لە ڕاپۆرتى ناوخۆیى گەریلاکاندا باس لە شەهیدبوونى سەردەم پیر دەکرێت لە لێلیکان. گەریلاێک دەڵێت "ئەو بووەتە قارەمانێکی ئەفسانەیی". ئەگەر ناوى قارەمانەکان لە قارەمانێکەوە بۆقارەمانێکى تر بگۆڕێت، بەڵام هێشتا چیرۆکى قارەمانێتییەکە بەردەوامە.
دوای ئامادەکاریی بەرفراوان، ئەو ساتە، کە هەموو گەریلا چاوەڕوانی بوون دەستیپێکرد. گەریلاکان هێرش دەکەنە سەر گردی لێلیکان (شەهید زیلان)، کە سوپای تورکیا لە ٥ی نیسان / ١٦ی خاکەلێوە لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە لەوێ جێگیر بوون.
گەریلا بۆ ئەنجامدانی چالاکی کۆبوونەوەى دەکرد. بە هۆی پێداگریمانەوە، ڕێگە درا ئێمەش (رۆژنامەنووس) بەشداری ئەو کۆبونەوە ببین و کۆبونەوەکە چاودێری بکەین. فەرماندەیەکی گەریلا بەناوی بایەر کۆبونەوەکەی بەڕێوەدەبرد. باسی لە گرنگیی قۆناغەکە دەکرد. ئاماژەی بە هێرشی سوپای تورکیای داگیرکەر کرد بۆ سەر باشووری کوردستان و دەستنیشانیکرد، کە بەو چالاکییە بەرخۆدانی گەریلا دەربازی قۆناغێکی نوێ دەبێت. ئاشکراشی کرد، چالاکییەکە چەخماخەى "هەڵمەتى شۆڕشگێڕیی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆز"ە، کە لە دژى داگیرکاریی سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان دەست پێدەکات.
هەموو گەریلاکان بە هەستیارییەوە گوێ بیستی وتەکانی فەرماندەکەیانن. دوای کۆبونەوەکە و پلانداڕشتن، هەر کەسێک خۆی ئامادە دەکات تاوەکو لەو شوینەى بۆی دیاریکراوە جێگیر بێت.
کۆدی چالاکییەکە: ئاگری-یە
چەند ڕۆژ دوای چالاکیی ٢٧ی نیسان/ ٧ی گوڵان لە ئامێری پێوەندیی گەریلاکانەوە ئاگادار دەبمەوە، کە جمووجوڵ دەستی پێکردووە. ئەو وشەیە (کۆدە)، کە ڕێگە بۆ دەستێپێکردن خۆش دەکات دەبیسترێت: "بۆ هەموو ئەو گەریلایانەی کە دەنگی من دەبیستن: ئاگری.. بۆ هەموو هەموو ئەو گەریلایانەی کە دەنگی من دەبیستن.. ئاگری. دواتر لە خواکورک و برادۆست دەنگی تەقینەوە دەبیسترێت.
ناوی فەرماندە ئاگری-یان وەک کۆدی چالاکی دەستنیشان کردووە. ماوەی نیو کاتژمێر بۆ ٤٠ خولەک بێوچان دەنگی هاوەن، کاتیوشا، دۆشکە، بی کەی سی، ئارپی جی ٧، نارنجۆک، کلاشینکۆف دەبیسترێت. دواتر دەنگی تەقە کەم دەبێتەوە. ئەوکاتەی کە دەنگ نامێنێت، ئێمە تێدەگەین چالاکییەکە کۆتایی پێهاتووە. جارجار دەنگی هەلیکۆپتەر، فڕۆکەی سیخوڕی و جەنگی دێت. فڕۆکە جەنگییەکان گردی لێلیکان و دەوروبەری چەمی لۆلان بۆردمان دەکەن. هەلیکۆپتەرەکانیش کوژراو و بریندارەکانی خۆیان دەگوازنەوە، کۆپتەرێک هەڵدەستێت و دەڕوات و کۆپتەرێکى تر بە دوایدا دەنیشێتەوە.
وادیارە کوژراو و برینداری زۆریان هەیە. گەریلاکانی تەنیشت ئێمە دەڵێن، ئاسایی نییە لە ڕۆژێکدا ئەوەندە هەلیکۆپتەر هەستابێت و نیشتبێتەوە. ئێمە بە هەستیارییەوە چاوەڕوانی ئەنجامی چالاکییەکە دەکەین. دواتر لە ڕێگەی ئامێرە بێ تەلەکانەوە ئامارەکان ڕاگەیەندراون و وترا، لە ٦ قۆڵەوە بە چەکی قوورس گورزی قورسیان لێدراوە. لە دوو قۆڵەوە گەریلا خۆی گەیاندووەتە سەر گردەکە، لە ئەنجامدا سەنگەری ڕادار، سەنگەری تۆپ هاوێژەکان، سەنگەری چەکی ئەی ٤ (A4 ) و سەنگەری کامێرای چاودێری بە تەواوی تێکدراون. بە پێی پشتڕاستکردنەوەى گەریلا ٣٤ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.
لە ڕاپۆرتی گەریلادا دەوترێت، کە لە لێلیکان سەردەم پیر-یش شەهید بووە. کاتێک کە ناوەی سەردەم دەبیستم هەموو یادەوەرییەکان دێنەوە پێش چاوم. ئەو زانیارییانە کاریگەری لە سەر گەریلاکانی لای منیش دەکات. یەکێک لە گەریلاکان دەڵێت "ئەو بە قارەمانێتی شەڕی کرد وشەهید بوو. ئەو بووە قارەمانی ئەفسانەیی".
سەردەم بە گژ دوژمندا دەچوویەوە
ڕۆژێک دوای چالاکیی گەریلا میرخان-م بینی. سەری بەستراوە و چاوی بە سوکی بریندار بووە. لەسەر ئەنجامی چالاکییەکە پرسیارم لێکرد. بەتایبەت تامەزرۆ بووم لەسەر چۆنیەتیى شەهادەتی سەردەم زانیاریی وردم دەستبکەوێت.
کاتێک ناوی سەردەم دێتە سەر زمان، سەرەتا بڕێک ڕادەوەستێت و سەیری ئاوی چەمەکە دەکات و دواتر سەر بەرزدەکاتەوە و هێدى هێدەى دەست بە قسە دەکات و دەڵێت "کاتێک چالاکییەکە دەستی پێکرد من و سەردەم و ئارین لە گەڵ یەک بووین. تەم و مژ زۆر بوو، ئارین بە چەکی جۆرى بی ٧ی سەنگەر شکێن سەنگەرەکانی دەکردە ئامانج. ئێمەش بە نارنجۆک و کلاشینکۆف هێرشی سەربازانی سوپای تورکیامان دەکرد، کە لە سەنگەرەکانیان رایاندەکرد. دوای ئەوەی پارچەیەک (تەڵزمێک) بەر چاوم کەوت، سەردەم بە تەنیا مایەوە. هەموو نارنجۆکەکانی بەسەر سەنگەرەکاندا هەڵدادا و پاشان هەڵمەتى دەبرد و دەچووە ناو سەنگەرەکان. دوای ماوەیەک لە سەنگەرەکانى پشتى گردەکەوە، سوپاى تورکیا سەربازی پشتیوانى نارد بۆ سەر گردەکە و لەبەر ئەوەى تەم و مژ بوو بە باشى نەدەبینران و بە دزیشەوە دەهاتن. بەهۆى تەم و مژەکەوە هەڤاڵانى قەناس بە دەست نەیاندەتوانى لێیان بدەن. سەربازەکان سوودیان لەو تەم و مژە وەرگرت و شپرزەیى و تێکشاندنەکەیان بەلاوەنا و دەستیان بە وەڵامدانەوە کرد. ژمارەیەکى زۆر تەرمى سەرباز لە ناوەڕاستى گۆڕەپانى شەڕەکەدا کەوتبوون. هەروەها لەو سەنگەرانەى کە تێکشکێندرابوون ژمارەیەکى زۆر سەرباز کوژران و برینداربوون.
لەو کاتەدا ئیتر پێویست بوو بکشێینەوە، بەڵام هەڤاڵ سەردەم پێداگریی دەکرد، کە هەموو سەنگەرەکانیان تێکبشکێنێت. ئەو تیمەی گەریلا بەردەوامبوون لەسەر هێرشکردنە سەر سەنگەرەکان و تێکشکاندنیان، لەو کاتەدا لە سەنگەرێکى شاراوە و داپۆشراودا، کە ئێمە پێمان نەزانیبوو، دەستڕێژى گولـلە لە هەڤاڵ سەردەم کرا و بە چاوى خۆم بینیم باڵاى گەنج و جوانى، کە ترسی خستبووە دڵی سەربازانى سەرگردەکەوە، بە زەویدا کەوت".
میرخان لە ناکاو بێدەنگ بوو. هەستم بەوە دەکرد و دەمبینى زۆر قورسە بۆى باسى ئەو رووداوە بکات، بەڵام من پێم وت، "زۆر باشە دەتوانی دواتر قسەم بۆ بکەی". وتی، زۆر باشە، بەڵام تەنها شتێکم لێت دەوێت. ئەویش ئەوەیە، کە دەبێت تۆ لەسەر ئەم قارەمانێتییە بنووسیت. منیش وتم، زۆرباشە.
چالاکییەکەی لێلیکان کاریگەریی گەورەی دروستکردووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، سوپاى تورکیا فەرماندەى سەربازەکانى ئەو گردەى لەسەر کارەکەى لابردووە. هەروەها ئەوەش بۆ سوپای تورکیا، کە بەنیازە باشووری کوردستان داگیر بکات و بۆ ئەردۆغانی فاشیستیش بوو بە وانە و پەندێکى گەورە.