"چالاکییەکانمان تاوەکو کۆتایهاتن بە گۆشەگیری بەردەوامیى دەبێت"

ئەندامانى هەدەپە و کەجەدە بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتن لە خواردنى لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری زیندانیکراوی هەدەپە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

ئەندامانى هەدەپە و کەجەدە بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتن لە خواردنى لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری زیندانیکراوی هەدەپە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد. مانگرتوان رایانگەیاند، تاوەکو کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێت.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە لە دانیشتنى رۆژی ٧ی تشرینى دووەمی ٢٠٠١٨ی دادگایکردنەکەیدا لە ٩ هەمین لقی دادگای سزا قورسەکانى ئامەد لە رێگەى تەلەفزیۆنى داخراوی ئینتەرنێتییەوە رایگەیاند، تاوەکو کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی دەست دەکات بە مانگرتن لە خواردن.

لە ١١هەمین رۆژی مانگرتنەکەى لەیلا گیوڤەن دا لە شارەکانى رحا، وان، جۆلەمیرگ، ئەدەنە و ئامەدیش دەستکرا بە مانگرتن لە خواردن و ئەو چالاکییە بۆ ماوەى ٢ رۆژ بەردەوام دەبێت.

لەگەڵ پەرلەمانتارانى هەدەپە، بەڕێوەبەرانى شار و ناوچەکان، نوێنەرانى کەجەدە دەستیان بە مانگرتن کردووە و رایانگەیاند، چالاکییەکەیان بەشێوەى ئێشکگری و دەوری بەردەوام دەبێت.

 

دێرسیم داغ پەرلەمانتاری هەدەپەى ئامەد، بەشداربوویەکى مانگرتنەکەى ئامەدە و وتى، بۆ ئەوەى خاوەنداری لە چالاکییەکەى گیوڤەن بکەن دەستیان بە مانگرتن کردووە.

"ئەگەری ئەوە هەیە شێوازى چالاکییەکە بگۆڕدرێت"

داغ راشیگەیاند "داواکەى لەیلا گیوڤەن بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیری داواى ژنان و گەنجان و گەلی کوردیشە، چونکە گۆشەگیرکردنى بەڕێز ئۆجالان گۆشەگیرکردنى تاکە کەسێک نییە، بەڵکو گۆشەگیرکردنى گەلێکە".

داغ  ئەوەشی وت "تاوەکو کۆتایى بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان و گەلی کورد نەیت، ئەم هەرێمە ئارامیى تیایدا دەستەبەر نابێت و بە بەردەوامی سیاسەتى شەڕ درێژەى پێدەدرێت. بۆ ئازادی و ئارامی لەم خاکەدا، پێویستە گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایى پێبهێنرێت. داواکەى لەیلا گیوڤەن داواى ئێمەشە، چونکە ئەو مافدارە و ئێمە بۆ ئەو داوایە دەستمان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. تاوەکو گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایى پێنەیەت چالاکییەکەمان بەردەوام دەبێت. ئەگەری ئەوە هەیە شێوازى چالاکییەکەمان بگۆڕین، بەڵام بە چالاکیى تر و شێوازى تر بەردەوام دەبین لەسەر ئەو داوایە و چالاکییەکەمان".

"گۆشەگیرکردن قبوڵ ناکرێت"

فیلیز بولتەکین هاوسەرۆکى هەدەپە لە ئامەد رایگەیاند "گۆشەگیرکردن لە هیچ یەک لە یاسا و مافە نێودەوڵەتییەکاندا بوونی نییە. لە رێگەى ئەم چالاکییەوە دەمانەوێت سەرنج رابکێشینە سەر گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان. هەم گوشار لەسەر بەڕێز ئۆجالان و هەم لەسەر گەلی کورد هەیە و ئەوەش دەرەنجامى ئەو گۆشەگیرییەیە. هەڤاڵمان لەیلا گیوڤەن زیاتر لە ١٠ رۆژە لە مانگرتن لە خواردنی بێسنووردایە. ئێمەش لە ٥ شاردا دەستمان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و بۆ ماوەی ٢ رۆژ بەردەوام دەبێت. بۆ ئەوەى چالاکییەکە بەردەوام بێت ئێمە لەگەڵ یەکتر کۆدەبینەوە و بابەتەکە تاوتوێ دەکەین. ئێمە هەرگیز لە رێگاکەى خۆمان هەڵناگەڕێینەوە و هەرگیزیش گۆشەگیری قبوڵ ناکەین".

"چالاکی بۆ ئێمە ئەرکە"

وەهاب گیونەی هاوسەرۆکى هەدەپە لە ناوچەى یەنی شەهیری ئامەد سەرنجی خستەسەر مافداربوونى چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن و وتى "بۆ ئەوەى گۆشەگیری لاببرێت و گوشار لەسەر گەلی کورد کۆتایى پێ بێت دەستمان بەم چالاکییە کردووە. چالاکییەکەمان بەردەوام دەبێت. لەگەڵ دەستەى هەماهەنگیى گشتیى ناوەندیماندا چالاکییەکە بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامى پێدەدەین. ئێمە ئەو چالاکییانە بۆ خۆمان بە ئەرک دەزانین و هەوڵ دەدەین بە باشترین شێوە ئەرکەکەمان جێبەجێ بکەین".

"سیاسەتى شەڕی چەپەڵ لە کوردستاندا"

دیادین نۆیان یەکێک لە نوێنەرانی کەجەدە ئاماژەى بەوەکرد، تورکیا گۆڕاوە بۆ زیندانێکى گەورەى کراوە و وتى "بە چاوی تاوانبار سەیری کەسە ئەکادیمییەکان، رەنجدەران، دانیشتوانى گوندەکان و سیاسەتمەداران دەکەن. گوشاری لەو جۆرە چەندین ساڵە لە دژی سیاسەتمەدارانى کورد بەڕێوەدەبەن. ئەوەتا شەڕە چەپەڵەکەیان چەندین ساڵە کوردستان بەردەوامە. چالاکییەکەمان لە دژی هەموو ئەو پێشێلکارییانەیە. لەمدواییانەشدا لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە لە جۆلەمێرگ دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد. ئێمە هەمیشە و هەموو کات پشتیوانیى لێدەکەین".

ر.م