پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوایکرد پێشمەرگەى رۆژ هەڵبوەشێتەوە و حکومەتیش ڕوونکردنەوە بدات

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی پەرلەمانتاری پەرلەمانى هەرێمی فیدراڵی کوردستان لەسەر لیستی یەکێتیى داواى لە پەرلەمانکرد، پێشمەرگەى رۆژ هەڵبوەشێنتەوە و حکومەتیش روونکردنەوە لەبارەى دەستگیرکردنی ٤ پێشمەرگەى رۆژ لە لیبیا بدات.

دواى ئەوەى ٤ پێشمەرگەى رۆژ لەلایەن سوپای نیشتمانیی لیبیاوە دەستگیرکران و ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند، پێشمەرگەکانى رۆژ لەلایەن تورکیاوە لە هەولێر راهێنانیان پێدەکرێت کاردانەوەکان بەرامبەر بە بوون و ئامانجی پێشمەرگەى رۆژ دەستیپێکرد. لەو چوارچێوەیەدا سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی رایگەیاند، ئەوەى پێی دەوترێت 'پێشمەرگەى رۆژ' مانگانە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ١٥ ملیار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوانەوە پێشمەرگە بە 'مورتەزەقە' ناودەبرێت، بۆیە داوای لە پەرمان کرد ئەو هێزە هەڵبوەشێنێتەوە و حکومەتى هەرێمیش روونکردنەوە بدا لەسەر چوونی ئەو هێزە بۆ لیبیا.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەى پێشمەرگەى رۆژ نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.

دەقی تەواوی نووسراوەکە:

بۆ بەڕێز/سەرۆكایەتی پەرلەمان

بابەت/ بەداوادچون بۆ کەیسی بە (مورتەزەقە) ناساندنی پێشمەرگەی ڕۆژ لە لایەن سوپایی لیبیاوە.

دوای ئەوەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لیوا ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای لیبیا، ناسنامەی پێشمەرگەی لەشکری ڕۆژ بڵاودەكاتەوە، دەڵێت كوردە و لەلایەن پێشمەرگەی لەشكری ڕۆژی سەر بەخۆرئاوای كوردستانەوە ڕاهێنانیان پێكراوە و چوونەتە بنكەیەكی توركیا لە هەولێر ڕەوانەی لیبیای كراون، بۆ شەڕ دژ بە سوپای ئەو وڵاتە.

وەک لای ھەموان ڕوونە هێزی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوای كوردستان ناسراوە بە ھێزی رۆژ ، لە 12/4/2012، بە بڕیاری سەرۆكی پێشووی ھەرێمی كوردستان دامەزراون، پێشمەرگەکانی ڕۆژ ژمارەیان نزیکەی (٦٠٠٠) شەش هه‌زار كوردی ڕۆژئاوایە کە به‌ناوی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژ له‌هه‌رێمی كوردستان خراونه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانی زێره‌ڤانی سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ مه‌شق و ڕاھێنانیان پێكراوه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ خه‌ڵكی ڕۆژئاوان، چەند ساڵە لەسەر حكومەت مووچە وەردەگرن و مەشقیان پێ دەکرێت، ئایا حكومەت لەسەر چی بنەمایەك موچە و بودجەیان بۆ دیاری دەكات؟ مانگانە خەرجی و موچەیان نزیكەی ١٥ ملیار دینارە لە کاتێکدا بە پێ یاسا بەرکارەکانی ھەرێم، دەبێیت مووچەخۆری حکومەتی ھەرێم ھەڵگری ناسنامەی عێراقی بێیت، ئەمە ھەر لە سەرتاوە پێچەوانەی یاساییە و دروستکردنی ئەم ھێزە نایاسایە، لەكاتێكدا لەكوردستان مووچە نییە و خەڵك بە بارێكی ناھەمواردا گوزەر ئەكات، بەڵام لەلایەكی دیکەوە خێر و بێری وڵات بۆ بێگانە پەرستی و خزمەتی توركیا ھەڵدەڕێژرێت.

لەشوێنی فەرمیەوە بڵاوئەكرێتەوە كە ئاماژەیان پێدراوە، بەپارە شان بەشانی چەتەكان و ئەو ھێزە خۆ فرۆشانە شەڕ دەکەن کەنزیکن لە دەوڵەتی توركیا، پێشمەرگەی ڕۆژ كوردانی سوریان و سەر بە ئەنەكەسەن، لەلایەن پارتیەوە پاڵپشتی كراون و پڕچەك كراون و ودامەزرێنراون لەسەر حكومەتی ھەرێم و مانگانە موچەیان ھەیە چەندین ساڵە، لەكاتەی داعش و سوپای تورکیا ھێرش و گەمارۆی ڕۆژئاوایان دەدا پێشمەرگەی ڕۆژ ھیچ بەرگرییەکیان نەكرد لە عفرین و کۆبانی لە ڕۆژ ئاوا.

لە ئێستادا وتەبێژی سوپایی لیبیا بە ئاشکرا و ناو و ناسنامەیان بڵاو دەکاتەوە كە لەو ووڵاتە شەردەكەن دژی سوپایی لیبی و لە پاڵ سوپای توركیادا،

بۆیە داوادەکەین لە:

سەرۆکایەتی پەڕلەمان

لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجیەکان

لیژنەی پێشمەرگە

لێكۆڵینەوە ورد بكەن و ئیجرائاتیان لەگەڵ بكەن و ئەم ھێزە ھەلوەشێنریتەوە و ڕەوانەی ڕۆژئاوا بكرێتەوە.

دەبێیت حكومەتی ھەرێم و سەرۆكی حكومەت، بەرپرسیارێتی ئەوە ھەڵگرن كە كوردی ڕۆژئاوا بنێرن بۆ شەڕ و لەوێ بگیرێت و ناو و ناوبانگی كورد وەك تیرۆرست بڵاو بێتەوە لە کاتێکدا دەبێیت ڕەوانەکردنی ھێز بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی پەرلەمانی کوردستانی ھەبێت.

داوادەكەین حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە فەرمی ڕوونکرنەوە بدات، وە پێویستە لێپرسینەوەی جدیی بكرێت لە سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ .. لەبەرامبەر ئەوەی سومعەی كورد لە ناوەندە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكانەوە لەكەدار كراوە و وەك (مورتەزەقە) ناسێنراوە.

چونکە ھێزی پێشمەرگە بەشێک بوە لە ھاوپەیمانی نێودەوەڵەتی دژ بە تیرۆر، ناوی پێشمەرگە پیرۆزە چونکە ھێزیکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئازادی خواز و ڕزگارکەر بووە ،ناکرێیت بە چەتە و (مورتەزەقە) ناوببرێیت.

ھەر کەسێک خۆی بە دڵسۆزی پێشمەرگەی ئەزانێیت ، دەبێیت ھاوڕابێیت لەوەی کە لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە زۆر پێویستە.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی

ئەندام پەرلەمانی کوردستان

ژ.ت

****