پەیامی ٨ی ئازار لە شاری وان:"ژنان کۆتایی بە گۆشەگیری دەهێنین"

لە ئاهەنگی پیرۆزبایی ٨ی ئازار لە شاری وان بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو ژنانی کورد کرا کە لە دژی گۆشەگیری تێبکۆشین و کۆتایی پێ بهێنن.

لە شاری وانی باکوری کوردستانیش وەکو شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە بۆنەی ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنانی تێکۆشەر بە دروشمی "بە خۆرێکخستنەوە خۆڕاگری دەکەین، بەرە ئازادی دەڕۆین" لە هۆڵی کلتور ئاهەنگی پیرۆزبایی بەڕیوە چوو.

لە ئاهەنگەکەدا ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، موعەزەز ئۆرهان ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری وان، گوڵجیهان شمشەک چالاکی رێکخراوی تەژەئا و ئەندامانی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و بە هەزاران هاوڵاتی بەشدار بوون.

ژنان کە بە جلوبەرگی رەسەنی کوردییەوە بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا کرد، دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان بەرز کردەوە.

'دەبێت ژنان یەکڕیزی خۆیان بونیاد بنێن'

سەرەتا گوڵجیهان شمشەک چالاکی ریکخراوی تەژەکە قسەی کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی هۆکاری هێرشکردنە سەر ژنان، ترسەکەیانە لە تێکۆشانیان بۆ ئازادی و وتی، یەکێتی ژنان بە واتای یەکێتی و یەکڕیزی چوار پارچەی کوردستان دێت و بانگەوازی ئاڕاستەی ژنان کرد کە یەکێتی و یەکڕیزی خۆیان بونیاد بنێن و بە یەکەوە تێبکۆشن.

'رێبازەکانی ئاکەپە و داعش یەکە'

ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپەش قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە، نەک تەنها ٨ی ئازار بەڵکو هەموو رۆژێک بۆ ژنان، رۆژی خۆڕاگرییە.

باشاران تیشکی خستە سەر سەرکەوتنی ژنان لە شەنگال و رۆژئاوا و رایگەیاند، لە رۆژئاوای کوردستان و شەنگال چەتەکانی داعش لە لایەن هێزی ژنانەوە تێک شکێندران.

باشاران هاوکات فشار و زۆرداری رژێمی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی ژنانی بە بیر هێنایەوە و جەختی کردەوە کە رێبازەکانی ئاکەپە-مەهەپە لەگەڵ داعشدا یەکێکن.

باشاران لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:"ئێمە لە دژی ئەمە تێدەکۆشین. ئێمە لە دژی گۆشەگیری تێدەکۆشین. بەڕێز ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ وە لە ژێر گۆشەگیری توندکراو دایە. ئێمەی ژنان کە ٥ هەزار ساڵە لە ژێر گۆشەگیریداین، باش دەزانین کە گۆشەگیری بە چی واتایەک دێت. چی دەکەن با بیکەن، ئیمە دەنگمان بەرز دەکەینەوە. هاوسەرۆکایەتی هێڵی سوورمانە و بە هیچ شێوەیەک وازی لێناهێنین. هەم سیاسەت و هەم کۆمەڵگا لە لایەن ژنانەوە ئازاد دەکرێن و بە دیمۆکراتیک دەکرێن."

ز.ش