پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک ئاماری سەرپێچی شۆفێرانی ڕاگەیاند

بەرێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک دەلێت: هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات ١٠٠ هەزار دینار سزا دەدرێت و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

عەمید جەماڵ حەکیم محەمەد بەرێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەل ئاژانسی هەواڵی فورات باسی لە ئاماری ئەو سەرپێچیانە کرد کە شۆفێرانی شاری کەرکوک ئەنجامیانداوە لەکاتی بەرێوەچۆنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکە.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە رووبەرووی سزا بوونەتەوە بەهۆی سەرپێچی کردنیان لەکاتی بەرێوەچوونی قەدەغەی هاتوچۆ، عەمید جەماڵ حەکیم بەرێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ ئێمە وەکو بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی کەرکوک دەستمان بەسەر ٣٠ ئۆتۆمبێلدا گرتووە کە سەرپێچیان ئەنجامداوە و پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ نەبوونە، هەروەها غەرامەی ٢٢ ئۆتۆمبێلمان کردووە و ٢٤ شۆفێریش کە حاڵەتیان هەبووە بەڵگەنامەمان لێان سەندوە تا دڵنیابین لەوەی کە حاڵەتیان هەیە."

هەروەها عەمید جەمال حەکیم بەریوبەری پۆلیسی هاتووچۆی کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "بەرێوبەرایەتی تەندروستی کەرکوک و پارێزگاری کەرکوک بۆ ریگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیانی شارەکە ئەم بڕیارەیان داوە، ئێمەش وەکو بەریوبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک داو لە هاوڵاتیان دەکەین پابەندبن بەو رێنەمایانەی بەرێوبەرایەتی تەندروستی و پارێزگاری کەرکوک."

سەبارەت بەو سەزایەی رووبەرووی ئەو کەسانە دەکرێنەوە کە سەرپێچی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دەکەن، عەمید جەماڵ حەکیم ڕایگەیاند: "ئەو شۆفێرانەی سەرپێچی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دەکەن بە بڕی ١٠٠ هەزار دینار غەرامە دەکرێن و دەست دەگرین بەسەر ئوتۆمبێلەکەیانەوە تا ئەو کاتەی قەدەغە کردنی هاتوچۆ کۆتایی دێت."

ز.ش