چاودێرانی سیاسی: په‌ده‌كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كاتی به‌هێزبوونیدا لە ڕێككه‌وتن پەشیمان دەبێتەوە

چاودێرانی سیاسیی كه‌ركووك پێیان وایه‌ کێشەی باشووری کوردستان ئەوەیە په‌ده‌كه‌ و یه‌نه‌كه‌ تا ئێستا به‌ تێڕوانینی حیزبییه‌وه‌ سه‌یری پرسەکان ده‌كه‌ن.

هێمن حەسیب چاودێری سیاسی له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، لە دونیای سیاسیدا شتێکی ئاساییه‌ کە دوو لایەن ڕێككه‌وتنی سیاسی بکەن. بەڵام بەداخەوە لە باشووری کوردستان پایەکانی سیاسه‌ت و دیموکراتی بە شێوەیەکی دروست جێگیر نه‌كراون.

گوتیشی، «هیوادارین ئەو ڕێككه‌وتنه‌ی لە نێوان پارتیی دیموکراتیی کوردستان (په‌ده‌كه‌) و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کراوە لە بەرژەوەندیی کورد بێت نەک تەنها بۆ پەراوێزکردن و دوورخستنەوەی لایەنێک یان دوورخستنەوەی حیزبێکی دیاریکراو. گومان هەیە کە ئەم رێکكەوتنەی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و بزۆتنەوەی گۆڕان بۆ پەراوێزخستنی لایەنێکی دیكه‌یه‌. ئەمەش لێکەوتەی سیاسیی خراپی دەبێت.»

ناوبراو گوتیشی: «پێکهێنانی حکوومەت لە لایەن په‌ده‌كه‌ یان یه‌نه‌كه‌ بەبێ یەکتر لێکەوتەی خراپی دەبێت. چونکە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەسەر دوو ناوچەی جوگرافیی سیاسیدا دابەش بووە. ئەمەش وای کردووە کە هەر لایەنێک بەبێ لایەنەکەی دیکە حکوومەت پێکبهێنێت. دۆخی نێو ماڵی کوردی لێکترازانی زیاتر بە خۆیەوە ده‌بینێت. ئێستا پەراوێزخستنی یه‌نه‌كه‌ هەڵەیە.»

هێمن حەسیب ده‌رباره‌ی باس كردن له‌ ئه‌گه‌ری دوو ئیداره‌یی گوتی، «بەداخەوە ئێستا ده‌بینین باسی دوو ئیدارەیی و گەڕانەوە بۆ ٢٠ ساڵ لەمەو پێش ده‌كرێت.  ئەمە یەکێکە لەو لێکەوتە خراپانەی ئەم رێکكەوتنه‌. نابێ پارتیی دیموکراتیی کوردستان بەتەنها حکوومەت پێکبێنێت، پێویستە هەردوولا گوێ لە یەکتری بگرن. ئەگەر ئەم دوو لایەنە سیاسییە بەرژەوەندیی خه‌ڵكیان بوێت، ده‌توانن سازش بۆ یەکتری بكه‌ن. بەلام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم دوو لایەنە تا ئێستا لە تێروانینی حیزبییه‌وه‌ ته‌ماشای پرسەکان ده‌كه‌ن. هەرکاتێک به‌ تێروانینی حیزبی تەمەشای پرسەکان دەکەن، هەردوولا خۆی بە ڕاست و حەق دەبینێت.

هاوكات چاودێرێكی دیكه‌ی سیاسیی له‌ كه‌ركووك پێی وایه‌، یه‌كێك لە  دیارترین سیاسەتەکانی په‌ده‌كه‌ ئەوەیە کە ڕكابه‌ر بۆ ڕكابه‌ره‌كانی بدۆزێتەوە. بورهان حاجی سلێمان له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) گوتی: «لە باشووری کوردستان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕكابه‌ری سەرەکیی په‌ده‌كه‌یه‌. بۆیە په‌ده‌كه‌ هەوڵ ده‌دات فشارێک بخاتە سەر یەنه‌كه‌ بە دروست کردنی ئه‌لته‌رناتیڤێك تا وابکات یه‌نه‌كه‌ بە هەندێک مەرجەکانی په‌ده‌كه‌ قایل بێت.» ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ پێی وانییه‌ ئەو رێکەوتنەی بزووتنەوەی گۆڕان و په‌ده‌كه‌ بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. چونکە په‌ده‌كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كاتی به‌هێزبوونیدا پاشگەز و پەشیمان دەبێتەوە لە ڕێككه‌وتنه‌كانی.

«په‌ده‌كه‌ لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی پەیەدە هەوڵی داوە چەند حیزبێكی کارتۆنی سه‌ربه‌خۆی زەق بکاتەوە و بیانسه‌پێنێت، هێزی پێشمەرگەی رۆژی دروست کردووە و هه‌وڵ ده‌دات بیگەرێنێتەوە رۆژئاوا. لە باکووری کوردستانیش هەمان شتی کردووە. هەوڵی زۆری داوە بۆ پارچەکردنی حزبە دێرینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هه‌وڵی داوه‌ ده‌ست لە هەرچوار پارچەی کوردستان وه‌ربدات.»

بورهان حاجی سلێمان گوتیشی: «ئه‌و ناوچەیەی په‌ده‌كه‌ هەوڵ دەدات ئه‌لته‌رناتیڤ تیایدا بۆ یه‌نه‌كه‌ بدۆزێتەوە، بە ناوچەی دەسەڵاتی یه‌نه‌كه‌ ناسراوە لە باشووری کوردستان. چەند فاکتەرێک هەیە کە گاریگەری هەیە وەکوو سەنگی هەڵبژاردن و پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و ئیداری کە ئەو ناوچە فره‌وانە بە دەست یه‌نه‌كه‌وه‌یه‌. بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێت ببێتە ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ یه‌نه‌كه‌. لە هەمان کاتدا په‌ده‌كه‌ رێگە نادات بزووتنەوەی گۆڕان ئه‌وه‌نده‌ گەورە و بەهێز بێت ببێتە ڕكابه‌رێكی سەرەکیی خۆی. هەرکاتێك بزووتنەوەی گۆڕان بە خواستی په‌ده‌كه‌ نەجوڵایه‌وه‌، جارێکی دیکە په‌ده‌كه‌ ده‌توانێت بەرپرسەکان و په‌رله‌مانتاران و وەزیرانی بزووتنەوەی گۆڕان سنوورداش بکاتەوە بۆ سنوری دێگەڵە.»

«بە ئەمری ئەو واقیعەی ئێستا لە باشووری کوردستان هەیە لە ڕووی نەخشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییه‌وه‌؛ په‌ده‌كه‌ لە دەرەوەی سنووری دێگەڵە ناتوانێت حوکمی ئەمدیوی دێگەڵە بکات. هه‌روه‌ها بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستا و داهاتووشدا ئەو هێزە نییە بتوانێت ببێتە ئەو جێگرەوەیە کە بتوانێت ئەو ناوچانە بەڕێوەبەرێت و ببێتە هاوتای په‌ده‌كه‌. ته‌نانه‌ت په‌ده‌كه‌ش ئەمە قبووڵ ناکات.»

لە کۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ دەربارەی سیاسەتی پارتیی دیموکراتیی کوردستان (په‌ده‌كه‌) لە باشووری کوردستان گوتی، «سیاسەتی په‌ده‌كه‌ لە باشوور ئەوەیە کە هەموو هێزەکان لاواز بکات تا خۆی دەست بەسەر هەموو سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا بگرێت و تەنها سیەسەتی خۆی هەبێت لە باشووری کوردستان.»

دیمه‌ن

s.m