ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی ڕابردوو لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەشداریی بەرنامەیەکی ئاریەن تی ڤی کرد و سەبارەت بە کەمپەینی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین قسەیکرد.
سالح نیکبەخت، کە پارێزەر و یەکێک لە ڕێکخەرەرکانی کەمپەینەکەیە، ڕایگەیاند: ژمارەی ئەو پارێزەرانەی کەمپەینەکەیان واژۆ کردووە گەیشتووەتە ١١٢ کەس، زیاتر لە نیوەیان پارێزەرانی بەشەرفی ئێرانین و ئەوانی دیکەش پارێزەری کورد.
نیکبەخت، وتی: دەوڵەتی تورک لە بنەڕەتدا هیچ مافێک بۆ گەلی کورد بە ڕەوا نازانێت، کورد لە هەر شوێنێکی جیهان دەستکەوتێک بە دەست بێنێت دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەری".
هەروەها، وتی: ئێمە لە ڕاگەیەندراوی کەمپەینەکەماندا بانگەوازییمان لە هەموو پارێزەرانی جیهان کردووە، کە بەشداربن لە کەمپەینەکەدا و دەستدرێژیی حکومەتی تورک بۆ سەر خاکی باکوری سوریا شەرمەزار بکەن، کە لە دژی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لە بەردەوامی قسەکانیدا، ساڵح نیکبەخت، تیشکی خستە سەر هۆکاری بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وتی: ئێمەی کورد هەرگیز یەکگرتوو نەبووین، ئەوەندەی کورد لە دژی کورد دا شەڕی کردووە، قەت لە دژی دوژمنەکانیدا نەیکردووە، بۆیە ئەوەندەی پێویستە بەرگریی لە کوردیش نەکراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ناوبراو، وتیشی: ئەو وڵاتانەی ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە، تا مانگێک پێش ئێستا شانازییان دەکرد بەو تێکۆشانەی کورد لە دژی چەتەکانی داعش و چەتەکانی سەربە تورکیا ئەنجامیان دەدا.
لەبارەی ئەرکی ڕاگەیاندنە کوردییەکانیشەوە، ئەو پارێزەرە، وتی: ئەرکی میدیاکان و بەتایبەت میدیاکانی باشوری کوردستان ئەوەیە، کە ئەو پێشێلکارییەی لە دژی عەفرین ئەنجام دەدرێت لە ئاستی نێودەوڵەتی دا بڵاوبکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا، نیکبەخت، وتی: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، کاتێک لە دژی سنوورەکانی وڵاتێک پێشێلکاریی دەکرێت، ئەو وڵاتە بۆی هەیە بەرگریی لە خۆی بکات، بۆیە بەرخۆدانێک کە لە عەفرین ڕوودەدات بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەوایە.
جێگای ئاماژەیە، ماوەی دوو ڕۆژە کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردووە، کە تێیدا پارێزەران هێرش و پێشێلکاریی دەوڵەتی تورک لە دژی کانتۆنی عەفرین شەرمەزاردەکەن، ئەو کەمپەینە بەنیازە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا واژۆ لە پارێزەرانی جیهان وەربگرێت و پرسی عەفرین بکاتە پرسێکی جیهانی.