پەرلەمانتارێکی هەدەپە: ئاکەپە لە بەردەم هەڵوەشانەوەدایە

حەبیب ئەکسیک پەرلەمانتاری پارتی گەلانی دیمۆکراتیک (هەدەپە) ڕایگەیاند، ئامانجی دامەزراندنی قەیومەکان و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانیی لە لایەن ئاکەپەوە، بۆ مانەوەی خۆیانە.

دەوڵەتی ئاکەپە لە19ی ئابی ئەمساڵدا بە دامەزراندنی قەیۆمەکان، دەستی بەسەر هەر یەک لە شارەوانیەکانی پارێزگای ئامەد و وان و مێردیندا گرت. دواترهەر یەک لە هاوسەرۆکانی شارەوانی جۆلەمێرگ و گەڤەر و نسێبین و ئەردیش و زۆرێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان دەستگیر کرد و دواتر سزای ناڕەوایان بەسەردا سەپێنرا و قەیومیان لە جێگەیان دامەزراند. تا ئێستا ناڕەزاییەکان لە دژی هەنگاوەکەی دەوڵەتی ئاکەپە بەردەوامن.

لەم بارەیەوە  حەبیب ئەکسیک پەرلەمانتاری هەدەپە ڕایگەیاند، دامەزراندنی قەیۆمەکان هەوڵێکە بۆ درەنگخستنی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی ئاکەپە و وتی، " کاتێک ئاکەپە کەوتە بەر هەڕەشەی لەناوچوون، دەستی کرد بە ئەنجامدانی هێرشی توند بۆسەر هەدەپە و دامودەزگاکانی. سەرەتا دەستی گرت بەسەر 3 گەورەشارەوانیدا و لەم چەند ڕۆژەی دواییشدا بە دانانی قەیۆم 3 شارەوانی تری داگیر کرد. ئێمە ئەم هەنگاوە وەکو ڕێگریکردن لە هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی ئاکەپە دەبینن.

قەیوم نیشانەکانی لەناوچوونی ئاکەپە دەردەخات

حەبیب ئەکسیک ڕاشیگەیاند، بە دانانی قەیوم دەستیان گرت بە سەر ئەو شارەوانیانەی بە خواست و دەنگی گەل هەڵبژێردراون و وتی، "پێویستە ئەمە وەکو سیاسەتێکی ناوخۆیی تەماشا نەکرێت. بەڵکو بە واتای پەردەپۆشکردنی سەرنەکەوتنی سیاسەتی دەرەوە و هاوسەنگکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و هەوڵی بەدەستخستنی دەنگی ڕەگەزپەرەستەکانە.

ئەکسیک هەروها جەختی لەوە کردنەوە، ئەوان وەک پارتی گەلانی دیمۆکراتیک هیچ کاتێک لە مێژوودا بەرامبەر ئەم کردارە فاشیست و دژە دیمۆکراتیکانە سەریان دانانەوێنن و قبوڵی ناکەن.

تا دواهەناسە بەرگری لە خواستی گەل دەکەین

ئەکسیک لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی،  ئەوان تا دواهەناسەیان بەرگری لە خواستی گەل دەکەن کە ئەمانەتی لای ئەوانە و جەختی کردەوە کە دەستگیرکردن و سزادانی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان نیشانەی لاوازی ئاکەپەیە و ئامانجی کردەوەکانی ئاکەپەش تەنها هەوڵی لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنە. ئێمە ئەمە قەبوڵ ناکەین چونکە ئەم کردەوانە بە تەواوەتی دژی یاسان.

ئاکەپە لە ماوەیەکی نزیکدا دەچێتە زبڵدانی مێژووەیەوە

ئەکسیک لە کۆتای قسەکانیدا دەڵێت، "پێویستە بە زووترین کات هاوسەرۆکی شارەوانیەکان کە هەڵبژێردراوی دەستی گەلن بگەڕێنەوە سەر ئەرکی خۆیان. کۆتایی بە سیاسەتی شەڕ بهێنرێت، چونکە شەڕ سەرکەوتن ناهێنێت. پێویستە بۆ دواڕۆژی منداڵەکانمان هەموو کەسێک لە نێو ئاشتیدا جێی خۆی بگرێت. ئەگەر ئاکەپە هەم لە ناوخۆو لە دەریشەوە لایەنگری ئاشتی نەبێت لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەچێتە زبڵدانی مێژووەیەوە.

ف.ق