پەرلەمانتارانی کەرکوک لەگەل پارێزگاری شارەکە کۆبوونەوە

پەرلەمانتارانی سەرجەم پێکهاتەکانی شاری کەرکوک لەگەل پارێزگاری شارەکە کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی شارەکە.

 

ئەمرۆ لە شاری کەرکوک پەرڵەمانتارانی کورد، تورکمان و عەرەب لەگەڵ ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت کۆبوونەوە بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی شاری کەرکوک و دواین پێشهاتەکانی شارەکە لەلایەن خزمەتگوزاری و چەندین بابەتی دیکە.

دوای کۆبوونەوەکە، ڕێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی باس کرد و وتی: "ئەمرۆ ئێمە وەکو پەرڵەمانتارانی پێکهاتەکانی جیاوازی شاری کەرکوک دەربارەی چەند پرسێک لەوانە دۆخی خزمەتگوزاری لەگەل پارێزگاری کەرکوک کۆبووینەوە، بابەتی کۆبوونەوەکە بریتیبوو لە پرسی دابین کردنی سووتەمەنی بۆ شارەکە، کە بە داخەوە حکومەتی عێراق لەو لایەنەوە کەرکوکی پشتگوێ خستووە لە کاتێکدا شاری کەرکوک دووەم گەورەترین شاری عێراقە بۆ دابین کردنی سووتەمەنی عێراق."

هەروەها ڕێبوار تەها ڕاشێگەیاند:"بەداخەوە حکومەتی عێراق هەمیشە مافی ئەم شارە دەخوات، حکومەتی عیراق بەشە کارەبای کەرکوکی کەمکردۆتەوە، کەرکوک یەکێکە لەو شارانەی کە کەمترین کارەبای پێدەدرێت بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراقەوە، بۆیە داوا لە وەزارەتی کارەبای عیراق دەکەین بەشە کارەبای کەرکوک بەتەواوەتی بدات."

ز.ش