ئەنجوومەنى پارتى ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەى ٨هەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانى زیندانیانى سیاسی لە ٩ى ئایاری ٢٠١٠ / ١٩ی گوڵانی ١٣٨٩ى هەتاوی، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. تیایدا راگەیەندراوە، کۆمارى ئیسلامیى ئێران دەرکەوتەی روخساری راستەقینەی سیستمى گەشەپێدراوی دیکتاتۆریەتی مێژوویی ئێرانە بەرامبەر بە گەلان.
پەژاک لە راگەیاندراوەکەیدا نووسیویەتى، مێژوو تەنها وەسفی کەسایەتی و پاڵەوانەکان نییە، بەڵکو رووی دەرەوە و ئاشکرابووی هەموو هەوڵەکان، گیانبازییەکان، خۆڕاگریییە بە کۆمەڵ و تاکەکەسییەکانی کۆمەڵگە مرۆییەکانە. بۆیە کاتێک باس لە مێژوو دەکەین، لە راستیدا لە ئاستى کۆمەڵایەتی – سیاسیدا لاپەڕەیەکى نوێ لە مێژووی بەرخۆدان و مێژوی دیکتاتۆری و دادۆشین و ملهوڕی هەڵدەدەینەوە. بۆیە دەبێت لەو چوارچێوەدا مێژووى ئێران و حکومەتەکانی شیکاربکرێن. سیستمى سیاسی و حوکمڕانی لە ئێران (خوسرەوانی) هەموو شێوازەکانى کاری سیاسەتى بۆ بێ ئیرادەکردنی و چۆکدادان بە هاووڵاتیان و گەلانی ئێران گرتووەتەبەر.
پەژاک راشیگەیاندووە، زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان سێگۆشەی پرۆژەیەکی سزادانە بۆ وەکیەک لێکردن، کە حکومەتەکانى ئێران پشتیان پێبەستووە. کۆماری ئیسلامیى ئێران دەرکەوتەى راستەقینە و گەشەکردووی ئەو سیستمە دیکتاتۆرییە مێژووییەی حکومەتەکانى ئێرانە بەرامبەر بە گەلانی ئێران.
لە بەشێکى ترى راگەیاندراوەکەى پەژاکدا هاتووە، لە دواى ١٩٧٩ (١٣٥٧) لە ئێراندا شەپۆلێک لە سوکایەتی پێکردن، ئەشکەنجە، تیرۆر و لەسێدەردان دەستیپێکردووە، کە لە هیچ قۆناغێکى مێژوویى ئێراندا بەو شێوەبە بەفراوانە نەبینراوە و رووى نەداوە. سیاسەت و پرۆژەی سزادان و هاندان بە دەستگیرکردن و لەسێدارەدانى شۆڕشگێڕان لە ساڵی ١٩٧٩ تاوەکو ٩٠دەکانی سەدەی رابردوو درێژەى هەبوو و ئەوەش پشتبەستبوو بە دوو بنەمای لەسێدارەدان و تۆبەپێکردن.
لە راگەیاندراوەکەى پەژاکدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو سیستمەدا خۆڕاگریى کەسی شۆڕشگێڕ بەرامبەر بوو بە لەسێدارەدان و خیانەتکردنیشى هاوتەریب بوو بە هاوکاریکردن و تۆبەکردن بۆ ئەو رژێمە. پرۆژەکانى لەسێدارەدان و تۆبەپێکردن کاریگەرییەکى زۆری لەسەر فەزای سیاسی و هەڵسوڕوان و شۆڕشگێڕانى ئەو سەردەمە دروستکردبوو. مەکینەى تۆبەپێکردنی وەزارەتى ئیتڵاعات هەموو هەوڵێکى خۆى بۆ سڕینەوە و بێکاریگەرکردنى تەواوی رەوتەکان و شۆڕشگێڕەکان خستبووەگەڕ. دەرکەوتەى ئەو پرۆسەیەش، دادگایکردن، دانپیادانانەکان و پەشیماننامە بەربڵاوەکان بوو لە ئێحسان تەبەرییەوە بۆ ئەبتەحی.
لە درێژەى راگەیاندراوەکەى پەژاک ئەوەش هاتووە، بەڵام تاکە حاڵەت کە مەکینەى تۆبەپێکردن و لەسێدارەدانی وەزارەتى ئیتڵاعاتی تووشى قەیران و شکست کرد، لە دواى دەستگیرکردنى شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان روویدا، چونکە بە خۆڕاگرییە بێ هاوتاکەیان توانییان تاوەکو دوا هەناسەیان خۆڕاگری بکەن. لە بەرامبەر مەکینەى ئەشکەنجە و زیندان و لەسێدارەدان و تێکنەشکان و خۆیان نەدا بە دەست مەکینەى تۆبەپێکەری دەسەڵاتەوە.
پەژاک ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەوە دەبێتە ترۆپکی مێژووی گەلانى ئێران، چونکە حاڵەتێکە، کە لاوازی و قرپبوونی سیستمە دیکتاتۆرییەکەى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانى بۆ هەموان خستەڕوو. خۆڕاگری و فیداکاریی ئەو شەهیدانە، دەرکەوتەى خۆڕاگریى مێژوویى مەزدەکەکان، مانییەکان، خوسرەو گولەسورخییەکان و تەیمور بان یارانی - یەکانە، کە لە هەناوی گەلانی زەحمەتکێش و چەوساوەوە سەریان بەرزکردبوویەوە.
لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى پەژاکدا نووسراوە، لە هەشتەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانى مامۆستاى ڕێنیشاندەر، فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانى، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامییاندا، هاوکات لەگەڵ بەبیرهێناوەیان و ڕێزگرتن لە یاد و فیداکارییەکانیان، هەموو شەهیدانى رێگاى ئازادی و کەرامەتی مرۆیی بەبیردەهێنینەوە و ڕێزیان لێدەگرین و پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە.
ر.م