په‌كه‌كه به‌بۆنه‌ی ١ی ئایار داوای تێكۆشانی هاوبه‌ش ده‌كات
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه پیرۆزبایی ١ی ئایار ڕۆژی تێكۆشان، پشتگیری و یه‌كێتی له كرێكارانی كوردستان، توركیا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و سه‌رانسه‌ری جیهان كرد.
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه پیرۆزبایی ١ی ئایار ڕۆژی تێكۆشان، پشتگیری و یه‌كێتی له كرێكارانی كوردستان، توركیا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و سه‌رانسه‌ری جیهان كرد.
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان - په‌كه‌كه به‌بۆنه‌ی ١ی ئایار ڕۆژی تێكۆشان، پشتگیری و یه‌كێتی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و ڕایگه‌یاند: ئێمه ١ی ئایار ڕۆژی تێكۆشان، پشتگیری و یه‌كێتی له كرێكارانی كوردستان، توركیا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ته‌واوی جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین. یادی هه‌موو شه‌هیدانی ١ی ئایار له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه پێشه‌نگه‌كانی كرێكارانی ساڵی ١٨٨٧ كه له‌سێداره‌دران، ده‌كه‌ینه‌وه.
«له مانگرتنی ١٨٨٦ به‌دواوه كه دژی ٨ كاتژمێر كار كردن له شیكاگۆ ده‌ستی پێكرد، ١ی ئایار ڕۆژی تێكۆشان، پشتگیری و یه‌كێتیی كرێكاران به تێكۆشانی ١٣٢ ساڵه بووه به ڕۆژی تێكۆشان له‌پێناو سۆسیالیزمی دیموكراتی. ١ی ئایار ڕۆژێكی هاوبه‌شه كه زمان، ئایین و ڕه‌نگ هه‌ر چی بێت، له لایه‌ن هه‌موو كه‌سه‌وه پیرۆز ده‌كرێت.»
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان - په‌كه‌كه ده‌ستنیشانی كرد كه تێكۆشانی ١٣٢ ساڵه كه به ملیۆنان شه‌هیدی هه‌یه، ئه‌زموونێكی دیموكراتی زۆر به‌هێزی ئافراندووه كه ده‌توانێت كۆتایی به سه‌رمایه‌داری بێنێت.
ده‌توانرێت به تێكۆشان به ڕۆحی ١ی ئایار، ئه‌نجامی مێژوویی بئافرێنرێن
په‌كه‌كه ده‌ستنیشانی كرد كه ئێستا له هه‌موو كات زیاتر پشتگیریی ئینته‌رناسیۆنالیستی (نێونه‌ته‌وه‌یی) پێویسته.
«ئه‌و شوێنه‌ی كه سیسته‌می ده‌وڵه‌تپارێز و مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری تیایدا كه‌وتۆته نێو قه‌یران و گێژاو، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه. كاتێك به ڕۆحی ١ی ئایار له كوردستان، توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین تێكۆشان بكرێت، زۆر ئه‌نجامی مێژوویی ده‌رده‌كه‌ون له‌پێناو ئافراندنی شۆرشی دیموكراتی. ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی كه قه‌یران و گێژاوی تێدا هه‌ن، ئه‌و سه‌رده‌مانه‌شن كه پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی شۆڕشگێڕی تێدا ده‌ئافرێنرێن. ئێمه له كوردستان، توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له به‌رده‌م گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ین. بۆیه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین كه شه‌ڕی جیهانیی سێیه‌می لێ ڕووده‌دات، هه‌موو هێزه‌كانی دژ به شۆڕش له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی فاشیستی ئاكه‌په - مه‌هه‌په له توركیا له‌پێناو پاراستنی هه‌بوونی خۆیان به شێوه‌یه‌كی دواكه‌وتوانه به‌رگری ده‌كه‌ن.»
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه ده‌ستنیشانی كرد كه له زۆر سه‌رده‌می مێژوویی‌دا بینراوه كه له كاتی گێژاودا، به بۆچوونگه‌لێك كه چاره‌سه‌ری بۆ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌دۆزنه‌وه، ڕێڕه‌وی مێژوو ده‌گۆڕێت. هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه له‌نێو گێژاوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا ئه‌گه‌ر بۆچوونی ئافرێنه‌ر، ستراتیژی، تاكتیك و ڕێككه‌وتنی درووست بئافرێنرێن، گه‌وره‌ترین شۆڕشی دیموكراتیی مێژوویی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌دیدێت.
«له‌به‌ر ئه‌مه به‌رپرسیاره‌تیی مێژوویی هه‌موو دیموكراتخوازه شۆڕشگێڕه‌كان و هێزه‌سۆسیالیسته‌كانه كه یه‌كێتی، پشتگیری و هۆشمه‌ندیی تێكۆشان كه له ڕۆحی ١ی ئایاردا هه‌یه، له به‌رزترین ئاستدا بخه‌نه‌ڕوو. به ده‌رفه‌تی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی و هێڵی سێیه‌می سۆسیالیزمی دیموكراتیی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان كه دووره له ده‌سه‌ڵاتداره‌تی - ده‌وڵه‌تپه‌رستی، په‌كه‌كه ئه‌مڕۆ له كوردستان ده‌ستی به ئه‌مه كردووه و له ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین هه‌ڵمه‌تێكی شۆڕشی دیموكراتی به‌ڕێوه‌ده‌بات. له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان هه‌ڵمه‌تی شۆڕشی دیموكراتی وه‌گه‌ڕخراوه. له ڕۆژئاوای كوردستانیش ئه‌مڕۆ هه‌ڵمه‌تێكی نوێی شۆڕش كه خۆی به سیسته‌می كۆنفیدرالیزمی دیموكراتی ده‌سپێرێت، پێشده‌كه‌وێت. ئه‌م شۆڕشه له‌نێو عه‌ره‌ب، سریانی، ئه‌رمه‌نی، دورزی، چه‌چه‌ن، توركمان و هه‌موو گه‌لانی سووریا بڵاوبووه‌ته‌وه و كاریگه‌ری له سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كات.»
كاتێك ئاكه‌په - مه‌هه‌په تێك‌شكێنران، گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست له‌ناده‌چێت
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه ڕایگه‌یاند، فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په به ناوی هه‌موو هێزه سه‌رده‌ست و دواكه‌وتووه‌كان، له دژی پێشكه‌وتنی دیموكراتیی شۆڕشی كوردستان، توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌ستی به هێرش كردووه.
«زیهنیه‌تی دوژمنایه‌تیكردن و قڕكردنی كوردان-ی فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا بووه به دوژمنایه‌تیی دیموكراتی، دوژمنایه‌تیی گه‌لان و كرێكاران. كاتێك كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌ی دوژمنی دیموكراتی تێكبشكێنرێت، گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست له به‌رده‌م شۆڕشی دیموكراتی له توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌ناوده‌چێت و له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین سه‌رده‌می دیموكراتیی گه‌لان ده‌ستپێده‌كات.»
په‌كه‌كه ده‌ستنیشانی ده‌كات كه فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په له توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بووه به گه‌وره‌ترین دوژمنی دیموكراتی.
«دوژمنایه‌تیی دیموكراتی كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه ده‌یكات له‌گه‌ڵ دوژمنایه‌تیكردنی كوردان بووه به یه‌ك. دوژمنایه‌تیكردنی شۆڕشی دیموكراتیی سووریا، داگیركردنی عه‌فرین و سیاسه‌تی شه‌ڕی هێرشكاری، نیشانه‌ی دیاری دوژمنایه‌تیی دیموكراتییه. به گرتنی هه‌زاران سیاسه‌تمه‌دار، گرتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ڕۆژنامه‌وانان و بڕینه‌وه‌ی سزای توند به‌سه‌ریاندا، ده‌ریده‌خات كه فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په چه‌نده دوژمنی ئازادی و دیموكراتییه. به گوتنی - به باری نائاسایی ڕێگری له مانگرتنه‌كان ده‌كه‌ین - مرۆڤ تێده‌گات كه باری نائاسایی كه له لایه‌ن فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په ڕاگه‌یه‌نراوه، گورزێكه له دژی هێزه‌دیموكراتییه‌كان.»
پێویسته ١ی ئایار ببێته كۆنگره‌ی شۆڕشی دیموكراتی
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا باسی له گرینگی تێكۆشانی هاوبه‌شی دیموكراتی كرد كه پێویسته كورد، عه‌له‌وی، ژن و هه‌موو هێزه‌دیموكراتییه‌كان له دژی فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په بیكه‌ن.
«پێویسته كه ١ی ئایاری ٢٠١٨ ببێته كۆنگره‌یه‌كی شۆڕشی دیموكراتی و پلاتفۆرمی تێكۆشانی هاوبه‌ش دژ به دیكتاتۆره‌تیی فاشیستی ئاكه‌په - مه‌هه‌په. كاتێك ئه‌مه جێبه‌جێ كرا، كۆتایی به فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په دێت. سیسته‌می فاشیستی توركیا له دۆخێكی زۆر ته‌نگه‌تاو دایه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیدی ناتوانێت گه‌لان و ڕه‌نجده‌ران به‌ڕێوه‌ببات، هه‌میشه هێرش ده‌كات و به‌م شێوه‌یه ده‌یه‌وێت به‌رده‌وامی به هه‌بوونی خۆی بدات. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌رده‌وامی به ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی خۆی بدات، له‌سه‌ر بنه‌مای دوژمنایه‌تیی كوردان، دوژمنایه‌تیی دیموكراتی ده‌كات. گرینگه كه هه‌موو هێزه‌دیموكراته‌كان و گه‌لانی سووریا ئه‌م ڕاستییه بزانن. كورد له توركیا لایه‌نگری پارچه‌بوون نییه، كورد لایه‌نگری یه‌كێتیی دیموكراتییه و پارێزه‌ری ژیانی هاوبه‌شه. پێكهاته‌ی بنه‌ڕه‌تیی تێكۆشانی دیموكراتییه. ئه‌گه‌ر بڕیاره له توركیایه‌كی دیموكراتیدا، ژیانێكی خوشك و برایانه له‌گه‌ڵ كوردان به‌دیبێت، پێویسته هێزه‌دیموكراتییه‌كان ئه‌م یارییه‌ی دوژمنی دیموكراتی و ڕه‌نج تێكبده‌ن كه له‌سه‌ر بنه‌مای دوژمنایه‌تی كوردان به‌ڕێوه‌ده‌برێت.»
له هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یراندا پێویسته هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌ش له دژی فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په پیشان بدرێت
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه سه‌رنجی ڕاكێشایه سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یرانی توركیا و ده‌ستنیشانی كرد كه ٢٤ی حوزه‌یران هه‌ڵبژاردن له‌نێوان كه‌سه‌كاندا ناكرێت، به‌ڵكو هه‌ڵبژاردن له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت ڕێ له به‌رده‌م دیموكراتیزه‌بوونی توركیا بكه‌نه‌وه و ئه‌و هێزانه‌ی ده‌یانه‌وێت دیكتاتۆری به‌هێز بكرێت، ده‌كرێت.
په‌كه‌كه ڕایگه‌یاند كه پێویسته له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هێزه‌دیموكراتییه‌كان له دژی فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌ش پیشان بده‌ن.
«هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یران له هه‌مان كاتدا ده‌بێته پلاتفۆرمی تێكۆشانی دیموكراتی له دژی فاشیزم. كورد هاوشێوه‌ی هه‌موو جارێك، به‌شێوه‌یه‌كی چالاك جێگه‌ی خۆی له‌نێو ئه‌م پلاتفۆرمی دیموكراتییه‌دا ده‌گرێت دژ به فاشیزم و دیكتاتۆری.»
داوای تێكۆشانی هاوبه‌ش ده‌كرێت
كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان - په‌كه‌كه له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه له‌م كاته‌دا ئیراده‌ی تێكۆشانی هاوبه‌ش به‌هێز ده‌كه‌ن و وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد له هه‌موو كاتێك زیاتر له ئاستی باڵادا خاوه‌نداری له ڕۆحی ١ی ئایار ده‌كه‌ن.
«ئێمه ئاڵای خوشك و برایه‌تیی گه‌لان، ئازادیی كرێكاران، یه‌كسانی، دیموكراتی و سۆسیالیزم ده‌شه‌كێنینه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه داوا له گه‌لی كورد، گه‌لانی توركیا، گه‌ل و ڕه‌نجده‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كه‌ین كه له مه‌یدانه‌كان كۆببنه‌وه و تێكۆشانی هاوبه‌ش گه‌ش بكه‌ن.»
s.m