پەدەکە دەستیکردووە بە دنەدانى گەل تاوەکو لە دژی پەکەکە راپەڕن

پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) لەگەڵ دەوڵەتى تورک لە هاکاریدایە و ئەمجارە دەیەوێت لە ناوچەکە گەل لە دژی پەکەکە راپەڕێنێت.

  ئاژانسى هەواڵی رۆژ نیوز بڵاویکردووەتەوە، گروپێک لە ئەندامانى فراکسیۆنى پەدەکە لە پەرلەمانی هەرێمى کوردستان، سەرلەبەیانیى رۆژی شەممە سەردانى هەرێمى برادۆسیتان کردووە.

ئەو گروپە لەگەڵ بەڕێوەبەری ناوچەى سیدەکان و لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەدا کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

بەپێى زانیاریى سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەو گروپە پەرلەمانتارەى پەدەکە دەیانەوێت خەڵکی ناوچەکە لە دژی پارتی کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان هەڵوێستیان هەبێت و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

هەروەها پەرلەمانتارەکانى پەدەکە بە خەڵکى ناوچەکەیان وتوە، بەهۆی بوونی پەکەکە و حیزبەکانى رۆژهەڵات، تورکیا و ئێران هەرێمەکە بۆردومان دەکەن.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە، ئەو هەوڵەى پەدەکە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵ و ئامادەکارییەکانى خەڵکی هەرێمى برادۆست بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان لە دژی بۆردومانەکانى دەوڵەتى تورک.

چاوەڕێ دەکرا، خەڵکی هەرێمەکە دواى نوێژی رۆژی هەینى ١٢ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢١ی پووشپەڕ خۆپیشاندانیان لە دژی بۆردومانەکان و دەوڵەتى تورک ئەنجام بدایە، بەڵام لەلایەن بەڕێوبەرانى هەرێمەکەوە رێگرییان لێکرا و پەدەکە دەیەوێت و هەوڵ دەدات هەڵوێستى خەڵکى ناوچەکە پێچەوانە بکاتەوە.

سەرباری ئەوانە تاوەکو ئێستا پەدەکە نەیتوانیوە خەڵکى هەرێمەکە بخاتە ناو پیلانەکەى خۆی و خزمەتی تر بە داگیرکەران بکات و خەڵک بۆ بەرژەوەندیى خۆیان بەکاریان بهێنن.

ئەرشەد حسێن لۆلانى پەرلەمانتاری پەدەکە ١ی حوزەیرانى ٢٠١٨ / ١١ی پووشپەڕ لە گوندی بەرمیزە لە برادۆست پێشوازیى لە سەربازانى سوپای تورکی داگیرکەر کرد و خوانى بۆ رێکخستن و بە گوندەکەدا گەڕاندنی. ئەرشەد حسێن لۆلانى دواتر لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ٨ی رەزبەر لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم دا هەڵبژێردرا و بووە پەرلەمانتاری پەدەکە.

ر.م