پرۆفیسۆر ئالپای: زمانی کوردی، سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە

پرۆفیسۆر نەجمیە ئالپای، زمانناس؛ لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، سەرەڕای ئەو هەموو زەخت و گوشار و سیاسەتی تواندنەوەی زمانی کوردی، بەڵام کوردی گەشەکردنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە.

 

پرۆفیسۆر ئاڵپای، بەبۆنەی ٢١ی شوبات/٢ی ڕەشەممە ساڵڕۆژی جیهانی زمانی دایک، قسەی بۆ ئاژانسی فرات کرد. ئالپای بە وتنی ''زمانی دایک، کاریگەری تەواوی لەسەر ڕۆحیە و تێگەیشتنی ئینسانەکان هەیە"، ئاماژەی بە گرینگی زمانی زگماکی دا و ئاشکرای کرد کە مرۆڤ کە لە زگی دایک-یشی دایە هەر بە دەنگ و هەستەکانی زمانی دایکی گەورە دەبێت.

 

ئالپای، ئاشکرای دەکات کە زمانی دایک گۆڕەپانێکە لە ڕامان، زانست و هونەر. لە تورکیا بەداخەوە گرینگی بەوە نادرێت. دەسەڵات لە جێی ئەوەی کە بە ڕێزەوە نیزیکی زمانی دایک بێتەوە و پارێزوانی لە کولتوور بکات، بە زەخت و زۆر و هێرش کردن لە هەوڵی پاشەکشەکردن بە زمان و کولتوور دایە.

 

ئاڵپای بۆ نموونە هێنانەوە لە مەڕ ئەو بابەتە، باسی شارەداری سوور-ی ئامەد-ی کرد کە بە ٦زمان کارەکانی خۆی دەکرد، بەڵام دەسەڵات پێشی پێگرت.

 

دەسەڵات هەتا ئێستاش هەوڵ دەدا وتنی 'زمانی دایکی'، بە تەواوەتی نەهێڵێ و سیاسەتێکی تاک زمانی پەێڕەو دەکات. بە گۆڕینی نێوی پارک و باخچەکان، بە داخستنی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان، بە قەدەخەکردنی ئاواز و گۆرانی، هیچ ئەنجامێک وەدەست ناخرێت. هەموو گەلێک بۆ پاراستنی زمان و کولتووری خۆی تێکۆشان دەکات و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی زمان، هەوڵدانێکی گەمژانە و بێ ئەنجامە.

''بۆ ئاشتەواییەکی هەمیشەیی، پێویستە بە ڕێزەوە نیزیکی زمانی دایکی ببنەوە"

پرۆفیسۆر ئالپای، کە لە هەمان کاتدا ئەندامی وەقفی ئاشتی-شە، پێیوایە کە بۆ ئاشتەواییەکی هەمیشەیی دەبێ ڕێز لە زمانی دایکی بگیرێت. دەسەڵاتێکی کە هەتا ئێستاش هەر بە (تەرەتە٦) دەنازێ و تاریفی خۆی دەکات، وەکوو هەر ڕژێمێکی زۆردار، زمان وەکوو کەرەستەیەکی سیاسی بەکار دەهێنێت.

ئاڵپای کوتی؛ ''تەرەتە٦یان کردەوە بەڵام لە ناوەرۆک و کولتووری کوردی خاڵییان کرد و هەروەکوو لایەنگرێکی خۆیان ناوەرۆکێکیشیان بۆ ئەو دیاری کرد. لە جیاتی ئەوەی کە مرۆڤی زمانناس، شارەزا و خاوەنەکانی ڕاستەقینەی ئەو زمان و کولتوورە کاری تێدا بکەن، کارمەندی خۆیان لێ دامەزراند و بەو جۆرە هەوڵیاندا سیاسەتیی تواندنەوەی بە ئەنجام بگەیێنن''.

ئاڵپای، کوتیشی؛ زمانی دایک چەندەی گوشاری لەسەر بێ، ئەوەندە بەهێزتر دەبێت. هەر بۆیە داپلۆسینی کولتوورەکان و قەدەخەکردن و تواندنەوەی زمان، شەرمێکی گەورەیە.

''کەس نەیتوانی زمانی کوردی لەناو بەرێت"

''زۆرێک لە زمانەکان بەهۆی زەخت و گوشارەکانەوە، لەناوچوون. بۆ ئەوەی کە زمانێک بتوانێ بمێنێتەوە، پێویستە وەچەی نوێ، فێری ببێت، قسەی پێبکات، گۆرانی بچڕێ، بنووسێ، شانۆ بکات و داڕشتنی بۆ بکات''.

پرۆفیسۆر ئاڵبای، بە ئاماژە بەوەی کە زمانی کوردی گوشارەکانی سەری مایەپوچ کردۆتەوە، ڕایگەیاند: ''لە ئێستا بە دواوە ئیدی کوردی تەنگاو نابێت. لەبەر ئەوەی بەشی خۆی کتێب، هونەر و بەرهەمی فکری و فەلسەفی ئافراندووە. پێشتریش هەبوون و زیاتریش نووسراون. خۆ کوردی تەنیا لە تورکیا نیە، کۆمەڵگایەکی گەورەیە و لە هەر جێیەک پارێزگاری لە زمان و کولتووری خۆی دەکات. کەس نەیتوانی کوردی لەناو بەرێت. دەتوانم بڵێم کە زمانی کوردی گەشەکردن و سەرکەوتنێکی گەورەی وەدەست هێناوە. لەمەودواش جار بە جار خۆی بەهێزتر و دەوڵەمەندتر دەکات. کەواتە ئەو زەختانەی کە تورکیا دەیکات، هەوڵدانێکی بێ ئاکامن".