تایفەگەریانەین. لە کاتێکی ئەوەها هەستیاردا بەیاننامەى لەو شێوەیە بە تایبەتی لەلایەن ئەرشەد ساڵحیەوە، خزمەت بە پێکەوە ژیان و نزیکبوونەوەی پێکهاتەکانی شارەکە ناکات."

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد وتی: "ئەمجۆرە لێدوانانە دەستێکی دەرکیی تێدایە، کە حەز بە بارودۆخێکی بێ سەرەوبەرەی شارەکە دەکات تا بتوانن هێزی سەربازی دروست بکەن. ئەوی ئێمە دەبینین لەلایەن تورکیاوە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای شارەکەیە دەدرێت و کەرکوکی تووش سڕینەوە و قڕکردنی کەلتوری کردووە و هێزی سەربازیی بچوک بچوکی دروست کردووە تا رێکخستنی خۆی بەهێز بکات لە شاری کەرکوک."

لە کۆتایدا کۆمەڵ سەرمەد ئەوەشی وت: "تەڵگەری ئازادی دژی هەموو وتارێکی تایفی و نەتەوەیی و ئاینییە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین  بەڕێوەبەرییەکی دیموکراسیانە و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لە شاری کەرکوک هەبێت، بەلامانەوە گرنگ نییە پارێزگاری شارەکە لە چ نەتەوەیەکە. ئەوەی گرنگە خزمەت بە پێکهاتەکانی شارەکە بکات."

ر.م