پەشێو: ڕۆژئاوا لەدڵمدایە، بە ڕۆح و بەگیان لەگەڵیانم

عەبدوڵا پەشێو شاعیری دیاری کورد لە لاپەڕە تایبەتەکەی خۆیدا لەبارەی ڕۆژئاوا تۆمارێکی دەنگی بڵاو کردەوەو تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندو و وێڕای پشتگیریکردنی بۆ بایکۆتی کەل و پەل تورکی و گەشتکردن بۆ تورکیا، ڕەخنەش لە حکومەتی هەرێم دەگرێت.

 د. عەبدوڵا پەشێو شاعیری دیاری کورد لە لاپەڕە تایبەتییەکەی خۆیدا لەبارەی بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین بابەتی مێژوویی و سیاسیی و رووناکبیرییەوە تۆمارێکی دەنگی بڵاو کردەوە.

'گۆڕینەوەی سوننە بە عەفرین'

لە سەرەتای قسەکانیدا پەشێو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەردۆغان وەکو دکیتاتۆرەکانی دیکەی مێژوو، جگە لە کەلاوە و خوێن چاوی بە شتی دیکە هەڵنایەت، باس لەوەش دەکات کە هیچ کاتێک تا ئێستا پاشەڵی دونیای دیموکراسی و مافی مرۆڤ و شارستانی ڕووت نەبووە، هەروەها باس لەوەش دەکات کە ئەردۆغان بۆ دوژمنایەتیکردنی کورد لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە، دەشڵێت: "قێزەونترین مامەڵەی ئەردۆغان گۆڕینەوەی سوننە بوو بە عەفرین. هەموو شار و گوندە سوننە هاودین و هاومەزهەبەکانی خۆی ڕادەستی شام و مۆسکۆ کرد بەرامبەر بە عەفرین، هەموویان لە ئیدلب مۆڵ دا، دواتریش بە سەودا و مامەڵەیەکی تازە بەرامبەر بە دوورخستنەوەی بەچکەشێرانی ڕۆژئاوا، ئیدلبیشی خستە بەر هێرشی ڕۆژانەی مۆسکۆ و شام".

'شەڕی پاکتاوی ڕەگەزییە'

پەشێو لەبارەی شەڕی تایبەتی تورک و شەڕی دەروونیی ئەردۆغانەوە دەڵێت: "ئەردۆغان هەموو تورکیای بە مزگەوتەکانیشەوە، لە شەڕی دژی گەلی کوردستان ئاڵاندووە، ئەم شەڕە شەڕی دوو ئایدۆلۆژی یان شەڕی دوو بەرژەوەندی ئابووری نییە، شەڕی پاکتاوی ڕەگەزییە، پێویستە گەلی کوردستان بەتێکڕا بەشداری ئەم شەڕە سایکۆلۆجییە ببێت کە هاتوەتە ناو ماڵەکەی و بە شەڕێکی دژوارتر بەرپەرچی بداتەوە."

سەبارەت بە تواناکانی گەلی کوردەوە پەشێو دەڵێت: "گەلی کوردستان هێندەش بێ هێز نییە وەک دێتە بەرچاو، ڕاستە ئێستا دەوڵەتی نییە، بەڵام ئەگەر ستراتیجێکی نەتەوەیی و سەنتەرێکی پاک و خوێندەواری بڕیاربەدەستی هەبێت، دەتوانێت کار بکاتە سەر سیاسەتی لانی کەم چوار وڵاتی ناوچەیەکی گرنگی جیهان کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لەو ڕێگەیشەوە کاربکاتە سەر سیاسەتی جیهان. گەلی کوردستان گەورەتر و بەهێزترە لەوەی بتوانرێت هەرس بکرێت و هەڵتاوێنرێت."

'زمانی کوردی سەرسوڕهێنەرترە لە باخچە هەڵواسراوەکانی بابل'

سەبارەت بە مێژووی گەلی کوردستانیش وتی: "گەلی کوردستان وەک گەل، نەک دەڤەر و ناوچە تیرە و هۆز و بەرەباب، دوو هەزار و پێنجسەد ساڵ پترە لەسەر خاکی خۆی، سەردەست و فەرمانڕەوا نییە، کەچی لەناو نەچووە. سەدان گەل و هەزاران زمان لەناو چوون، کورد هەر مایەوە، زمانە شیرینەکەشی، دوای دوو هەزار و پێنجسەد ساڵی لەدەستدانی دەسەڵات هەر زیندووە، ئەگەرچی نە زمانی دینێکی سەردەست و نە زمانی سوڵتان و نە زمانی دەوڵەتێک بووە بەخێوی بکات و بیڕسکێنێت و لێی خەرج بکات، زمانی کوردی یەکێکە لە پەرجۆییەکانی سروشت".

سەبارەت بە خزمەتنەکردنی زمانی کوردی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە پەشێو دەڵێت: "زمانی کوردی سەرسوڕهێنەرترە لە باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، ئەوەتا بەرەبابەکانی دەسەڵاتی باشوور سی ساڵە کەوتونەتە گیانی ئەو پەرجۆیە، سەدان کەناڵ و ڕادیۆ و گۆڤار و ڕۆژنامە و بەرنامەی سەقەتی بەناو پەروەردەیان تێیبەرداوە، کەچی زمانی کوردی ئەو دیاردە بێ هاوتایەی سروشت، بەردەوام هەر خۆی برینەکانی خۆی ساڕێژ دەکات، لەسەر پێیە و خۆی نادات بە دەستەوە."

'لێرە دەمانبڕنەوە، لەولا سەرهەڵدەدەینەوە'

پەشێو لەبارەی نەژاد و هەرمان و مانەوەی گەلی کورد ئاماژە بەوە دەکات: "ئێمە هەرمان و نەمریی خۆمان لە سروشتی کوردستان وەردەگرین، لێرە دەمانبڕنەوە، لەولا سەرهەڵدەدەینەوە، لەولا سەرمان دەگرن، لێرە بەگوڕتر هەڵدەقوڵێین وەک کانی، وزەیەکی ئەبەدی لە مرۆڤی کورددا هەیە، لە سروشتی کوردستاندا هەیە، هیچ هێزێک نایتوێنێتەوە."

'لە کاتی شەڕ دا ڕەخنە بەباش نازانم'

سەبارەت بە ڕەخنە و تێبینییەکانی لەسەر ڕۆژئاوا پەشێو بەم شێوەیە دێتە زمان: "ئەوانەی دەریاندەبڕم تێبینین جارێ، چونکە لە کاتی شەڕ ڕەخنە بە باش نازانم. پارتە کاریگەرەکانی باکور دیسان ئەوەیان کرد کە لە شەڕی عەفرین کردیان، من لە کاتی شەڕ ڕەخە ناگرم، پێموایە لە کاتێکدا بە هەموو جۆرە چەکێکی ناتۆ لە ڕۆژئاوای جەستەمان دەدرێت، نابێت خەریکی دەودەوانێ و ڕەخنە و ڕەخنەکاری بین، دەبێت وەکو هەموو گەلانی دونیا، وەکو جولەکە وەکو ئەرمەنییەکان و ئەوانی دیکە، لە کاتی وەهادا بەهەموو هێزێکمانەوە، هەرکەسە و بە گوێرەی توانای خۆی بچێتە سەنگەری بەرگریکردن لە دەمار بە دەمار و پارچە بە پارچەی گیان و جەستەی خۆی. ئێستا دەکرێت هەندێک هزر و بیر هەبن بەگۆ بێن، باشترە لەوەی خەفە بکرێن یان پەردەپۆش بکرێن، بەتایبەتیش کە ڕەخنەکان نیازێکی باشیان لەپشتەوە بێت، پراوپڕ بن لە خۆشەویستی نیشتیمان و نەتەوە."

'نابێت تەنیا ولاتی خۆمان بدەینە بەر ئاگر و ئاسن'

پەشێو ڕەخنە لە حزبە بەهێزەکانی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: "نابێت حزبێک کە توانایەکی بێسنووری مرۆیی و مادی و میدیایی هەبێت، خاکی خۆی و سروشتی پیرۆزی وڵاتی خۆی بداتە بەر ئاگر و ئاسن. کورد تا ئەو جێگایەی دەتوانێت نابێت تەنیا لە وڵاتی خۆی شەڕی داگیرکەران بکات. شار و گوندی خۆی بە وێرانکردن و خوێنی گەلی خۆی بەڕشتن بدات. ئەویش دەبێت، تا ئەو جێگایەی دەتوانێت وەکو هەموو دونیا شەڕ لە وڵاتی خۆی دوور بخاتەوە و لە ماڵی داگیرکەر، بە قوربانییەکی زۆر کەمتر، توانایەکی زۆر بچوکتر، دەستی خۆی لەدوژمن بوەشێنێت، بیشڵەژێنێت، دەماری ئابووری ببڕێت. داگیرکەر سەدان فڕۆکەی پێشکەوتووی جەنگیی، هەزاران  تانک و زرێپۆش، سەدان جەندرمە و چەتەی بەکرێگیراو، قوڵاییەکی ئابووری و مرۆیی بێسنووری هەیە، دەتوانێت ئەمانە هەمووی لە شەڕێکی ڕووبەڕووی بەرەییدا بەکار بهێنێت، بەڵام ناتوانێت بەرامبەر ١٠ بۆ ١٥ فیداکاری نێوماڵی خۆی ئەمانە بەکار بهێنێت، کە دوژمنی هۆڤ و دڕندە و هار، ماڵی لە شووشە بێت، هەرچی تەکنەلۆژیای گرانبەها هەیە، بە S400یشەوە بەرامبەر چەند بەردهاوێژێک دەستەوەستان دەبێت و لاڵ و پاڵ دەکەوێت. گومانم لە ئارامیی وڵاتی داگیرکەر هەیە، کوردستانێک کە ئەو هەموو کچ و کوڕە خۆڕاگرەی تێدابێت، کە نمونەیان لە سەرتاسەری دنیا و مێژوودا نییە، چوار بەردهاوێژی تێدا نییە دەست لە ماڵە شوشەکەی داگیرکەر بوەشێنێت! تۆ ناتوانێت لەگەڵ ئەخلاقسزێک لەشەڕدا بیت، دەستنوێژت هەڵگرتبێت و بەرماڵیشت لەسەر شان بێت".

'ئەردۆغان گوێ لە چین و ئەمریکا و ئەوروپا ناگرێت، گەلۆ گوێ لە تۆیەکی بندەستی خۆی دەگرێت؟'

پەشێو لە تۆمارە دەنگییەکەیدا، رەخنە لە دەسەڵاتی سیاسی باشوور دەگرێت. لەبارە هەڵوێستی حزبە باڵادەستەکانی باشوور دەڵێت: "دەسەڵاتی بەرەبابەکانی باشوور باسی ڕاگرتنی شەڕ و دیالۆگ دەکەن، گفتوگۆی کێ لەگەڵ کێ؟ وڵاتێک بە هەموو هێزێکییەوە خەڵکێکی سڤیلی داوەتە بەر زەبری تانک و تۆپ و فڕۆکە، دەیان هەزار جەندرمە و چەتەی لە شار و گوندی تۆ بەرداوە، لە خوشک و باوک و برا و بابی تۆ بەرداوە، ئەوەی هەیە شەڕ نییە، شەڕپێفرۆشتنی لایەکی هارو ملهوڕە بە تۆ و کەسوکاری تۆ، قسەی بەرەبابەکانی دەسەڵاتی باشوور، لە قسەی بێلایەنێکی وا دەچێت کە نەیەوێت گومرگی قسەکانی بدات، تەنانەت هەندێکیان خۆیان بە نێوەندگیر نیشان دەدەن، ئاخر ئەردۆغان گوێ لە ئامۆژگاری چین و ئەمریکا و ئەوروپا ناگرێت، گەلۆ گوێ لە تۆیەکی بندەستی خۆی دەگرێت!؟ ماڵوێران."

'دەبوایە کونسولی تورکان بە فیکوهۆڕ لە کوردستان وەدەربنرێت'

سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵکی کوردستان بەرامبەربە داگیرکەر و دەستوپێوەندەکای، پەشێو ئاماژە بەوە دەکات: "لە هەموو کونوقوژبنێکی کوردستان دەبوایە خۆپیشاندانی سەدان هەزاری بکرێت، بەتایبەتی لەبەردەمی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسولخانەی زلهێزەکان. دەبوایە کونسولی تورکان هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە بە فیکوهۆر لە کوردستان وەدەربنرێت. بێگومان دەزانم چ بەسەر کوردستان هاتووە، چۆن کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆمالی قەلاچۆ کراوە، ئاگام لێیە، دەزانم چۆن هەتیوچەکانی ئەردۆغان ئەو کوردستانەیان کردوەتە گوفەکی بەرماوەی تورکیا. لەگەل ئەوەشدا هەتا بکرێت مان بگرن لە بەکارهێنانی خۆراک و کالای تورکی، نان تورکی بوو مەیخۆن، ئاو تورکی بوو مەیخۆنەوە، پێڵاو تورکی بوو لەپێی مەکەن، جلوبەرگ تورکی بوو لەبەری مەکەن، بۆ گەشتوگوزار سەفەری تورکیا مەکەن. ئەو کەناڵانە تفباران بکەن کە گەلی کوردستان بە درامای تورکی دەتورکێنن، ژیانی جڤاکیمان وێران دەکەن. ئەو قوتابخانانە دابخەن کە منداڵی کورد دەتورکێنن، شەڕ و قوونەشەڕ یەکە، خۆتان لەکەس بە کەمتر مەزانن، کەی تورکێک لە قوتابخانەیەکی کوردی منداڵی خۆی خستەبەر خوێندن، ئێوەش ئەوە بکەن."

'چۆن زمان و خوێنمان یەکە، بەو جۆرەش چارەنووسمان یەکە'

وەکو پێشنیارێک بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان، پەشێوە ڕوو دەکاتە خەڵکی باشووری کوردستان و دەڵێت: "فشار بێننە سەر بەرەبابەکان، با ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی پەیوەستە بە نەوت، ئاشکرا بکەن کە لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان و ماڵباتی ئەردۆغان ئیمزایان کردووە، چی پارە لە بانکی تورکیا هەیە دەبێت بکێشرێتەوە، ئەردۆغان بە پارە و نەوتی کوردستان بووە بەم سوڵتانەی ئەمڕۆ، پێویستە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆمان نیشانی ئەردۆغان و هەموو دونیا بدەین. ئێمە نەتەوەیەکی گەورەین، هەزاران ساڵ پێش هاتنی ئەژدادی ئەردۆغان لە مەنگۆلیا و چین و ماچینەوە، ئێمە خاوەنی ئەم خاکە بووین، لەوە گەورەترین گەدەی بۆگەنی ئەردۆغان هەڵمانتاوێنێت، بە دونیای نیشان بدەین، بەهای خوێنی کورد کەمتر نییە لە هی هیچ نەتەوەیەکی دیکە، پیرۆزی خاکەکەی کەمتر نییە لە هیچ خاکێک، ئێمە زێدمان هەرکوێیەک بێت، سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکوک، خانەقین، شنگال، مەخمور، مهاباد، قامیشلو، کۆبانێ، دیاربەکر، نابێت ڕێگا بدەین وەتاکمان بخەن، یەک بەیەک قڕمان بکەن، ئێمە چۆن زمان و خوێنمان یەکە، هەر بەو جۆرەش چارەنووسمان یەکە، ئەگەر تا ئەمڕۆ مێژوومان پڕ لە تێکشکان بووە، هەر لە سۆنگەی پەرتبوونمان بووە نەک بێهێزیی، دابڕ دابڕیان کردووین و تاک تاک خوێنیان لەبەر داچۆراندووین، ئێمەیان کردووە بە هەولێری و سلێمانی، دهۆکی و زاخۆیی، مهابادی و سنەیی، ئێمەیان کردووە بە زەنگەنە و بارزان و فەیلی و تاڵەبانی و گەردی و سورچی و جاف و هەرکی و چی و چی.. ئێمەیان کردووە بە سۆرانی و کرمانجی و هەورمی و زازاکی، پرسە سەرەکییەکەیان لەبیر بردووینەتەوە، هەزار جار دامانبماڵن لە کورد بوون، هەر کوردین و کوردستانیشین."

'بردنەوەمان مسۆگەرە'

لە کۆتایی قسەکانیدا عەبدولا پەشێو لەبارەی بەرخۆدانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکەوتن و بردنەوە مسۆگەرە: "ئەنجامی ئەو شەڕە هەرچی بێت، لە مەودای دووردا بردنەوەمان مسۆگەرە، هەموو دونیا دەبینێت کورد لە ماڵی خۆیەتی و پەلاماری کەسی نەداوە، تورکیای ئەردۆغانیش نامووسی چووە، بووە بە گاڵتەجاڕی هەموو دونیا، کچوکوڕانی ڕۆژئاوا لەو چەند ساڵەدا، چ لە شەڕ و دیسپلینی سەربازیدا، چ لە بەڕێوەبردندا توانیان جوانترین سیمای گەلی کوردستان نیشانی گەلانی دونیا بدەن و سەرمان بڵند بکەن، با هەموومان ئەگەر کرا بە کردەوە، ئەگەرنا بە زمان و دڵ لەگەڵ هاوخوێنانی خۆمان بین، بێگومان ڕەخنە و تێبینیم گەلێک زۆرن، بەڵام لە کاتی شەڕدا هەر ئەوەندە دەڵێم، ڕۆژئاوا لە دڵمدایە، بە ڕۆح و بەگیان لەگەڵیانم، هیوادارم ئێوەش لەگەڵیان بن و لەگەڵیان بمێننەوە".