هاوسەرۆکایەتیی پارتی ژیانی ئازاد-ی کوردستان- پەژاک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سیاسەتی سەرکوت و فشار و سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە سیاسەتێک بۆ دەربازکردنی قەیرانەکانی ئەو حکومەتە ناوزەد کرد.
پژاک ئاماژەی بەوەدا، کە سێدارە و فشار و سەرکوت لەگەڵ بنەماکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی و ئەو قەیرانانەی وا تێیدایە لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدان، حکومەتی ئێران بەو سیاسەتانە لە هەوڵداندایە بۆ لەناوبردنی جەستەیی هەموو ئەوانەی وەک حکومەتی ئێران بیرناکەنەوە.
لە بەردەوامیدا پژاک تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش، کە چیدی ئەو سیاسەتانە کاریگەرییان نەماوە، هۆشیاری و ناڕەزاییە گشتییەکانی گەلانی ئێران سەلماندوویەتی کە سیاسەتی تۆقاندنی خەڵک چیدی کاریگەرییان نەماوە، ئەوەی لەم دۆخەدا دەتوانێت کاریگەری هەبێت و دۆخەکە بگوازێتەوە بۆ دۆخێکی شیاو، نەک سیاسەتی لەناوبردن و نکۆڵیکردن، بەڵکو گۆڕانکاریی بنەڕەتیی دیموکراتییە.
لە کۆتاییشدا پژاک ڕایگەیاندوە: پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای پشتگیریکردن لە بنەماڵەی زەحمەتکێشی ڕامین حوسەین پەناهی، سزای سێدارەی ناوبراو بە ڕێکارێکی سیستمانە بۆ دژایەتیکردنی گەلی کورد لە قەڵەم دەدات و بانگەوازیی هەموو ئازادیخوازان دەکات بە بێ وەستان پشتگیریی ڕامین حسێن پەناهی و زیندانییە سیاسییەکانی دیکە بکەن.