پاژک: خۆڕاگری ١٤ی تەموز رێگای ئازادی پیشاندا

کۆردیناسیۆنی پاژک بە بۆنەی ٣٨-هەمین ساڵیادی خۆڕگریی ١٤ی تەموزی رۆژووی مردن (رۆژووی مانگرتن لە خواردن تا مردن) راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و جەختی کردەوە کە ئەم خۆڕاگریە رێگای ئازادی پیشاندا.

کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان-پاژک لە راگەیێنراوێکدا یادی کادیرانی پێشەنگی پەکەکە هەر یەک لە خەیری دورموش، کەمال پیر، عەلی چیچەک و ئاکیف یلمازی کردەوە کە لە ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٨٢ خۆڕاگریی رۆژووی مانگرتن لە خواردن تا مردنیان، دەستپێکردبوو.

لە راگەیێنراوەکەی پاژکدا هاتووە:

"کەمال، خەیری، ئاکیف و مەزلوم لە ١٤ی تەموزدا بە قوربانیکردنی جەستەی خۆیان، خۆڕاگریان کرد و لە مێژووی شۆڕشی کوردستان و تورکیادا دەرباسی قۆناغێکی نوێ بوون. رێبەر ئاپۆش ئاڵای خۆڕاگریە گەورەکەی ١٤ی تەموزی رۆژووی مردنی، گۆڕی بۆ چالاکی خۆڕاگریەکەی ١٥ی ئاب. ئێمە شەهیدەکانمان کە رێچکەهەڵگری خۆڕاگری تێکۆشانی ئازادین بۆ هەبوونی گەلی کورد، لە کەسایەتی شەهیدانی خۆڕاگرییە گەورەکەی ١٤ی تەموزی رۆژووی مردن، بە رێز و حوڕمەتەوە یاد دەکەینەوە.

کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلول لە تورکیا قۆناغێکی نوێی هێنایە ئاراوە. هەنگاوەکانی یەکەمی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە دەیانەوێت دەوڵەتێکی نوێ بونیاد بنێن، بە کودەتاکەی ١٢ی ئەیلول ئامادە کراوە. سەنتێزی تورک-ئیسلام کە وەکو فاشیزمی سەوز ناو دەبرێت و هاوکات ئیخوان موسلیمین کە لەسەر خاکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بەڕێکخستن دەکات، فشار لەسەر هەژاران دروست دەکات. ئەم سیستمە لە تورکیا خۆی بەرێکخستن دەکات. ئەردۆغان و رژێمی ئاکەپە-مەهەپە کە خۆیان وەها راڤە دەکەن، سەرکێشی ئەم سیستمی فاشیزمەن، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی هەموو ناوچەکە دەدەن. بەو هێرشە فاشیانەیان دەیانەوێت بە تایبەت گەلانی تورکیا، کوردستان، سوریا، یەمەن، لیبیا، قوبرس، سودان و چەندین وڵاتی تر، بە ئیخوانی بە رێکخستن بکەن، لە باڵکانیش مافیا و چەتەکانیان جێگیر بکەن و هیوا و ئاواتی عوسمانیەکان بە سیاسەتی ئیخوان موسلیمین بەدی بهێنن. لە سەرتاسەری ناوچەکە، تاڵانکردن و دەستدرێژی و ئاسیمیلاسیۆن لە دژی گەل و ژن و سروشت بەڕێوە دەبرێت.

لە چوارچێوەی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیادا کۆمەڵێک ئامانجی ١٢ ئەیلول هەن کە تا ئێستا تێیدا سەرکەوتوو نەبوون

لە چوارچێوەی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیادا بە سەرکێشی رژێمی ئاکەپە-مەهەپە کە سەر لە نوێ خۆی بەرێکخستن دەکات، کۆمەڵێک ئامانجی ١٢ی ئەیلول هەن کە تا ئێستا تێیدا سەرکەوتوو نەبوون. رژێمی ئاکەپە-مەهەپە بە فەرمانی  'هەموو خاکەکە داگیر بکەن، هەموو جەستەکانیش داگیر بکەن' دوجوڵێتەوە. داگیرکردنی خاکی کوردستان بە رێگای سوپاکەیانەوە، هاوکات بە واتای ئەوە دێت کە جەستەی ژنانیش داگیر بکەن. ئەمڕۆ کاتێک هێرش دەکاتە سەر باکور و باشوری کوردستان، هاوکات تاوانەکانی دژی ژنان، توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر رۆڵە و منداڵەکانی تورکیاش زیادی کردووە. دەیانەوێت پەیمانی ئەستەنبول'ی پاراستنی مافی ژنان، هەڵوەشێننەوە. هەموو کردەوە داگیرکەری و تاوان و دەستدرێژیەکانیان، سیاسی و ئایدۆلۆجین. هەموو ئەمانە وابەستەی یەکن و لە ناو یەکدان. هێرشەکانی سەر کۆمەڵگا، خاک، ئاو، هەوا و رەج و ماندووبوون، یەکسانە بە هێرشکردنە سەر ژنان. دەبێت هیچ ژنێک ئەوە لەبیر نەکات کە، کاتێک خاک، ئاو، هەوا و رەنج و ماندووبوونمان بپارێزین، ئەوسا دەتوانین خاوەنداری لە خۆڕاگری و ئازادی خۆشمان بکەن.

فاشیزم بە سیستمێکی جیاواز هێرش دەکات. کاتێک لە باشوری کوردستان هێرش دەکاتە سەر حەفتانین، بەمە دەیەوێت پەیمانی ئەستەنبوڵیش هەڵوەشێنێتەوە. هەروها کوشتن و لە ناوبردنی بزنە کێویەکانی دەرسیم، کوشتنی ورچەکانی ناوچەی فندکلیی شاری ریزە. بە گرتنەوەی ئاوی رووباری فورات، گەلی باکوری سوریا بێ ئاو دەهێڵێتەوە، هەروەها موزەخانەی ئایاسوفیای گۆڕی بۆ مزگەوت، هەروەها بە تێپەڕاندنی یاسای سەندیکاکان لە پەرلەمان، دەیانەوێت پارێزەران بەدیل بگرن. رژێمی ئاکەپە-مەهەپە دوژمنی مێژوو، کۆمەڵگا، ژن، هەموو جوانیەکانی سروشت، باشیەکان، یەکسانی و ئازادیە. دوژمنی هەموو ئەو کەسانەیە نایانەوێت خۆیان تەسلیم بکەن.

تەنها شتێک کە نەیانتوانی بە دیلی بیگرن...

رژێمی نوێی تورک کە بە قۆناغی نوێژەنکردنەوەی کۆمار لەسەر بنچینەی کودەتا سەربازیە فاشیستەکەی ١٢ی ئەیلول دەستی پێکرد، رژێمێکی نوێی بەدیلگرتنی دروست کرد. ئەم رژێمە یاسا، سوپا، پۆلیس، سیستمی پەروەردە و دادی بە دیل گرتووە. کودەتا سەربازیە فاشیستەکەی ١٢ی ئەیلولیش ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە هەموو یاساکانی ناو زیندانەکان ئەوان خۆیان دایانناوە. لە ناو ژوورە تاکەکەسیەکانی زیندانی ئامەد، ئەسەد ئۆکتای دەیوت، 'لێرە یاسا منم'. خۆڕاگرانی رۆژووی مردن ئەوەیان دەزانی کە هەموو فەرمان و بڕیارێک لە لای ئەسەد ئۆکتایە. بەڵام تەنها شتێک کە نەیانتوانی لێیان بسەننەوە و بەدیلی بگرن، خودی ئەو خۆڕاگرانە بوون. لەگەڵ ئەم راستیە، کەمال، خەیری، ئاکیف و مەزلوم و سارا کەوتنە خۆڕاگری و تەلیسمی دیوارە ئاسنینەکانی زیندانی ئامەدیان هەڵوەشاندەوە و گۆڕیان بۆ راستی.

رێگای ئازادیان نیشاندا

ئێمەش وەکو ژنانی کورد بە رۆحی خۆڕاگریی کەمال و خەیری و ئاکیف و مەزلوم و سارا لە دژی فاشیزم تێدەکۆشین. ئێمە ئەوە باش دەزانین کە مێژووی کۆمەڵگاکان بە دەستی ژنان دەنووسرێتەوە. لە دژی هێرشی داگیرکەران، خاک و سروشت و ئاو و هەوامان دەپارێزین و لە خۆڕاگریدا دەبین. خۆڕاگرانی ١٤ی تەموزی رۆژووی مردن رێگای خۆڕاگریان پیشانی ئێمەدا.

ئێمە وەکو پارتی ئازادی ژنانی کوردستان لە کەسایەتی شەهیدانی رۆژووی ١٤ی تەموزدا، هەموو شەهیدانی ئازادی بە رێز و وابەستەبوونەوە یاد دەکەینەوە. بەڵێنی ئازادیش دووپات دەکەینەوە."

ز.ش