«پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یه‌كه‌م پووچه‌ڵ كرایه‌وه»
گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه و یه‌ژا ستار ده‌رباره‌ی بیسته‌مین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونه‌ته‌وه‌یی دژی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان قسه‌یان كرد و پیلانگێڕییه‌كه‌یان شه‌رمه‌زار كرد.
گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه و یه‌ژا ستار ده‌رباره‌ی بیسته‌مین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونه‌ته‌وه‌یی دژی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان قسه‌یان كرد و پیلانگێڕییه‌كه‌یان شه‌رمه‌زار كرد.
گه‌ریلاكانی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) و یه‌كینه‌كانی ژنی ئازاد (یه‌ژا ستار) ده‌رباره‌ی پیلانگێڕیی نێونه‌ته‌وه‌یی دژ به ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان كه له ٩ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٨ ده‌ستی پێكرد، هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ستی خۆیان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) ده‌ربڕی.
گه‌ریلای هه‌په‌گه مۆرده‌م گابار گوتی: «هیچ پیلانگێرییه‌ك نییه هێنده‌ی ٩ی تشرینی یه‌كه‌م دڕندانه بێت. به هاوكاریی هه‌موو ده‌وڵه فاشیسته‌كان پیلانگێڕییه‌ك له دژی ڕێبه‌ر ئاپۆ كرا. ئه‌م پیلانگێڕییه ته‌نیا له دژی ئه‌و نه‌كرا، به‌ڵكو له دژی هه‌موو گه‌لی كورد و گه‌ریلاكان كرا. ویستیان به‌م پیلانگێڕییه گه‌لی كورد ڕووبه‌ڕووی قڕكردن بكه‌نه‌وه. ئێمه ده‌زانین به په‌یدابوونی ڕێبه‌ر ئاپۆ هه‌موو پیلانی ده‌وڵه‌تانی فاشیست له‌سه‌ر گه‌لی كورد شكستیان هێنا. به‌م پیلانگێڕییه له كه‌سایه‌تیی ڕێبه‌ر ئاپۆدا ویستیان گه‌لی كورد و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌دیهێناون له‌ناویان ببه‌ن. به‌ڵام په‌یوه‌ستی گه‌لی كورد به ڕێبه‌ر ئاپۆ خۆی ده‌رخست و به چالاكییه‌كانی [ئێوه ناتوانن ڕۆژی ئێمه تاریك بكه‌ن] ئه‌وه‌مان بینی. له دوای پیلانگێڕییه‌كه‌ش ئه‌م چالاكییانه به‌رده‌وام بوون تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكایه‌تی گوتی: [با لاوانی كورد جه‌سته‌ی خۆیان نه‌سووتێنن، با هێزی خۆیان له به‌رانبه‌ر دوژمن به‌كاربێنن و ئیراده‌ی خۆیان بپارێزن.] چالاكییه‌كانی خۆسووتاندن به‌رده‌وام بوون. له جیهاندا نموونه‌ی وه‌ها نییه.»
«ده‌یانه‌وێت درێژه به پیلانگێڕی بده‌ن»
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌و گه‌ریلایه گوتی: «ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌یانه‌وێت درێژه به‌م پیلانگێڕییه بده‌ن. به تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی تورك جارێكی دیكه ده‌یه‌وێت به‌رده‌وامی به‌م پیلانگێڕییه بدات و ده‌ڵێت، كورد له هه‌ر شوێنێك هه‌بێت هێرشی ده‌كه‌مه‌سه‌ر. نموونه‌ی ئه‌مه‌مان له عه‌فرین و له‌سه‌ر خاكی باشووری كوردستان بینی. هیچ هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا هه‌ڵوێست پیشان نادات، چونكه ئیراده‌ی گه‌لی كورد به مه‌ترسی بۆ خۆیان ده‌بینن. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه پشتگیری له ده‌وڵه‌تی تورك ده‌كه‌ن، به بێده‌نگییان پشتگیریی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئێمه ده‌بینین كه هه‌ڵوێستی گه‌له‌كه‌مان به‌رچاوه. له به‌رانبه‌ر ئه‌م پیلانگێڕییه چی پێویست بێت گه‌ل ئاماده‌یه بیكات. بانگه‌وازیی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه كه گه‌ل له به‌رانبه‌ر ئه‌مه ده‌نگ و هه‌ڵوێستی خۆی به‌گوڕتر بكات. به‌بۆنه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌وه یادی شه‌هیدانی [ئێوه ناتوانن ڕۆژی ئێمه تاریك بكه‌ن] ده‌كه‌ینه‌وه و پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یه‌كه‌م شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین.»
«ویستیان شكست به تێكۆشانی گه‌لان بێنن»
گه‌ریلای یه‌ژا ستار سه‌ما گابار له‌وباره‌یه‌وه گوتی: «ڕوانگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ده‌نگی دابوویه‌وه. له مێژوودا زۆر گه‌لی خۆڕاگر ده‌ركه‌وتوون، هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش به‌رده‌وام ویستوویانه شكست به تێكۆشانی گه‌لان بێنن و پانیان بكه‌نه‌وه. له مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا چێ گیڤاراش تێرۆر كراوه. هه‌ر بۆیه ئه‌م مانگه به زانابوون و پلانسازی هه‌ڵبژێردراوه. پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یه‌كه‌م كه له دژی سه‌رۆك ئاپۆ كرا، به زانابوون كرا. له ٦ی ئایاری ١٩٩٦یش پیلانگێڕییه‌ك له دژی سه‌رۆكایه‌تی كرا و ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو ته‌قێنرایه‌وه. به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و پیلانه‌ی پووچه‌ڵ كرده‌وه. له ٩ی تشرینی یه‌كه‌مدا هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ویستیان سه‌رۆك ئاپۆ له سووریا ده‌رخه‌ن و به‌م شێوه‌یه بزووتنه‌وه‌ی ئازادی له‌ناو ببه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕوانگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌م له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و هه‌م له جیهان ده‌نگی دابوویه‌وه، هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ترسیان هه‌بوو. ئه‌و كاته هه‌م ئاستی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیمان به‌رز ببوویه‌وه، هه‌میش ڕوانگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بووبوویه ماڵی جیهان. ئه‌مه‌ش ترسی دروست كرد لای هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.»
«پیلانگێڕییه‌كه پووچه‌ڵ كرایه‌وه»
گه‌ریلا سه‌ما ده‌ستنیشانی كرد: «ڕاسته سه‌رۆكایه‌تی له ٩ی تشرینی یه‌كه‌م له سووریا چووه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌م پیلانگێڕییه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پووچه‌ڵ بوویه‌وه. پێشبینییه‌كان و ڕوانگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی شكستی به‌م هه‌وڵه‌ی هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هێنا. ئێستا هه‌موو جیهان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵسه‌نگاندن و سه‌رنجی سه‌رۆكایه‌تییه. زۆر كه‌س خۆیان بۆ سه‌رۆكایه‌تی سووتاند. نموونه‌ی ئه‌مه له هیچ شوێنێك نابینرێت. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه پیلانگێڕییه‌كه پووچه‌ڵ بووه‌ته‌وه. سه‌رۆكایه‌تی ئێستا له ئیمڕاڵی له‌نێو به‌رخۆدانێكی زۆر گه‌وره‌دایه. بۆیه هێزه ئیمپریاله‌كان هه‌ر شتێك بكه‌ن، هه‌رچه‌نده گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ تووند بكه‌ن، سه‌رۆكایه‌تی به به‌رخۆدانی خۆی ئه‌م پیلانگێڕییه پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه. ئێمه چه‌نده خۆڕاگر بین، ئه‌وه‌نده شكست به گۆشه‌گیری دێنین.»
«كه‌س ناتوانێت ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی داببڕێت»
گه‌ریلایه‌كی دیكه‌ی هه‌په‌گه به ناوی جه‌واهیر ئازادی ده‌رباره‌ی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یه‌كه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی كرد و گوتی: «له مێژوودا بۆ جاری یه‌كه‌م سه‌رۆكێكی وه‌ك سه‌رۆك ئاپۆ كه میراتی مرۆڤایه‌تی له‌خۆیدا كۆكرده‌وه، په‌یدا بوو. له‌به‌رئه‌وه هه‌موو ده‌وڵه‌تان هاوكاریی یه‌كتریان كرد. مۆساد، ئێف بی ئای و ڕێكخراوه هه‌واڵگرییه‌كانی دیكه ده‌ستی یه‌كتریان گرت و بۆ جاری یه‌كه‌م پیلانگێڕی له ٩ی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ستی پێكرد. خه‌لیل ئۆرال شه‌هیدی [ئێوه ناتوانن ڕۆژی ئێمه تاریك بكه‌ن] هه‌ستی به پیلانگێڕییه‌كه كرد و ویستی هۆشداری بدات. چالاكیی ئۆرال وه‌ڵامێك بوو له به‌رانبه‌ر ئه‌م پیلانگێڕییه. له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یانده‌توانی له ڕێی كولتوورییه‌وه گه‌لی كورد قڕ بكه‌ن، ئه‌م پیلانگێڕییه‌یان له دژی سه‌رۆكایه‌تی كرد. ده‌ستی هه‌موو ده‌وڵه‌تان له‌م پیلانگێڕییه‌دا هه‌بوو. ویستیان به‌م شێوه‌یه كۆتایی به كوردان بێنن. هه‌ڵوێسته‌كانی گه‌له‌كه‌مان و گه‌لی بنده‌ست له به‌رانبه‌ر ئه‌م پیلانگێڕییه به‌هادارن. خاوه‌نداره‌تی كردن له سه‌رۆك ئاپۆ شتێكی پیرۆز بوو. ئامانجیان ئه‌وه بوو سه‌رۆكایه‌تی ته‌سلیم بێت، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی جگه له ئازادی هیچ شتێكی قبووڵ نه‌كرد. به‌ریتانیاش لێدوانی دا و گوتی له ماوه‌ی ٦ مانگدا په‌كه‌كه لێكهه‌ڵده‌وه‌شێت. به‌ڵام هێز و هه‌ڵوێستی سه‌رۆك ئاپۆ ڕێی به‌مه نه‌دا. سه‌رۆكایه‌تی سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش جارێكی دیكه بزووتنه‌وه‌كه‌ی كۆكرده‌وه. سه‌رۆكایه‌تی مێشكی ئێمه‌یه و ئێمه‌ش جه‌سته‌ی ئه‌وین، كه‌س ناتوانێت له یه‌كترمان داببڕێت. ئێمه بۆ خوله‌كێكیش سه‌رۆكایه‌تی له مێشكماندا ده‌رناخه‌ین، چونكه ئه‌مه بۆ ئێمه مردنه. به‌ڵێنی ئێمه ئازادكردنی گه‌ل و سه‌رۆكمانه.»
s.m