'پسپۆڕی و هونەرەکەی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر گڵ'

دایە خانگوڵ یەکێک لەو هونەرمەندە میللیانەی خوڕاسان بوو کە وەک زۆربەی هونەرمەندانی دێرینی خۆڕاسان گرنگی پێنەدرا و پسپۆڕی و هونەرەکەی لەگەڵ جەستەیدا چووە ژێر گڵ.

دایە خانگوڵ کە وەک خانگوڵ مسرزادە دەناسرا لە ساڵی ١٩٤١ لە گوندی ئوغازی خوڕاسان لەدایکبووە و هێشتا زۆر منداڵ بووە کە دایک و باوکی کۆچی دواییان کردووە.

دایە خانگوڵ لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، تەمەنم چوار مانگ بووە کە باوکم کۆچی دوایی کردووە، نازانم لەکوێ لەدایکبووم، دایکیشم بە منداڵی کۆچی دوایی کرد. بێ دایک و باوک گەورەبووم. پورەکانم گەورەیان کردم. ئەوەندەم لەبیردێت کە تۆزێک گەورەبووم دەستم بەکار کرد. لە باخەکان کارم دەکرد. هارێیەکم بە ناوی مەدینە هەبوو، لە جەژناندا حاجی نەورۆزێک هەبوو دەهات من و مەدینەی دەبرد و دوو تومەنی دەدا بە ئێمە و گۆرانیمان دەوت. ئێمە زۆر هەژار بووین و بەو هۆیەوە ئەو کارەمان دەکرد."

گەنجی و منداڵی دایە خانگوڵ لە کارکردن لەناو باخەکانی خوڕاسان تێپەڕێ. دوو جار هاوسەرگیری کرد، بەڵام ئەنجامی هەردوو هاوسەریەکیە جیابوونەوە بوو و ئەوەش زیاتر وایلێکرد کە گۆشەگیر ببێت.

دایە خانگول زۆر بە باشی گۆرانی کومانجی خوڕاسانی دەوت،. لەو بوارەدا وەستا بوو. کاتێک یەکێک داوای لێبکردایە گۆرانی بڵێت، چاوەکانی دەگەشانەوە، ماوەیەکی کورت بیریردەکردەوە و لە ناخی دڵەوە گۆرانی و ئاوازێکی هەڵدەبژار و لەگەڵ هەناسەیەکی قوڵ دەستی پێدەکرد. جووڵە و شێوەی گۆرانی وتنی دایە خانگوڵ بێوێنە بوو.

دایە خانگوڵ ژمارەیەکی زۆری ئاواز و گۆرانی کورمانجی دێرینی لەسنگدابوو، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە ببوو و بە هۆی ئەوەی پشتگیریشی لێنەدەکرا، جگە لە ئەلبومێک بە ناوی (ئاوازی ژنانی کورمانج) بەرهەمەکانی تۆمارنەکراون.

دوایین جار لە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٠ دایە خانگوڵ بە یەکجاری ماڵئاوایی لە جیهان کرد. دایە خانگوڵ یەکێک لەو هونەرمەندە میللیانەی خوڕاسان بوو کە وەک زۆربەی هونەرمەندانی دێرینی خۆڕاسان گرنگی پێنەدرا و پسپۆڕی و هونەرەکەی لەگەڵ جەستەیدا چووە ژێر گڵ.

ف.ق