چوار دزی تورك لە سەیدسادق دەستگیرکران

لە سەیدسادق چوار کەسی تورک لەکاتی دزییکردن لە دووکانی ئاڵتونفرۆشیی دەستگیرکران، کە بەنیازبوون لە تورکیا ئاڵتونەکان ساغ بکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، کە دوای ئەوەی زانیارییان پێگەشتووە، چوار کەس لە وڵاتی توركیاوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بەنیازبوون لە شارۆچکەی سەید سادق چەند دوكانێكی ئاڵتون فرۆشی ببڕن، بە فەرمانی دادوەر و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای چاودێرییەكی ورد توانروە لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەسار - بەشی پۆلیسی سەید سادق لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكە هەر چوار تۆمەتبار دەستگیربكرێن.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، "لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتباراندا دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێك و چەند ئامێرێكی كونكردنی دیوار و چەندین پارچە پۆشاك و پێڵاودا، كە تۆمەتباران ویستویانە بۆ سەرلێشێواندنی تیمەكانی پۆلیس لەكاتی هەڵگرتنەوەی بەڵگەدا بەكاری بهێنن".

هەروەها، تۆمەتباران ویستویانە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی توركیا و لەوێ‌ ئاڵتونەكان ساغ بكەنەوە .

لەئێستادا تۆمەتباران بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

ف.ق