پەدەکە هەرچییەکى کرد نەیتوانى گەل لە دژی پەکەکە بجوڵێنێت

شاندێکى پەدەکە لە ناوچەى سیدەکان لە پارێزگاى هەولێری باشووری کوردستان لەگەڵ کوێخانەکان، ئەنجوومەنەکان، ریشسپییان و بەرپرسانى پەدەکە لە ناوچەکە کۆبوویەوە تاوەکو گەل لە دژی پەکەکە بجوڵێنن، بەڵام هەر چییەکیان کرد نەیانتوانى گەل لە دژی پەکەکە بجوڵێنن.

گەلی هەرێمى برادۆست لە ناوچەى سیدەکان لە پارێزگاى هەولێری باشووری کوردستان ئامادەکارییان کردبوو تاوەکو دواى نوێژی هەینى ١٢ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢١ی پووشپەڕ لە دژی داگیرکەریى  دەوڵەتى تورک چالاکى ئەنجام بدەن و ناڕەزایەتى خۆیان بخەنەڕوو. دواى ئەوە پلانى ناڕەزایەتیى گەل بڵاوبوویەوە پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) دەستیکرد بە هەڕەشەکردن لە گەل بۆ ئەوەى چالاکییەکەیان ئەنجام نەدەن.

 دواى ئەوەى چالاکییەکە لەلایەن پەدەکەوە رێگریى لێکرا شاندێکى گەورەى پەدەکە، کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری پەدەکەشیان لە ناودا بوو سەر لە بەیانیى رۆژی شەممە ١٣ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٢ی پووشپەڕ خۆیان گەیاندە هەرێمەکە و لەگەڵ کوێخاکان، ئەنجوومەنەکان، ریشسپییان و هاووڵاتییانى هەرێمەکە و بەرپرسانى پەدەکە لە ناوچەى سیدەکانی هەولێر کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

لە ناو ئەو شاندەی پەدەکەدا، کە چوون بۆ سیدەکان ئەرشەد حسێن لۆلانیى پەرلەمانتاری پەدەکەش هەبوو، کە رۆژی ١ی حوزەیرانى ٢٠١٨ / ١١ی پووشپەڕ لە گوندی بەرمیزە لە هەرێمى برادۆست پێشوازى لە سەربازانى سوپای تورکی داگیرکەر کردبوو و خوانى بۆ رێکخستبوون و بە گوندەکەدا گەڕاندبوونی. ئەرشەد حسێن لۆلانى لە دواى ئەو پێشوازیکردنە لە هەڵبژاردنى ٣٠ی ئەیلولى ٢٠١٨ / ٣٠ی رەزبەر لەلایەن پەدەکەوە کرا بە پەرلەمانتار.

پەدەکە گوشار لە گەل دەکات تاوەکو لە دژی پەکەکە چالاکی ئەنجام بدەن

بەپێى زانیارییەکان، کە لە بەشداربوانى کۆبوونەوەکەوە بە دەستمان گەیشتووە، شاندەکەى پەدەکە گوشاری لە گەل کردووە کە نەک لە دژی دەوڵەتى تورک، بەڵکو لە دژی پەکەکە و هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان چالاکی ئەنجام بدەن.

گەلی هەرێمەکەش وەڵامى شاندەکەى پەدەکەیان داوەتەوە و رایانگەیاندووە، گەریلا هەرگیز لە ناو خەڵک و شوێنە مەدەنییەکاندا نییە و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ گەریلادا نییە.

دانیشتوانى ناوچەکە راشیانگەیاندبوو، گەریلا لە ناوچە مەدەنییەکانەوە دوورن و وتبوشیان "لە شوێنە سەخت و عاسێکاندان، بەڵام سەرباری ئەوەش دەوڵەتى تورک گوندەکان و شوێنە مەدەنییەکان بۆردومان دەکات".

گەل ناڕازییە و دەڵێن: بڕۆن رێگری لە داگیرکەران بکەن

لە کاتى کۆبوونەوەکەدا یەکێک لە پیاو ماقوڵەکانى ناوچەکە بە پەرلەمانتارەکەى پەدەکەى وتوە "دەبێت بۆ هیچ شتێک پەکەکە نەکرێتە بیانو، چونکە هەموو شتێک ئاشکرا و روونە. ئێوە خۆشتان دەتوانن بێنە ناوچەکە و دۆخەکە لە نزیکەوە ببینن. تاوەکو ئێستا لە بۆردومانەکانى تورکیا بۆ ناوچەکە، پەکەکە یەک کەسیشی لە ناوچە مەدەنییەکاندا لە دەست نەداوە. ئەەش دەیسەلمێنێت پەکەکە لە ناوچە مەدەنییەکاندا نییە".

ئەوەشی وتوە "ئێمە داوامان ئەوەیە لە رێگەى دانوستانەوە رێگری لە داگیرکەریى تورک بکەن. هەروەها بە بەرپرسانى پارتەکانى رۆژهەڵات (حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا) و حیزبی دیموکراتى کوردستان (حدک)،) بەڵێن با نایەنە ناو ماڵان و شوێنە مەدەنییەکان. گەریلا نایەتە شوێنە مەدەنییەکان و شوێنى ژیانى هاووڵاتییان، هەر ئەوەش بۆ خۆیان بە کارێکى ئاسایشى و ئەمنیى باش نازانن و رێگا بە خۆیان نادەن بێنە شوێنە مەدەنییەکان و لە ناو هاووڵاتییان دا بمێننەوە. ئەگەریش هاتن ئێمە بۆ خۆمان دەتوانین قسەیان لەگەڵ بکەین، چونکە ئەوان گوێمان لێدەگرن".

ئاماژە بەوەش دەکرێت، شاندەکەى پەدەکە هەم بە ناو گەل دا گەڕاوە و هەم بە بازاڕی ناوچەکەشدا گەڕاوە، بەڵام ئەوە خواستبووی نەیتوانى بەدەستی بهێنێت و نەیتوانى قەناعەت بە گەل بکات کە لە دژی پەکەکە بجوڵێنەوە.

 

ر.م