پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان سێ هێندە زیادی کردووە

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە ساڵی ٢٠١٧دا، پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان سێ هێندە زیادی کردووە، ئاشکراشی کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا ١٣٧ جار مافی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێشێلکراوە

 

لیژنەى داکۆکى لەمافى ڕۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین ڕاپۆرتى خۆى سەبارەت بەپێشێلکارییەکانی مافی دەزگا ڕاگەیاندنەکان و ڕۆژنامەنووسان لەساڵى ٢٠١٧ بڵاوکردەوە، ئاشکراشی کرد کە بەپێى ئامارەکەی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕادەربڕین، پێشێلکارییەکانی دژی رۆژنامەنوسان، نزیکەى سێ هێندەى ساڵى ٢٠١٦ زیادى کردووە.

خۆشناو جەمیل، ئەندامى لیژنەى داکۆکى لەمافى ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: کێشە و ململانێ سیاسییەکان کاریگەرى هەبووە لەسەر زیادبوونى پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، لەساڵى ٢٠١٧ یاساى ژمارە ٣٥ وەکو خۆى جێبەجێ نەکراوە و پێشێلکاریى زۆر کراوە بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان.

سەبارەت بە ئامارى پێشێلکارییەکان وتى: لە ١ى ١ى ٢٠١٧ تاوەکو ٣١ى ١٢ى ٢٠١٧، ٣ حاڵەتى تیرۆر بەرامبەر ٤ ڕۆژنامەنووس تۆمارکراوە، خۆکوشتن ١ حالەت بووە، شەهید بوون ٢ حالەت، داخستنی میدیا ٥ حاڵەت بەرامبەر ١٣ دەزگاى ڕاگەیاندن کراوە.

وتیشی: ٢٠ جار حاڵەتی گرتن بەرامبەر ٣٠ ڕۆژنامەنووس ڕوویداوە، بریندار بوون ٥ حاڵەت تۆمار کراوە بەرامبەر بە ٥ ڕۆژنامەنووس، لێدان ٢٥ حاڵەت هەبووە کە بەرامبەر ٣٩ ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە، ڕێگەنەدان ٢٤ حاڵەت تۆمار کراوە کە بەرامبەر ١١١ ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە، هەڕەشە ١٥ حاڵەت، کە بەرامەبەر ١٨ ڕۆژنامەنووس ڕوویداوە، سوتاندن بەرامبەر دوو کەناڵ، تالانکردنیش ٥ حالەت بەرامبەر ٥ دەزگا تۆمار کراوە.

هەروەها باسى لەوەش کرد: کۆى گشتى پێشێلکارییەکان ١٣٧ حاڵەت بەرامبەر ٢٣٠ ڕۆژنامەنووس و دەزگاى ڕاگەیاندن تۆمار کراوە، ئەوەش بە بەراورد بە سالی ٢٠١٦ کە تەنیا ٤٥ حاڵەت بووە، کە بەرامبەر ٨٠ ڕۆژنامەنووس کراوە، زۆر زیادی کردووە و نزیک دەبێتەوە لە سێ هێندە.