پژاک: پێویستە تا ڕوونبوونەوەی ڕەوشی ئێمڕالی گەل لەسەر شەقامەکان بێت

پەژاک ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە ئیمرالی هەموو نیگاکانی گەلی کورد و هەموو هێزە دیمۆکراتەکانی جیهانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. بۆیە پێویست دەکات هەتا ڕوونبوونەوەی ڕەوشی ئێمرالی گەل لەسەر شەقامەکان بێت.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەبارەی هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە دورگەی ئیمڕالی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گەلەکەمان دەبێ زۆر وریابێ کە داگیرکەرانی کوردستان لە قوناخە جیاجیاکانی مێژوودا رێبەرانی ئەم گەلەیان شەهید خستوو و بەو ڕەنگە هەوڵیان داوە گەلی کورد بێ پێشەنگ بهێڵنەوە.

پژاک وتیشی، " بەو شێوەیەی کە ساڵی ١٩٩٩ بەڕژانە سەر شەقام رۆڵێکی سەرەکەیان هەبوو لە پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ، ئەمڕۆیش بە هەمان هەستەوە لە رێبەری گەلەکەمان خاوەنداری بکەن.

راگەیەنراوی پژاک بەم شێوەیەیە:

"تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی رێبەر ئۆجالان توانیویەتی ببێت بە سەرچاوەی هیوا بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین. لە هەمانکاتدا بوەتە هۆی برووژانەوەی بزاڤی سۆسیالیست لە هەموو جیهان. بەو رادەیە کە تەڤگەری ئازادی خوازی پەرەی سەندوە بە هەمان رادەیش لە لایەن دژبەرانەوە رێبەری ئەم تەڤگەرە بووەتە ئارمانجی هێرشەکانیان. گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی رێبەر ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ بە بەشداری زۆرێک لە زلهێزانی جیهانی و دەوڵەتانی هەرێمی پێشکەوت هەنگاوێک بوو بۆ کپکردنی ئەو دەنگە ناڕازیانە کە دژی سیستەمی سەرمایەداری بەرز دەبوونەوە. بەڵام تێکۆشانی ئایدولۆژی رێبەر ئوجالان لە زیندانی ئیمڕاڵی هەموو پلانی پیلانگێڕانی تێکدا، نەتەنیا نەیانتوانی ئەو دەنگە کپ بکەن بەڵکو ئەمڕۆ بە ئاواکردنی سیستەمی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیک لە سەر بنەمای نەتەوەی دیمۆکراتیک  لە رۆژئاوا بووەتە جێگرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیڕانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین کە چەندین سەدەیە بە چەق بەستوویی ماونەتەوە. سیستەمی سەرمایەداری و هاوتەریب لەگەڵ تۆرکیا لەم چەند ساڵەی دوایی هەوڵیانداوە رێبەر ئۆجالان تەسلیم وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن بەو رەنگەی کە دەیان هەوێ رۆژهەڵاتی ناوین دابڕێژنەوە و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد کە ئەمڕۆ لە سێبەری فەلسەفەی رێبەر ئۆجالان بوەتە ئاکتەرێکی کاریگەر لە ململانێیەکانی هەرێمەکە تێک بدەن وگەلی کورد دەستەمۆ بکەن و بیخەنە رەوشی گوێڕایەڵ بوون.

رێبەر ئۆجالان بە دەیان جار سەبارەت بەم یەکە هۆشیاری داوە کە مەزنترین شەڕ ئەمرۆ لە ئێمڕالی بەڕێوە دەچێت. بە چەندین جار دەوڵەتی تورکیە کاتێکە نەیتوانیوە رێبەر ئۆجالان تەسلیم وەربگرێت هەوڵی داوە بە شێوازی فیزیکی لەنێوەی بەرێت. ساڵی ١٩٩٦ لە سووریە بە رێگای بۆمبی یەک تۆنی هەوڵی تیرۆری رێبەر ئۆجالانی دا. هەروەها ساڵی ٢٠٠٦ بە رێگای ژەهر هەمان هەوڵی داوە. یان دەنگۆی شەهید بوونی رێبەری بڵاو کردۆتەوە. تاکە هۆکارێک کە لە بەرامبەر پیلانگێڕی دەسەڵاتدارانی کوردستان بوەتە لەمپەر و پلانەکانی تێک داون و چۆکی بە داگیرکەران هێناوە هەڵویستی گەلی کورد و هێزی دیمۆکراتیک بوو. ئەمڕۆیش دیسان دەوڵەتی تۆرکیە کە لە پلانەکانی خۆی لە سووریە و ڕۆژئاوا تووشی شکست بوو هەوڵی دا رێبەر ئۆجالان تەسلیم بگرێت بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئاگر کەوتنەوە لە ئیمرالی هەموو نیگاکانی گەلی کورد و هەموو هێزە دیمۆکراتیکەکانی جیهانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. بۆیە پێویست دەکات هەتا روون بوونەوەی رەوشی ئێمرالی گەل لەسەر شەقامەکان بێت و هەڵوێست نیشان بدات و گووشار بخرێتە سەر دەوڵەتی تورکیە تاکوو پارێزەران لەگەڵ رێبەر ئۆجالان چاوپێکەوتن بکەن. گەلەکەمان دەبێ زۆر وریابێ کە داگیرکەرانی کوردستان لە قوناخە جیاجیاکانی مێژوو رێبەرانی ئەم گەلەیان شەهید خستوو و بەو رەنگە هەوڵیان داوە گەلی کورد بێ پێشەنگ بهێڵنەوە. بە پشتگیری کردن لە رێبەری شۆڕشی نوێ کوردستان دەبێ نەهێڵین مێژوو دووپات بێتەوە. رێبەر ئۆجەلان لە شۆڕشی نوێی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر دەم هیوایەکی مەزن بووە. بەو رەنگەی کە ساڵی ١٩٩٩ بەڕژانە سەر شەقام رۆڵێکی سەرەکەیان هەبوو لە پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ، ئەمڕۆیش بە هەمان هەستەوە لە رێبەری گەلەکەمان خاوەنداری بکەن."

ف.ق