پەدەکە بەشدارە لە پیلانی پاکتاوکردنی پەکەکەدا

دوای لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا دەوڵەتی تورک لە حەفتانین دەستی بە جموجوڵی داگیرکەری کرد. هاوکات پەدەکە داوا لە سەربازانی عێراقی دەکات بڕۆن بۆ سەر سنوور. پەدەکە هەوڵ دەدات لە ژێر ئەو پەردەیەدا پێشمەرگە بگوێزێتەوە بۆ گەمارۆدانی گەریلا.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان رووداوی گرنگ و بەرچاو روودەدەن. لە راگەیاندراو و لێدوانەکاندا ئەوە دەردەکەوێت، کە هەندێک پەیوەندیی قێزەون و چەپەڵیش لە گۆڕێدایە. بە تایبەتی لێدوان و راگەیاندراوی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا سەرنجڕاکێش و سەیرن. سەرەتا ئەوەمان بیست، کە بەرپرسانی ئەمریکا لە لێدوانەکانیاندا رایانگەیاندووە، دەبێت تورکیا و عێراق و بەرێوەبەریی باشووری کوردستان پێکەوە پەکەکە بێکاریگەر بکەن. دواتر ئەوەشمان بۆ روون بوویەوە، کە بەرپرسانی ئەمریکا راستەوخۆ ئەو داوایەیان لە بەرپرسانی حیزبەکانی باشوور کردووە. دواى ئەو پێشنیازەى ئەمریکا بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى پەکەکە، دەوڵەتی تورک لە حەفتانین دەستی بە جموجوڵی داگیرکەری کرد. هەوڵیدا ئەو جموجوڵە داگیرکەرییە لە سەرتاسەری ناوچەکانی گەریلادا بڵاوە پێ بکات. دوای هێرشەکەى دەوڵەتی تورک بۆ سەر حەفتانین، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) داوایان لە هێزە سەربازییەکانی عێراق کرد، کە بچن بۆ ناوچەکانی گەریلا. دوای ئەو داوایە، پاسەوانی سنووری عێراق لە هەندێک ناوچەدا خۆیان جێگیرکرد. پێشمەرگەکانی پەدەکەش ئەو دۆخەیان وەک پەردەیەک بۆ خۆیان بەکارهێنا و دەیانخواست لە ژێر ئەو پەردەیەدا هێزە سەربازییەکانی خۆیان بگوێزنەوە. هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی داواکەى ئەمریکادایە، کە وتبوی با تورکیا، عێراق و بەڕێوەبەریی هەرێم پێکەوە پەکەکە لە ناو ببەن. ئەوەش لە راگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٠دا پشتڕاستکراوەتەوە، کە تیایدا هاتبوو "پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک بەشدارە لەو جموجوڵانەدا بۆ لەناوبردنی پەکەکە'. هەروەها راگەیاندراوەکە، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە دەیانەوێت عێراقیش رابکێشن بۆ ناو پیلانی لەناوبردن و ئەو پیلانەش بە کردەوە ئەنجام بدەن.

پیلانەکانی ئەمریکا

لە چەند رۆژی رابردووشدا دیسانەوە بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، دەبێت عێراق، تورکیا و پەدەکە لە شەنگال چارەسەریی مەدەنی بەدیبهێنن. ئەو راگەیاندراوەش، دەبێتە ڤێرژنێکى تر و پێشنیازی ئەوەى تیادایە، کە با دەڵەتی تورک، عێراق و پەدەکە پێکەوە پەکەکە بێکاریگەر بکەن. کاتێک ئێمە سەرنج لە کاریگەریی ئەمریکا بە سەر پەدەکە، دەوڵەتی تورک و عێراقەوە دەدەین، ئەوە دەردەکەوێت، کە تەنها ئەوە لە چوارچێوەى قسەدا نییە. بۆیە ئێستا ئەو پیلانە بەڕێودەچێت. دەوڵەتی تورک و پەدەکە هەر خۆیان لەناوبردن و پاکتاوکردنی پەکەکەیان دەوێت. عێراقیش لەبەر ئەوەى لە ژێر کاریگەریی ئەمریکادایە بەشداری لەو پیلانەدا دەکات. ئەمریکا پێشتریش چەندین جار وتبووی، دەبێت پەکەکە بێکاریگەر بکرێت. بۆ ئەوەش لە هەموو شوێنێکدا پشتیوانی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی بزووتنەوەى ئازادی دەکات. لەلایەکی ترەوە بەڵێنی بە دەوڵەتی تورک داوە، کە لە رۆژئاواش کاریگەریی پەکەکە نەهێڵێت. ئەوەش هەموو کەس دەیبینێت، کە لە هەوڵدایە بۆی.

دەیانەوێت پەکەکە بێکاریگەر بکەن

لە پیلانی پاکتاوکردندا ئەو هێزەی زۆر لە پێشەوە دەبینرێت دەوڵەتی تورکە، چونکە ٤٠ ساڵە پەکەکە و دەوڵەتی تورک شەڕ دەکەن و ئەوەش ئاسایی دەبینرێت. بەڵام دەوڵەتی تورک لە هێرشەکاندا تەنها نییە. پەدەکە بە لێدوان و راگەیاندراو، ئەو هەڵوێست و هەنگاوانەی لە خۆی نیشانی دەدات، سەلمێنەرى ئەوەیە، کە بەشدارە لەناو ئەو پیلانە پاکتاوکارییەدا. ئەوەش لە رێگەی گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا، رەواکردنی هێرشەکان و هاندانی دەوڵەتی تورک بۆ هێرشەکان دەکات. لە پیلانی پاکتاوکردندا هێزە چالاکەکان دەوڵەتی تورک و پەدەکەن و عێراقیش بە پاسەوانی سنوور تیادا بەشدار دەبێت. عێراق بەو لێدوان و راگەیاندراوانەى دەیدات، بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بۆ هاوکاریی نێوان دەوڵەتى تورک – پەدەکە بناغەیەکى یاسایی ئامادە دەکات. لە راستیدا لەو کۆنسێپ و هێرش و تێگەیشتنەدا،  رۆڵی رەوایدانی یاسایی بۆ هێرشەکان بە عێراق دراوە.   

دەیانەوێت بە درۆ پەکەکە ناشیرین و رەش بکەن

پەدەکە زۆر باش دەزانێت پەکەکە لە هەر چوارپارچەى کوردستان و لە هەموو شوێنێکی تری دونیادا کاریگەریی لەسەر کوردان هەیە و بەهێزە. لە ناو کوردستاندا خۆشەویستی و لایەنگری بۆ پەکەکە زۆرە. گەلی کورد باش دەزانێت پەکەکە وایکرد، کە گەلی کورد ببێت بە خاوەنی زۆر دەستکەوت.  سبەی گەلی کورد بە باشی و بە جوانی سەیری ئەو هەڵوێست و هێزە سیاسییە ناکەن، کە زیانی بە پەکەکە گەیاندبێت. لەبەر ئەوە پەدەکە دەزانێت، بۆ ئەوەى لە پیلانی پاکتاوکردن و لەناوبردندا پشتوانیی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان بەدەست بهێنێت، یان لەمپەر و رێگری بۆ دژایەتییەکان بەرامبەر بە سیاسەتی پاکتاوکاری دروست بکات درۆی وەک 'پەکەکە قەوارە و پێگەى ئێمە قبوڵ ناکات' دەکات. لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدات، ئەو پیلانە پاکتاوکارییە، کە لەگەڵ دەوڵەتی تورک پێکەوە بەرێوەی دەبەن سەربگرێت. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەو رێگەیەوە ئاسایی و سادە پیشان بدات. لە بریی ئەوەى لە بەرامبەر دوژمن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە، پشتیوانیی دەوڵەتی تورک دەکات بۆ ئەوەى گەریلا لە ناوچانە دەربکەن، کە ٤٠ ساڵە تیادایەتی.   

هەر خۆی پەکەکە لە هەولێر رۆیشتووە

زۆر جار ئەوە سەلمێنراوە، کە گەریلا لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر باشووری کوردستان لە ریزی پێشی پێشەوە بووە و لە دژی هێرشەکان وەستاوەتەوە. تەنانەت لە دژی ئەو ھێرشانەش کە دەکرانە سەر قەوارە و پێگەى باشووری کوردستان لە ریزی پێشی پێشەوە بووە و زۆرترین بەرخودان لەلایەن گەریلاوە کرا. بە ئازایەتیی خۆیان رێگایان بۆ ئەو خۆش کرد، کە پێشمەرگەش بەرەنگاری بکات. سەرەتا گەلی باشووری کوردستان و ئینجا هەموو گەلی کوردستان شایەتی ئەوەن، کە لە کاتی هێرشی سەر هەولێر، کەرکوک و شەنگال دا، گەریلا وەک ئەوەى بڕوات بۆ گۆڤەند و شایی، بە پەلە و دەستوبرد رۆیشت بۆ بەرەی پێشەوەى شەڕ. خۆی گەیاندە هەواری گەل و بە هانای گەلەوە چوو و شکۆ و کەرامەتی کوردستانی پاراست. تەنانەت خواوەندە زاڵمەکانی ناو میتۆلۆژیا و ئەفسانەکانیش ناتوانن نکۆڵی و حاشا لەو راستییە بکەن و چاوپۆشیی لێ بکەن. هەر لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا خۆی لەخۆیدا هەموو شتێک بە کامێرا تۆمار دەکرێن.

ئەو راگەیاندراوە بەڵگەى پاکتاوکارییە

پەدەکە لە بەرامبەر راگەیاندراوەکەى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیاندراوی بڵاونەکردەوە، بەڵام تەنها بەناوی دەزگایەکەوە، کە تاوەکو ئێستا ناوەکەى نەبیستراوە، راگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە و لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی پڕکرابوو لە جنێو و درۆی قێزەون. لە راستیدا بەو راگەیاندراوە، ئەوە روون بوویەوە، کە پەدەکە بەشدارە لەو پیلانە پاکتاوکارییەدا لە دژی پەکەکە.

ئەو پەدەکەیە، کە راگەیاندراوی لەوشێوەیە بڵاودەکاتەوە، یان ئەو راگەیاندراوە قبوڵ دەکات، دەتوانێت بۆ لەناوبردنی پەکەکە بەشداری لە قێزەونترین و چەپەڵترین پیلان دا بکات. هەر خۆی بە تایبەتی هێرش و هەڵوێستەکانی لەبارەى پەکەکەوە ئاشکراترین و روونترین بەڵگەن  بۆ ئەوە. لە سەرتاسەری جیهاندا هیچ هێزێکی سیاسی نەماوە، کە نەزانێت دەوڵەتی تورک دوژمنی کوردە. چ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ لە ئەوروپا و یان هەر شوێنێکى تری دونیادا، مرۆڤێک تۆزێک تێگەیشتنی سیاسیی هەبێت، یان دەوڵەتی تورک بناسێت، لێ بپرسە هەڵسوکەوت و نزیکایەتیی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە کوردان چۆنە، بەبێ دودڵی دەڵێت، دەوڵەتی تورک دوژمنی کوردانە. جا ئێستا ئەو هێزە سیاسییەی، کە ئەو دەوڵەتە زۆر بەباشی لەگەڵیەتی و پشتیوانیی لێدەکات پەدەکەیە و ئەویش دەڵێت، حیزبی کوردانم. هۆکاری روون و ئاشکرای بەشداریکردین پەدەکە لە پیلانی پاکتاوکردنی پەکەکەدا بۆ ئەو داوایەى ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە لێی کردوون. پێویستە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی ئەو پیلانە پاکتاوکاریە ببینن، کە پەدەکەى لە ناودایە، چونکە بە دڵنییایەوە زیان بە گەلی کوردستان دەگەیەنێت و هەموو کورد لاواز دەکات. گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی دەبێت بە هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر ئەو رۆڵ و راستییە نابەخێرەى پەدەکەدا بوەستنەوە. دەبێت ئەو پیلانە پاکتاوکارییە پووچ بکرێتەوە، کە لە هەموو شوێنێکدا لەناوبردن و سڕینەوەى کوردی لێدەکەوێتەوە.

بە هیوای ئافراندنی هۆشمەندییەکی لەو شێوەیە، کە هیچ حیزب و بزووتنەوەیەکى کورد لەگەڵ دوژمنانی کورددا لە دژی بزووتنەوەیەکى سیاسیی کورد نەکەوێتە ناو پلان و هەڵوێستی هاوبەشەوە...

ژ.ت