پۆلیسی تورک چەکی خستە سەر سەری منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ

پۆلیسی تورک لە ئامەد هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و چەکیان خستە سەر سەری منداڵێکى تەمەن ٣ ساڵ.

پۆلیس سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە گازیلەرا لە ناوچەی کایپناری ئامەد هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک. پۆلیسەکان تیرێژ تەکەی تەمەن ١٧ ساڵیان دەستگیرکرد. هەروەها پۆلیسەکان لە هەڵکوتانەکەیاندا چەکیان خستووەتە سەر سەری برازایەکى ئەو گەنجە، کە تەمەنی ٣ ساڵ بووە و هەمووو کەلوپەلی ماڵەکەشیان تێکوپێکداوە.

نەزاهەت تەکە دایکی ئەو گەنجە وتی "پۆلیسەکان لە زەنگی ماڵەکەیان دا. لەبەر ئەوەى، کە پێشتر دەرگای ماڵەکەیان دەشکاندین و خۆیان دەکرد بە ماڵەکەماندا، سەرمان سوڕما. کاتێک هاتنە ژوورەوە کوڕەکەم خۆی ئامادە کردبوو بڕوات بۆ خوێندنگە، کاتێک کوڕەکەم دەرگای لێکردنەوە، کوڕەکەمیان دا بە زەویدا و چەکیان خستە سەر سەری. پێم وتن، کوڕەکەم تەمەنی ١٧ ساڵە، بەڵام هەر لە زەویدا لە ژێر دەست و پێیاندا رایانگرت. هۆکاری دەستگرکردنەکەیان پێی نەوتین، دەستیانکرد بە پشکنینی ماڵەکە و هەموو کەلوپەلی ناو ماڵەکەیان تێکوپێکدا. کوڕەزاکەم لە ماڵمان بوو، چەکیشیان خستەسەر سەری ئەو، کە تەنها تەمەنی ٣ ساڵ بوو. کوڕەکەم خوێندکارە و ئەوەى کردیان زوڵمە. باشە منداڵ دەتوانێت چی بکات، من ئەو زوڵمە قبوڵ ناکەم".

ژ.ت