ڕاگه‌یه‌نراوی كه‌جه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورك بۆ سه‌ر خواكورك

هاوسه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، گه‌لی كورد به‌ ڕاپه‌ڕینی شیلادزێ داگیركاری ڕه‌ت كرده‌وه‌. پیشانی دا كه‌ كاتێك هێرش بكرێته‌ سه‌ر هه‌ر شوێنی كوردستان ده‌بێ گه‌ل له‌ دژی ڕاپه‌ڕێت.

هاوسه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) ده‌رباره‌ی هێرشه‌ داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر هه‌رێمی خواكورك، ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌راوه‌كه‌دا هاتووه‌:

سوپای توركی داگیركه‌ر له‌ ده‌ڤه‌ری خواكورك ده‌ستی به‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی نوێی داگیركاری كردووه‌. ئه‌م هێرشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پاكتاوكاری ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ درێژه‌پێدانه‌ به‌ هێرشه‌ داگیركه‌رییه‌كانی سه‌ر هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان. ئه‌م جموجۆڵه‌ی داگیركاریی ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی ئاكه‌په‌ - مه‌هه‌په‌ جارێكی دیكه‌ ده‌ریخست كه‌ نه‌ك ته‌نیا دوژمنی باكووری كوردستانه‌، به‌ڵكوو دوژمنی هه‌موو كوردستانه‌. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی سه‌ركه‌وتكار و مێتینگه‌ر دژبه‌ كوردان. ئه‌م هێرشه‌ ته‌نیا له‌ دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد نییه‌، به‌ڵكوو له‌ هه‌مان كاتدا هێرشه‌ له‌ دژی باشووری كوردستان و عێراق.

ئه‌م هێرشه‌ له‌سه‌ر سه‌وداكارییه‌ چه‌په‌ڵه‌كان و خافڵبوون له‌ مێژوو ئه‌نجام دراوه‌. هێرشی سه‌ره‌تا هاوكات بوو له‌گه‌ڵ چوونی سه‌رۆك وه‌زیری عێراق بۆ توركیا. له‌ هه‌مان ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌ردانی توركیای كرد و كۆبوونه‌وه‌یان كرد، هێرش ئه‌نجام درا. هه‌روه‌ها هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هێرشانه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی باشووری كوردستان هه‌ڵبژێردرا. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دیداری ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ریده‌خات كه‌ هێرشه‌كه‌ فره‌لایه‌نه‌. نه‌بوونی هه‌ڵوێست له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م هێرشانه‌ نیشانه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌یه‌. پیشاندانی هه‌بوونی گه‌ریلاكان وه‌ك داگیركاری له‌لایه‌ن په‌ده‌كه‌-ه‌وه‌، هێرشه‌كه‌ ڕه‌وا ده‌كات و هانی جموجۆڵی داگیركاری ده‌دات. خۆی له‌ خۆیدا میوانداریكردنی سوپای تورك له‌ هه‌رێمی خواكورك، ده‌ریخست كه‌ په‌ده‌كه‌ به‌شداره‌ له‌ هێرشه‌كه‌ و هاوكاری هێزه‌كانی داگیركه‌ر ده‌كات. په‌ده‌كه‌ به‌ خافڵبوون له‌ مێژوو بووه‌ته‌ هاوكاری هێرشه‌كه‌.

به‌تایبه‌تی پاش هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په‌ له‌ دوای ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و قه‌یرانی كه‌ركووك و دواتر، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ زیاتر بێده‌نگی هه‌یه‌. بێده‌نگبوونی حكوومه‌تی باشووری كوردستان له‌ دژی ئه‌و هێرشه‌ داگیركارییانه‌، ڕێ له‌ به‌رده‌م داگیركاری ده‌كاته‌وه‌. ئێستا له‌ باشووری كوردستان ده‌یان باره‌گه‌ی سوپای تورك و ده‌یان بنكه‌ی میت هه‌ن. له‌ هیچ هه‌رێمێكی داگیركراودا له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو هێز و یه‌كینه‌ی هه‌واڵگرییه‌ نییه‌. ئێستا میت له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی باشووری كوردستان كار ده‌كات. له‌ دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كوردستان ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌م هێرشه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ هێزه‌كانی گه‌ریلا له‌ هه‌رێمه‌كه‌ هه‌ن. بێده‌نگیی په‌ده‌كه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕاستییه‌كان بشاردرێنه‌وه‌.

پێویسته‌ له‌ دژی هێرشه‌كان بوه‌ستنه‌وه‌

له‌ به‌رانبه‌ر بێده‌نگیی ده‌وڵه‌تی عێراق، حكوومه‌تی باشووری كوردستان و حیزبه‌ سیاسییه‌كان ئه‌رك ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی گه‌لی باشووری كوردستان، گه‌نجان، ژنان، هێزه‌ دیموكراتییه‌كان، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندان كه‌ بوون به‌ ویژدانی كۆمه‌ڵگه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هێرشی داگیركارییه‌ نه‌بێته‌ هێرشی داگیركردنی هه‌موو باشووری كوردستان، پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ دژی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك، شوێنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان و بنكه‌كانی میت بكه‌ونه‌ جموجۆڵ. گه‌لی كورد به‌ ڕاپه‌ڕینی شیلادزێ ئه‌م داگیركه‌رییه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌. ده‌ریخست كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكی كوردستان هێرشێك هه‌بێت، پێویسته‌ گه‌لی كورد له‌ به‌رانبه‌ریدا هه‌ستێته‌ سه‌رپێ. گه‌لی شیلادزێ هێڵی دروستی وه‌ڵاتپارێزی پیشانی هه‌ر كه‌س داوه‌. ئێمه‌ بانگی هه‌موو گه‌لی باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی گه‌نجان و ژنان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دژی هێرشه‌كان بوه‌ستنه‌وه‌ و به‌ ڕۆحی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌موو شوێنێكی باشووری كوردستان هێرشه‌كان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها بانگی هه‌موو گه‌له‌كه‌مان و دۆستانمان له‌ ناوخۆی وه‌ڵات و هه‌نده‌ران ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دژی داگیركاری ده‌نگی خۆیان هه‌ڵبڕن.

ئێمه‌ بانگی ده‌وڵه‌تی عێراق، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حیزبه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دژی داگیركاری هه‌ڵوێستی خۆیان پیشان بده‌ن. تێكۆشانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد له‌ دژی هیچ گه‌ل و وه‌ڵاتێك نییه‌. بزووتنه‌وه‌كه‌مان ته‌نیا له‌پێناو ئازادیی گه‌لی كورد و دیموكراتیبوونی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین تێده‌كۆشێت، بەڵام تەنیا دەوڵەتی تورک له‌ كه‌سایه‌تیی هاوپه‌یمانه‌تیی فاشیستی ئاكه‌په‌ - مه‌هه‌په‌دا له‌ دژی ئه‌مه‌یه‌. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ئێمه‌ بانگی هه‌موو ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمه‌كه‌، هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ڕای دیموكراتیی جیهان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دژی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك هه‌ڵوێستی خۆیان پیشان بده‌ن.

سڵاو له‌ گه‌ریلا خۆڕاگره‌كان ده‌كه‌ین

ئێمه‌ سڵاو ئاراسته‌ی گه‌ریلا قاره‌مانه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دژی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك به‌رخۆدان ده‌كه‌ن. به‌دڵ و گیان پیرۆزبایی به‌رخۆدانه‌ بێ وێنه‌كه‌یان ده‌كه‌ین. ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ كه‌ گه‌ریلاكانی ئازادی كه‌ خاوه‌نی بیر و باوه‌ڕێكی به‌هێزن وه‌ڵامی داگیركه‌ران ده‌ده‌نه‌وه‌.

s.m